$دەوڵەتی شاعیرانە!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
سەرەکیترین و گرنگترین کاری دەوڵەت و حکومەتەکان درووستکردنی ژیانێکی شایستەی مادییە بۆ هاووڵاتییانی خۆیان، بەڵێ ژیانی ماددی واتە تێرکردنی سکیان لە کەشێکی ئارامدا، بەقەولی ماسلۆ: Basic physiological needs نەک شتی دیکە.
هەرکاتێک حکومەتێک، دەوڵەتێک، حیزبێک، ڕێکخراوێک یا هەر مەنزومەیەکی سیاسیی و ئیداریی هات و ویستی فێری دینداریی، ڕەوشتی جوان، ئەخلاق، سینەما، فەلسەفاندن، هونەر، میوزیک، شیعر و نیشتماندۆستیی و بەها مەعنەوییەکانمان بکات ڕاست بزانە ئەو مەنزومەیە ساختەچیی و نابەرپرسیار و خڵەتێنەرە، دەیەوێت لە بەرپرسیارێتی سەرەکیی خۆی ڕابکات، گەندەڵیی و بۆشاییە تەکنیکیی و سیاسیی و کارگێڕییەکانی خۆی بەو مەسائیلە هونەریی عاتیفیی و ڕۆحیی و فەلسەفییانە پڕدەکاتەوە کە لەڕاستییدا کاری ئەو نییە. گەر ئەو خەڵکەکەی خۆی تێر کرد ئەوان دواتر خۆیان بەبێ تەکەلوف هەموو ئەوانە درووستدەکەن.
کاری دەوڵەت بەرهەمهێنانی شیعر و شانامە و شاعیر و فیلم و میوزیک و تاکی نیشتمانپەروەر و ئیماندار و فەیلەسوف نییە، کاری دەوڵەت ڕێکخستنی ژیان و گارەنتیکردنی قوتی ئەو ژیانەیە بۆ هاووڵاتییەکانی. گەر دەوڵەتێک ئیدیعای جگە ئەوەی کرد ئەوە بزانە دەیەوێت ببێتە دەوڵەتێکی تاکڕەوی تۆتالیتاری شەخس سەنتەر و عەیبەکانی خۆی پێ دەشارێتەوە.
مەنزومەی دەوڵەتی تورکیی نموونەیەکی باشی ئەم جۆرە لە ئەنزیمەیە، هەشتا ساڵە گەلانی تورکیا لەژێر ناونیشانی قودسیەتی دەوڵەت و پیرۆزیی دامو دەستگاکاندا دەهەڕەتێندرێن و لەژێر جەنجەڕی ژیانێکی سەختدا دەجەڕێندرێن. دەمێک لە مەنگەنەی فاشیزمی پانتورکیی کەمالیستیی و دەمێکی دیکە لە مەنگەنەی ئایدیۆلۆژیی ئوسوڵیی ئاردۆگانیی دەدرێن بە بێ ئەوەی بتوانن هەناسەیەک بدەن. نەزیفێکی سیاسیی و ئینسانیی لەو وڵاتەدا سەد ساڵە سەر ڕێ کەوتووە، بە جۆرێک لە جۆرەکان کەسێکی عاقڵیان تێدا هەڵناکەوێت لەسەر ئاستی فیکریی نەقدی ئەم دۆخە بکات بۆ ئەوەی مەنزومەی دەوڵەتیی لە مەنزومەیەکی شێوە نەتەوەیی یا دینییەوە بگۆڕێت بۆ مەنزومەیەکی خزمەتگوزار. [1]