$کاتێک واعیز لە مینبەرەکەی دووردەخرێتەوە!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
لە ژیاننامەی پێغەمبەر د.خ باسێک هەیە باس لەوە دەکات کە دەیانەوێت مزگەوتی مەدینە فراوان بکەن، ئەو مینبەرەی کە لە داری خورما بۆی درووستکراوە بەر فراوانکردنەکە دەکەوێت و مینبەرێکی بەرزتری لە شوێنێکی دیکە بۆ درووست دەکەن. کە ڕۆژی جومعە دادێت و پێغەمبەر د.خ دەچێتە سەر مینبەرە نوێیەکە دارخورماکانی ئەم مینبەرە کۆنەیە دەست بە گریان دەکەن هۆڕ هۆڕ بە شێوەیەک دەگرین هەموو گوێگران گوێیان لێیەتی، دەوترێت پێغەمبەر ناچار دێتەخوارەوە و دەست دێنێت بەسەریدا و ژیری دەکاتەوە.
بەهەرحاڵ ئەم باسە ڕاست بێت یان درووستکراو هیچ ناگۆڕێت لەوەی کەشتێک بەناوی مینبەر لە مەدینە درووستدەبێت، درووستبوونی مینبەر و وەعزدان لەسەری لە ڕۆژێکی وەک ڕۆژی هەینی کە بووە بە سیمبۆلی هەرەباڵای موسوڵمانان زیاتر دەلالەتێکی شوناسیی هەیە وەک لە ئیمانیی.
پێغەمبەر لە مەدینە بە دەستەکانی خۆی هەوڵیدەدا شوناسێکی تەواو جیاواز لەوەی یەهوودییەکان بۆ موسوڵمانان سەرڕێبخات. یەهوودییەت دینێکی خاوەن شوناسێکی تۆکمەیە. لەبەرانبەر ڕۆژی شەممەی ئەوانەوە ئەم هەینیی و لەبەرانبەر قودس و مزگەوتی ئەقساوە مەککە و مزگەوتی حەڕامی جێکەوتکرد، بەڵام پێشتریش لە مەککە هاوشێوەی عیسا دەیان یۆحەننا و لەعازیری ئیماندار و عابیدی وەک بیلال و عەممار و ئەبوزەڕی درووستکردبوو.
پێغەمبەر گەر لە مەککە زیاتر وەک مەسیح جوڵابێتەوە و لە ماڵەکانی ئەڕقەمی کوڕی ئەبی ئەڕقەمەوە بە نهێنی و نیمچە نهێنی باسی لە جیهانبینیی ئیماندار کردبێت، ئەوا لەمەدینە زیاتر موسایانە هەوڵی داوە شوناسی موسوڵمانان ورد بەدەستەکانی خۆی جێکەوت بکات. شتێکی بەدیهییە شوناس و جیهانبینیی، ئیسلام و ئیمان لە تەرمینۆلۆژیی دینیی و قورئانییشدا جیاوازییان ئاسمان و ڕێسمانە و هەندێک جاریش لە ڕواڵەتدا وەک دژ دەردەکەون.
ئەم باسە لە شیعری کلاسیکی شاعیرانی موسوڵماندا قسەو باسی زۆر لەسەر دەکرێت، دکتۆر محەمەد ئیقباڵی لاهوریی لە دیوانی ئەسراری بێخودییدا ئیقتیباسێک لەم مەسەلەی مینبەرەوەردەگرێت و دەڵێت داری هەر دارخومایەک گەر نەیەوێت ببێتە مینبەر ئاماژەیە بۆ مینبەرەکەی مەدینە دەبێتە تێڵا-لیس یا دەی با ببێتە تێڵا
نیست در خشک و تر بیشهٔ من کوتاهی
چوب هر نخل که منبر نشود دارکنم
ئەم ڕوانینەی ئیقباڵ بە ڕوکەش پێچەوانەی ئەو ڕوانینەی دیکەی خۆی دەردەکەوێت کە دژی مینبەر و منارە تەقلیدییەکانی ئەمڕۆی دونیای موسوڵمانانە. ئیقباڵ پێی وایە نە مینبەر و نە منارە و نە مزگەوتەکانی ئەمڕۆ ئەوانەی مەدینە نین، چونکە پێشمەرجی درووستبوونی مزگەوت و مینبەرێکی وەک ئەوەی مەدینە ئامادەسازییەکی هاوشێوەی ئەو ئامادەسازییەیە کە پێغەمبەر لە مەسائیلی ئیمانیی و جیهانبینییدا لە مەککە کردبووی. بەبێ ئەو ئامادەسازییە مینبەرەکان هەمان دارەکانن و مامەڵەی زیندوویان لێدرووستنابێت و دواجار کاریگەرییش بەجێناهێڵن. ئیقبال لە ڕەخنەکردنی مینبەر و مزگەوت و واعیز و منارەکانی ئەمڕۆی دونیای موسوڵماناندا دەڵێت: ئاوازی بانگدانتان هەموو کوچەو کۆڵانێکی گرتۆتەوە، بەڵام بۆ دەنگێک لە بیلال نابیستین، منارەکانتان لە هەموو گۆڕەپانێکەوە دیارن بەڵام مزگەوتەکانتان خاڵین لە ئیماندارە عابیدەکان
وجلجلة الأذان بکل حي
ولکن أين صوت من بلال
منائرکم علت في کل ساح
ومسجدکم من العباد خال
بەڕوونی دکتۆر ئیقبال ڕەخنەی ئەو میتۆدە دەکات کە ئەمڕۆ لە دونیای موسوڵماناندا لە وەعز و مزگەوتی تەقلیدیی و درووستکردنی تاکی هەڵەشەو عاتیفیی موسوڵمان نەک ئیماندار خۆی دەبینێتەوە. بانگ هەیە بەڵام بانگەکەی بیلال نییە، منارە و مزگەوت هەن بەڵام منارەو مزگەوتەکەی مەدینە نین.
ئەمڕۆ لە سۆشیال میدیا باس لەوە دەکرێت کە واعیزێکی موخەزرەمی زمان تیژی حەقبێژی لەبەرەی خەڵک لەلایەن ئەوقافەوە دوور دەخرێتەوە. بۆ ئەوەی هەستانەوەیەکی حەتمی ڕووبدات لە بیرو بۆچوون و جیهانبینییاندا موسوڵمانان ئیدی دەبێت لە تیۆری پلانگێڕی کەمێک بکشێنەوە. لەوە گەڕێ ئەم پلانەی ئەوقاف باشە یا خراپ حەقە یان ناحەقیی، ئەو مامۆستایە زۆڵمی لێدەکرێت یان نا، ئێمە دەبێت هەنگاوێک زیاتر بهاوین و لەو جەقبەستووییە دەرچین. پرسیارێکی جەوهەری لە خۆمان بکەین ئایا مینبەرەکان چییان درووستکردووە؟ خۆ بەوە نابێت خۆمان ئیدیعای چی دەکەین، ئەوەی لە واقیعدا هەیە چییە؟ ئایا میتۆدی واعیز و مینبەر لە کوردستاندا پەنجا ساڵە توانیوێتی تاکێکی ئیمانداری ملنەدەر بۆ جگە لە حەق و حەقیقەت درووستبکات؟ پێشمەرجی ئەم مینبەرانە کوان و چین و لەکوێن؟ ئامادەسازیی و سیازدە ساڵی مەککە لەکوێی ئەم مینبەرانەدان؟ گوێگرانی هاوشێوەی بیلال و ئەبوزەڕ کوان؟ گەر مینبەر ئەوەندە کاریگەرە وەک ئەوەی لەلایەن هەندێ نووسەر و میدیا و کاناڵی ئیسلامی سیاسییەوە ئیدیعا دەکرێت، بۆچی دۆخی خەڵک ئاوایە؟ لە خەڵک گەڕێ بۆچی دۆخی حیزبە ئیسلامییەکان بەم هەموو مینبەر و واعیزەوە لە کۆمەڵگایەکی بەنزیکەیی تەواو موسوڵماندا سەدی دە تێناپەڕێنێت؟ بۆچی مەکتەب سیاسیی و مەلا و واعیز و گەورەکانی خۆیان لەبەرانبەر مشتی ماڵ و سامانی کەمی بەقەولی خۆیان تاغوتەکاندا ملدەدەن و چۆک دادەدەن؟
من پێم وایە هەتا شێلگیرانە وەڵامی ئەم پرسیارانە نەدەینەوە، هەتا منارەکان نەبنەوە منارەی مزگەوتەکەی مەینە، بەقەولی دکتۆر ئیقبال هەتا ئاوازەکان نەبنەوە ئاوازی بیلال، دەیان مزگەوت و مینبەر بکرێنە یەک و بدرێنە دەست باشترین و بەلیغترین واعیز، ناتوانین هەنگاوێک بچینە پێشەوە. مینبەر کاتێک مینبەرە کە واعیز و خاوەنی مینبەر شەوەکانی لەڕۆژەکانی ڕووناکتر بێت، مانگ بخەنە دەستی ڕاستی و ڕۆژیش بۆ دەستی چەپی ئەم هەر ملنەدات، بە ڕێژەیی چاو لە حەقیەقەت نەکات لە کوێ بەرژەوەندیی هەبوو چاو لە پایەماڵ کردنی بقووچێنێت و لەکوێش بەرژەوەندی نەما بیکاتە هەڵا لەسەری، سیاسەت و ئایدۆلۆژیا کوێری نەکات، مینبەرەکەی بۆ خانەنشینیی و پارلەمانتاریی و مفتەخۆریی بەکارنەهێنێت، جگە لە خەمی ئیمان و عیشق و ئیشتیاق هیچ خەمێکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و حیزبی و ئومەمیی و لەم قۆناغەدا تەنانەت شوناسیشیی نەبێت، دنەی عاتیفەی شوناسێکی موزەیەفی چەند دەیەیی سیاسیی دیاریکراو نەدات و ئیمانەکە نەکات بە قوربانیی بۆی، بەقەولی مەحوی دینی بتان دینی بێت نەوەک مەزهەبی زەهەب.
قسە زۆرە و ئەوەندە بەسە! [1]