$بێماڵی$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
بۆ جاری دووەم تەماشای فیلمی جۆکەرم کردەوە. بەوردی چرکەبەچرکە لەگەڵی ڕۆیشتم. ئەوەی لەو فیلەمادا بۆم دەرکەوت ئەوەبوو گەورەترین قەیرانێک لە ئێستادا مرۆڤایەتیی گرتۆتەوە و لە کەسایەتی ئارثەر فلیکدا خۆی نمیاش دەکات قەیرانی بێ ماڵییە.
بێماڵیی ئەو کیمیا بەهێزەیە توانای ئەوەی هەیە لە خۆشەویستیی، دڕندەترین بوونەوەری وەک فلیک ئارثەر درووست بکات. بێماڵیی زۆ جیاوازە لە بێ خانوویی، دەشێ خانووەکانمان لە گرانبەهاترین گردەکانی شار بن، دیوارەکانیان حەلان و مەڕمەڕ و بەردی ئیسپانیی بن، هەموو پێداویستییەکی ژیانێکی شاهانیان تێدابێت لە چاکوزیی و ساونا و حەمامی تورکی بەڵام هێشتا هەر بێماڵ بین. دەردی بێماڵیی بەشێوەیەک کوشندەیە تەنانەت لەگەڕانیشمان دەخات بەشوێن خۆماندا، ئەو دەمەی کە ناتوانین خۆمان بدۆزینەوە بەناچاری دەبێت ماسک بپۆشین و ببینە جۆکەر.
لەم فیلمەدا بێماڵیی واتە بێ شوناسیی، بێ شوناسییش ڕۆژگاری وردوخاشبوونی ئایدۆلۆژیا و وابەستەیی ئینسان بە دەوروبەرەوە نیشان دەدات. لە ڕوکەشدا فیلمەکە لە فیلمێکی خەیاڵی و سووریالیی دەچێت بەڵام زۆر لەو واقیعەی تێیدا دەژیین واقیعیترە. واقیعییەتی فیلمەکە کارێک دەکات بینەر واتێبگات خەیاڵییە. بێماڵیی و تەنیاییەکانی ئارثەر ئەوەندە قووڵن دەیەوێت پەیوەندی بەستنی لەگەڵ ژنێکی ڕەشپێستدا کە لەخەویدا دیوێتی، بکاتە ڕاستیی. ئارثەر لە ڕێگەی بێماڵییەوە دەیەوێت چیرۆکی بچڕانی پەیوەندیی نێوان ئێمە لەگەڵ ئەوای تردا بگێڕێتەوە. دەیەوێت بڵێت ئێمە کۆمەڵێک مرۆڤی بێ ماڵ و تەنیا و لێکبچڕاوین تەنیا ئەوەندە هەیە پێکەوە دەژیین، دەنا هیچ پەیوەندییەکمان پێکەوە نییە. بچڕانێک کە مەحاڵە جارێکی دیکە پێکەوە گرێ بدرێتەوە. بێماڵیی وایکردوو ئەمڕۆ لەناو قەرەباڵخیدابین و قوڵترین هەستی تەنیاییمان هەبێت، مەگەر بەردەوام مانەوەمان لەسەر شاشەی مۆبایلەکان وسکرۆڵ کردنی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیی بە پەنجە گەورەمان چیرۆکی ئەو تەنیاییە قوڵەی ئارثەر نین کە ئێمەشی تێکەوتووین؟ بەشوێن شتێک دەگەڕێین خۆشمان نازانین چییە، بە قەولی ئانتۆنی دو سەینت ئێگزۆپێری نووسەری چیرۆکی شازادە بچکۆلە گەورەکان هەرگیز نازانن لەچی دەگەڕێن و بەدوای چیدا وێڵن، ئەوە تەنیا منداڵەکانن بەباشی دەزانن چییان دەوێت و دەبێت چی بدۆزنەوە.
کەس کاتێک بێماڵ بوو، ناسنامە و شوناس بۆی گرنگیەکەی جارانی نامێنێت، کە شوناسیش نەما وابەستەیی نامێنت، ئیدی پرسیارەکانی من چیم و من کێم نەک هەر گرنگ نین، خۆبەخۆ لە خەیاڵدانی تاکە بێماڵەکەدا کاڵ دەبنەوە، تا ئەوەی ناکرێن و ناشمێنن. دواجار هیچ ناسنامەیەک ناتوانێت بیبەستێتەوە بەخۆیەوە. شوناسی دینی، ناسنامەی نەتەوەیی ئایدۆلۆژیای سیاسیی دیاریکراو، حیزبایەتی، تەنانەت ناسنامەی جێندەریی و ڕەگەزیش ڕۆڵی ماڵەکەی جاران ناگێڕن بۆ گەڕانەوە بۆیان. دەڵێت موسوڵمانم بەڵام نازانێت بۆ، پێودانگەکانی چین، ئەرکەکانی لە کوێدان؟ مافەکانی چین؟ ئیسلام بۆ ئەم چ گۆڕانکارییەکی ژیاری درووستدەکات؟ ناتوانێت وەک جاران بڵێت مارکسییم، ئایدۆلۆژیا سیاسیی و فیکرییەکان تێکدەشکێن! تەنانەت گەڕانەوە بۆ ناسنامە ڕەگەزییەکەشی گرنگییەکەی جارانی نامێنێت بۆی. کوڕە پێی خۆشە وەک کچ بپۆشێت، بڕۆ هەڵگرێت، خۆی ئارایشت بکات، کچە ئارەزووی هەوا و هەوەسی کوڕانە دەکات. ئەم بێماڵیی و نەبوونی ناسنامەیە بۆمەنزومە سیاسییەکانیش هەر ڕاستە، ئەمان بەشێوەیەک لەخۆیان دادەبڕێن ئیدی وەک گۆیەکی نێو شیوێکی قوڵی بێ بنی لێژی بێ سەنتەر و بێ جەنبە ئەمبەرەوبەریانە، وێڵگەردن، نازنن ئەم شیوە بۆکوێیان دەداتە بەر، ڕۆژێک جوداییخوازن دەوڵەت درووستدەکەن، ڕۆژێ�