$ئایا ئیسلام داعشە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
وەڵامێک بۆ نووسینێکی کاک #حەمە سەعید حەسەن#
کێ قسە دەکات گرنگ نییە چی دەوترێت گرنگە. شوناسی دینی و سیاسەتی دینیی ئایەتی موحکەمی قورئان نین لادان لێیان و ڕەخنەکردنیان کافرت بکەن، بە پێچەوانەوە زیندوویەتی فیکری سیاسیی دینیی و بەتایبەتیش ئیسلام لە دینامیکییەتەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت.
ڕەچاوکردنی میتۆدی دیاردەناسیی فینۆمینۆلۆژیی بۆ دیاردەکان زانستییترین میتۆدێکە مرۆڤ بتوانێت کۆی دیاردەیەکی بە هەموو وردەکاریی و پێودانگەکانیەوە پێ بخوێنێتەوە. نەکردەییە ڕووداوێک لە مێژوویەکی دیاریکراودا بقرتێنیت و دواتر بیهێنیت کۆی سیستمێکی خاوەن مێژوویەکی چواردە سەدەیی پێ بخوێنیتەوە، نەک هەر پێی بخوێنیتەوە بەڵکوو بە شێوەیەک سیستمەکە لەبەرژەوەندی دیاردەکە بجەڕێنیت بکاتە ئەوەی بڵێیت ئەم سیستمە جگە لەمە شتێکی دیکە نییە، هەموو دیاردەکە ڕادەستی ڕوداوێکی مێژوویی ئەو دیاردەیە بکەیت. کاک حەمەسەعید حەسەن دێت مەفهومی ئەوە لە نووسینەکەیدا تەوزیف دەکات کە ئیسلام داعشە نەوەک بڵێت داعشەکان موسوڵمانن.
هۆکاری ئەم جۆرە لە نووسین دووە و سێیەمی نییە، یان ئەوەیە کەسی نووسەر بێخەبەرە لە میتۆدی دیاردەناسیی فینۆمینۆلۆژیا یا ئەوەیە ڕقەکەی زاڵە بەسەر مامەڵە زانستییە بێلایەنەکەیدا. ئەوەی یەکەمیان دەشێت مرۆڤ وەک پاساو وەربگرێت، بەڵام ڕق و دەغدەغەی ئایدیۆلۆژی و سیاسیی لە هیچ ناوەندێکی زانستی ئەم دونیایە کەس بە فلسێک نایکڕێت.
بە دیدگای کاک حەمەسەعید حەسەن ئیسلام داعشە، نەوەک مەنزومەی داعش هەڵقوڵاوی هەندێ لێکدانەوەو تەفسیر بن بۆ ئیسلام. ئەم جەڕاندنە بەقەولی نالی شتێکی نامومکین و زۆرە لە کەمدا. واتە کاک حەمەسەعید حەسەن دێت کۆی سیستمێکی چواردە سەدەیی بەو هەموو دیاردە ڕۆحانیی و شوناسییەیەوە ڕادەست بە جووڵانەوەیەکی چەند مانگیی موخابەراتیی/سیاسیی/قیتالیی دەکات کە لە جوگرافیایەکی سنوورداردا سەرهەڵدەدەن. فەرەزی مەحاڵ گەر داعش دەستی هیچ مەنزومەیەکی موخابەراتیی و هەرێمایەتیشی لە پشت نەبێت و سەرچاوەی پەیدابوونیان تەنیا ئایەتەکانی قورئان بێت، ئەوا دیسان ناکاتە ئەوەی ئێمە کۆی مەنزومەکەی ئیسلام بەم دیاردە کاتیی و تێپەڕە بخوێنینەوە و بڵێین ئیسلام داعشە.
گەر بەم میتۆدەی کاک حەمەسەعید هەڵسەنگاندن بکەین بۆ دیاردە مێژووییەکان ئەوا شتێکی دووهەزار ساڵەی وەک دیموکراسییش هەڵگری فاشییەت و نازییەتە لە هەناویدا، ڕێگە بەکەسانی فاشیست و ڕاسیست و فاشیی دەدات بەتەواوی هێزیانەوە بێنە مەیدان و قەدەری گەلێکی پێ بگۆڕن. مێژوو نیشانی داوە هیتلەر بە ڕێگای دیموکراسیی و بە سوودوەرگتنلە میوەکانی دیموکراسیی سواری دەسەڵات بوو. گەر بەم میتۆدەی کاک حەمەسەعید قسە بکەین دەبێت بڵێین کەواتە با واز لەدیموکراسیی بهێنین دیموکراسیی واتە نازیزم! ئایا ئەمڕۆ ئەڵتەرناتیڤێکی باشتر لە دیموکراسیی هەیە بۆ حوکم؟
سۆسیالیزم هەڵگری محتەوای کۆمیونیزمە لەهەناویدا، ئەم ڕێگەدانە بە کومیونیزم ڕاستەوخۆ لەهەناوی سۆسیالیزمەوە هەڵدەقوڵێت و مێژووش دەڵێت لەسەر دەستی ستالین مرۆڤایەتی ڕەشترین ڕۆژەکانی خۆی ژمارد، ئایا دەشێت ئێمە بڵێین مادەم سۆسیالیزم کۆمیونیزمی بەرهەمهێنا کەواتە سیستمێکی باش نییە بۆ چەسپاندنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی؟
سێکیولاریزم هەڵگری محەتەوای لائیسێتەیە، لائیکیەتیش جگە لە خۆی و ئایدۆلۆژیاکەی هیچ مەنزومەیەکی دیەکەی قەبوڵ نییە لە ژیانی دەستەجەمعی کۆمەڵگادا. دەشێت بڵێین مادەم لائیکیەت و سیکۆلاریزم دەوڵەتێکی وەک تورکیای خستۆتەوە ئیدی بێکەڵکە؟
ئێمە وەک کورد هەرلەبەر ئەم هۆکارەیە لەدەرەوەی مێژوو ژیان دەکەین، بۆ ئەوەی بچینە نێو مێژوو دەبێت فێری خوێندنەوەی فینۆمینۆلۆژیانەی دیاردە و ڕووداوەکانی مێژووی خۆمان ببین، بێلایەنانە ڕەخنەیان بکەین، بە هەواو هەوەسی کەسیی نەیانجەڕێنین، ڕق و حەز بکەینە دەرەوەی مامەڵە مێژوویی و زانستییەکانمان، بەداخەوە ئەم نووسینەی جەنابیان ڕوانینێکی دیاردە ناسیی نییە بۆ ئیسلام. خوێنەر کە دەیخوێنێتەوە هەست بە پێشداوەریی و هەوا و هەوەس و دەغدەغەیەکی ئایدۆلۆژی لایەندار دەکات.
خوێندنەوەی ڕوداوی مێژوویی وەک ئیسلام و ئیسلامناسیی شیعری میللی و تەنز و شیعرەمۆبایل نین دەبێت بە وریایی و بێلایەنانە لێیان بدوێین. [1]