$لاساییکردنەوە$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
لە بیرکردنەوەی مندا ناشیرینترین شتێک کە مرۆڤێک بتوانێت بیکات ئەوەیە بەزۆر بیەوێت لاسایی شکڵ و شەمائیل و هەڵسوکەوت و جووڵەی کەسێکی دیکە بکاتەوە، بەتایبەت کاتێک کەسەکە خۆی لە بوونی خۆیدا خاوەی کەسایەتیی و دید و بوونێکی گەورەترە لە کەسی لاساییکەرەوە.
هەرگیز تەماشای ئەو کەسانەت کردووە کە دەیانەوێت وەک مام جەلال بە پەنجەکانیان هێمای ڕزگاربوونی پارچەیەکی کوردستان درووستبکەن بەوەی پەنجەی شایەتومان و دۆشاو مژە ناوەڕاست و پەنجەگەورەیان دەگرن و پەنجە توتەتەیان بەرەڵا دەکەن؟ چیت بۆ درووست دەبێت؟ پێت وایە هاوشێوەی تاڵەبانی لەمانیش دێت؟ یا لاساییکردنەوەیەکی ڕەکیک و بێجێیە؟
ئەم باسە زۆر گرنگ نییە بەڵام دەستکەلایەکی چاکە بۆ ئەوەی بەندە کایەیەکی نوێی پێ دەست بکەم کە مەبەستمە. تەماشای شتێک بکە لەنێو موسوڵمانان کە بەناوی سوننەت بڵاوە. لە دیدی هەر موسوڵمانێکدا هەر شتێک پێغەمبەر ئەنجامی دابێت لە خواردن بۆ شێوازی چوونە توالێت، لە هەڵسوکەوتی نێو مزگەوت بۆ بازاڕ و کۆڕ و کۆبوونەوەکان، لە جەنگ و غەزاکان بۆ مەراسیمی سوڵح و عەقد و نیکاح بە سوننەت دادەندرێت.
ئەوەندەی من فیقهی سیرەی پێغەمبەر د.خ شارەزا بم هەموو شتەکانی ژیانی ئەو حەزرەتە سوننەت نین، بەشێکی ژیانی ئەو مرۆڤە کامڵە ژیان و ڕۆتینی ڕۆژانەی دووبارەبووەوەی ژیانە تایبەتەکەی خۆین.
فەرەزی مەحاڵ گەر هەموو هەڵسوکەوتێکیشی سوننەت بن ئەوا ئەو کار و کردوانەی ئەو لە ناخی خودی خۆیەوە هەڵقوڵاون و لێی هاتووە. لە شێوازی ڕێگاکردن، قسەکردن و ئادابی نانخواردنی تا شەونوێژ و ڕازونیازەکانی لەگەڵ حەق تەعالا تەواوی خۆیی بوون و بەهیچ جۆرێک کۆپی کەسێکی دیکە نەبووە. هەر ئەم لەخۆبوونەشی نهێنیی جوانییەکەی بووە. سەرباری ئەوەش زۆری لەکەس نەکردووە وەک خۆی هەڵسوکەوت بکات، نانبخوات و جل بپۆشێت. ئەو کۆپییەکی ڕەسەن و چاکی خۆی بووە نەک کەسێکی دیکە. ڕێک وەک ئەو بیرە ئاوەی کە خۆبەخۆ دەگاتە ئاو و ئاوەکەی لەهەناوی خۆیەوە هەڵدەقوڵێت و دەیداتە دەرەوەی خۆی.
ئەمڕۆ لەنێو موسوڵماناندا و بەتایبەتی ئەهلی زاهیر و هەڵگرانی مەشرەبی وەهابیزم زۆرترینی دین و ئیمانیات بووە بە لاساییکردنەوەیەکی بێلەززەتی ڕوکەش و ڕووکاری ئەو حەزرەتە. هەموو دیبەیتەکە لەسەر ڕیش و پانتۆڵی کورت و شێوازی چونە توالێت کورت کراوەتەوە. لەکاتێکدا ڕازونیاز و شەونوێژ و خەڵوەتەکانی ئەو حەزرەتە لەگەڵ خودای خۆی نادیدە دەگیردرێت و کەس تەنانەت بە ئاماژەیەکیش باسی لێوە ناکات. گریمان ئەم قسەیەی ئەمان بەناوی سوننەت ڕاستەو دەبێت هەموو موسوڵمانان پانتۆڵی کورت لەپێ بکەن، ئادابی توالێت ڕیعایەت بکەن، بەدەستی ڕاست نانبخۆن، بە سێ قوم ئاو بخۆنەوە، ...هتد قەت بیرت لێکردووەتەوە چەندە ناشیرینە شتێک کە لەهەناوی خۆتەوە هەڵنەقوڵابێت و تۆ دێیت لاساییەکی کوێرانەی دەکەیتەوە لەکاتێکدا هیچ شتێک لەناخدا نییە پاڵت پێوە بنێ وا هەڵسوکەوت بکەیت؟ ڕێک وەک ئەو بیرە ئاوەی کە خۆی لەخۆدا هیچ ئاوێکی نییەو تۆ دێت لەدەرەوە دەتەوێت هەناوی پڕ لەئاو بکەیت بەڵام ئەو هەرگیز پڕنابێت و هەمووی دەدزێت چونکە لە ئەساسەوە هەناوی خۆی ئیشک و بێئاوە. زۆرترین باسەکانی ژیانی پێغەمبەر باسی ڕۆژەکانێتی کەس لەبارەی شەوەکانییەوە هیچ ناڵێت، لەکاتێکدا شەوەکانی بە نەسی قورئان لەڕۆژەکانی ڕووناکتر بوون، شەش حەوت جەنگ گشتێنراوە بەسەر هەموو ژیانی ئەودا، لەکاتێکدا مامەڵە کۆمەڵایەتییەکانی لەڕووی ژمارە و چۆنێتیشەوە لەو جەنگانەی تێیدا بەشدار بووە گەورەتر بووە.
بەجێهێنانی سوننەت واتە گەیشتنی ناوەکی خودی خۆت بەهەموو ئەو خاڵانەی کە حەزرەتی محەمەد لەناخی خۆیدا پێی گەیشتووە و دواتر جێکەوتی دەرەکیی لەسەر ژیانی ئەو داناوە و خەڵک لە ڕەفتار و ئاکاریدا دیویانە، نەوەک لاساییکردنەوەی تووتی ئاسا. مەولەوی تاوگۆزیی لە عەقیدەی مەرزییەدا پێی وایە مادەم ئەو توانیوێتی بچێتە میعراج ئەوا دەبێت هەموو ئیماندارێک میعراجێکی وەک ئەوەی ئەوی هەبێت. سوونەت لەمسەرەوە بۆی دەڕۆێیت و لەوسەرەوە خۆنەویستانە ئەنجامەکەی لە ئاکار و ئەخلاق و خواردن و پۆشین و هەڵسوکەوتدا دەردەکەوێت، نەوەک لەوسەرەوە بمانەوێ وەک لاساییکەرەوەەکی ناشیرین بەجێی بهێنین و لێشمان نەیەت.
لەژیانی ڕۆژانەدا دەستنووسێکی خراپی خۆمان بین باشترە لەوەی کۆپییەکی چاکی خەڵک بین. شەرت نییە هەموو ژیانمان بەگوێرەی دین و سوننەت بڕۆن بەڕێوە، بەڵام شەرتە هەڵسوکەوتی دەرەوەمان ئاوێنەی نێو ناخمان بێت و پارادۆکیس نەبن، زۆر شت هەن لەژیانی ڕۆژانەدا پەیوەندی بە دینەوە نییە، گەر بارێکی لەخۆی زیاترمان خستە سەر شانی دین، ئەوا لەسەر حسابی ئیمانەکە دەبێت و ئەو دینەی لێدەردەچێ وەک ئەوەی ئەمڕۆ خۆی لە بکەو مەکەی حەرام و حەڵاڵێکی فەرعییدا دەبینێتەوە و بێ ڕۆح و بێ عیشق وشک هەڵدەگەڕێت. [1]