$داتەپینی لیرەی تورکی یان ئاییندەی نادیاری نەوتی هەرێم!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەڵک باجی قسەکردن نادەن ئەوەندەی باجی بێدەنگبوون دەدەن. هەژارکەوتنی گەلانی تورکیا ئەنجامە نەک هۆکار، هۆکارەکەی بێدەنگی چەند ساڵی ڕابردوو بوو لەو هەموو نادادی و بێدادییەی کە ئاردۆگان سەرڕێی خستبوو. خودا بکا نەوتی هەرێم لەو ئاڵم ساتمەی ئاردۆگاندا نەکرێتە قوربانیی بۆ بوژاندنەوەی و کورتهێنانی بودجە و ئابووریی شکستخواردووی ئەو وڵاتە.
لەترسی داڕمانی یەکجاریی لیرە حکومەت تا ئێستا جورئەتی ئەوە ناکات ڕەشنووسی بودجە و کورتهێنانەکانی 2022 لەسایتی وەقایعی فەرمیی بڵاو کاتەوە، هەفتەی پێشوو سایتەکەشی بە تەواوی پەکخست، شەوی ڕابردوو کابینە وزارییەکەی ئاردۆگان کۆبوونەوەی کردووە بە مەبەستی دۆزینوەی دەرچەیەک بەڵام هێشتا هیچیان لێوە دیار نییە. سەرانی حکومەتی هەرێم لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی زۆر قورسدان، چونکە ئاردۆگان هەولێر وەک ویلایەتێکی خۆی تەماشا دەکات نەوەک پایتەختی هەرێمێکی فیدراڵ. کورد دەبێت زۆر لەو دانپێدانانەی ئاشتی هەورامی بترسێت کە چەندساڵێک پێش ئێستاو لەسەرەتای هاڕەی لیرەدا وتی نەوت ببێت بە سەد دۆلار و هەزار دۆلاریش دۆخی موچەو گوزەرانی خەڵک هەر باش نابێت.
دوێنێ ئاردۆگان و هاوڕێ ڕەگەزپەرەستەکەی، دەوڵەت باخچەلی هەڵمەتێکیان لە حکومەت و تویتەر بەناوی کات کاتی ڕزگارکردنی ئابوورییە دەستپێکرد وە، پاش ئەم دەستپێکردنە لیرە ڕیکۆردێکی نوێی تۆمار کرد و یەک دۆلار یەکسانە بە 12.46 لیرە، وادیارە لیرە خێراتر لە تمەن دەیەوێت تلێر بێتەوە. ئەمڕۆ یەک یۆرۆ نزیک بووەتەوە لە 14.2 لیرە، لەکاتێکدا دەساڵ پێش ئێستا تورکیا زۆر نزیک بوو لەوەی بچێە یەکێتی ئەوروپا و دراوەکەی ببێتە یۆرۆ.
لە یەکەمین کاردانەوەیدا سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاکپارتی ئەحمەد داودئۆغڵو ڕایگەیاند ئەم هەڵمەتە هەڵمەتی ڕزگارکردنی ئابووریی نییە بەڵکوو هەڵمەتی ڕزگار کردنی خودی ئاردۆگان خۆی و باخچەلییە.
داودئۆغڵو لە تویتەر ڕایگەیاند: بەڕێز ئاردۆگان تکات لێدەکەم هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر دۆخی ئابووریی مەدە، چونکە هەموو قسەیەکی تۆ ئەمڕۆ وەک مووشەکێک زیان بە ئابوورییەکەمان دەگەیەنێت. دەبێت چیتر مەسەلەی ئابووری وڵات وەک ئاساییشی نیشتمانیی تەماشا بکرێت و لەدەستی کەسانێکی گومانلێکراوی وەک ئێوە دەربهێندرێت و لێکۆڵینەوە بکرێت کە داخۆ ئێوە کار لەبەڕژەوەندیی چ لایەنێک دەکەن لە تەپاندنی ئابووری وڵاتدا.
دوێنێ بەهۆی کەوتنە چاوەڕوانکراوەکەی لیرە لەبەرانبەر دۆلارەوە، کێشەی کورتهێنان لە مارکێت و سوپەرمارکتەکانی تورکیا درووستبوو. ئەمڕۆ دانیشتویەکی ئێستانبوڵ بۆی نییە لەیەک کاتدا زیاتر لە کیلۆیەک ئارد، کیسەیەک شەکر و شەکر و یەک ڕۆنی زەیت زیاتر بکڕێت. لەبەشێکی زۆری مارکێتەکاندا ئەم قسەیە هەڵواسراوەو لە وێنەکدا دیارە: کڕیاری بەڕێز ناتوانین لە کیلۆیەک ئارد زیاترت پێ بفرۆشین.
گەلانی تورکیا زۆر خراپ هەژار دەکەون، تەنیا دوێنێ ئارد بە ڕێژەی 75% لەسەد بەرزبووەتەوە، پێشبینی دەکرێت نرخی تەنیا یەک نان سەموون بگاتە 4 لیرە! [1]