$مانگا مرد و دۆ بڕا، ئاشبەتاڵ!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
چەند ڕۆژی ڕابردوو وەزیری خوێندنی باڵا لە بنی کولەکەکەی داو بە توانجەوە وتی ئێمە ناتوانین نیوتن و ئەنیشتاین ئینتاج بکەین! دوای ئەم قسەیە نەک کەسێک هەر دەستی لەکار نەکێشایەوە، یەک مامۆستای زانکۆش لەو جەیشەی لە مامۆستایان و ڕاگرانی زانکۆکان جورئەتی نووسینی یەک دێڕیان نەبوو لەسەر قسەی وەزیرەکەیان و ئەو سکانداڵەی سی ساڵە بەناوی خوێندنی باڵاوە لەم وڵاتەدا هیممەت و قیمەتی گەنجی کوردی تێدا ژێر و زەبەر و پایەماڵ دەکرێت.
مرۆڤی کورد ئەمڕۆ بە گشتی و ئێمەومانان بە تایبەتیی کێشەی کەمیی داتا و زانیاریمان نییە وەک ئەوەی ئیدیعا دەکرێت، بە پێچەوانەوە خەریکە لەناو لیتەی داتا و زانیارییەکاندا ون دەبین و خۆشمان ون دەکەین، ڕۆژانە خۆنەویستانە دەیان ملیۆن داتا بەر پێنج هەستەکەمان دەکەون و دواتر لە میمۆری کورتخایەنمان و هەنێکیشی لە میمۆری درێژخایەندا کەڵەکە دەبن. هەموو کون و کەلەبەرێک هەر لە ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تا دەگاتە تیڤی و ڕادیۆ و مانشێتی ڕۆژنامەکان داتای نێو مێشکی مرۆڤ زیاتر و زیاتر لەسەر یەک کەڵەکە دەکەن.
سەرباری هەموو ئەم داتایانە بۆچی هێشتا وا لە دواین؟ بۆچی وەزیرێک بە یەک وشە دەڵێت ئێمە بەس کاتتان دەکوژین و هیچتان لێ درووست نابێت؟ بەندە پێم وایە ئێمە کێشەی کەمیی یا نەبوونی داتامان نییە بەڵکوو کێشەی نەگۆڕینی داتا بۆ مەعریفە و مەعریفە بۆحیکمەت و مەحەببەتمان هەیە. کاتێک داتا نابێتە مەعریفە و مەعریفەش کەسەکە ئاڕاستەی مەحەببەتی ئەو مەعریفەیە ناکات عیرفان چ تەجرەبیی بێت یا مرۆیی ئیدی داهێنان و دۆزینەوەی ئەدەبی، مەعریفی، زانستی و تەکنەلۆژیی شتێک نابێ شیاوی باسکردن بێ، ئەوەی دەمێنێتەوە کومەڵێک داتاو زانیاری کەڵەکەکراوی وشک زیاتر نابێت خۆشمان لە باربەرێکی ئەو زانیاریانە زیاتر نابین کمثل الحمار یحمل اسفارا
ئەمڕۆ لە کوردستان دەیان لەشکر لە خوێندکاری زانکۆ ، فەیلەقێک لە مامۆستای زانکۆ، لیوایەک لە پرۆفیسۆر، جەیشێکی ڕووسی لە زانای ئایینی، شەش سەد داهێنەر، ناتوانن و دەستەوسانن لە چاککردنی دۆخی سیاسیی، ئابووری، کومەڵایەتی و ژیاری چوار ملیۆن خەڵکی بێوەی و بێ سەرەئێشە. سەرباری بوونی زیاتر لە سەد زانکۆ و پەیمانگا دە کاتژمێر کارەبا نییە، سەرباری بوونی زیاتر لە دە بەنداو، پێنج ڕووباری هەمیشەیی، سەدان هەزار کارێز و کانی و بوونی بەفر و بارانێکی زۆر لە حەفتاو دووکاتژمێردا چل دەقیقە زیاتر ئاو نییە، ساڵێک پەڵە دواکەوێت ئەو ساڵە گەنم بۆ بەنیئادەم و جۆش بۆ بێزمان دەستناکەوێت. سەرباری بوونی زیاتر لە پێنج هەزار مزگەوت و خانەقا و تەکییە هێشتا تێگەیشتنێکی جیددی لە دین و دونیا و تەشریع نییە، گیریان بەدەست چاککردنەوەی تەڵاقێکی سێ بە سێ خواردووە و ئیدیعای ئەوەش دەکەن قیامەت و گۆڕمان بۆ ئاوەدان دەکەنەوە، سەرباری بوونی دوسەدهەزار مامۆستا جگە لە دەرخ و ئەزبەرکردن شتێکی دیکە لە کاسەی سەری خوێندکاردا نییە، تێناگەم کۆپی پەیست لە میمۆرییەک بۆ نێو لاپتۆپێک چ جیاوازییەکی هەیە لە پەیست کردنەوەی زانیارییەک لە مێشکێکی بیرنەکەرەوەوە بۆ سەر کاغەزێک؟
سەرباری بوونی زیاتر لە سەد نەخۆشخانەی حکومی و هەزار نۆرینگە و نەخۆشخانەی بازرگانیی و لابۆر و لاکۆڵان و سەدان پزیشک چارەسەرێکی ڕێکوپێک نییە بۆ مایەسیرییەک، سەرباری بوونی سەدان ئەندازیار بینایەک، پردێک یا شاکارێکی هەندەسیی نییە بتوانێت بەرگەی دوسەد ساڵ بگرێت، جوانترین باڵەخانەی شارەکە ماڵێکی وەک ماڵەکەی سۆفی کەریمە کە سەد ساڵ پێش ئێستا درووستکراوە، سەرباری بوونی سەدان ئابووریناس و پسپۆڕی بانکیی هەم خۆیان هەم خەڵکەکەیان پێنج فلسی لە گیرفانیاندا سەوزەڵێ خانم دەڵێت: داوا لە یونامی دەکرێت سواڵ و سەدەقە بە مامۆستا و وانەبێژان و خۆبەخشانی سەنتەرەکانی کۆرۆنای ڕەوا ببینێت، سەرباری بوونی داڵ و نەجمەیەکی زۆر فەرماندەیەکی نیزامیی بوونی نییە، سەرباری بوونی سەرۆکێک و دووجێگر و سەد و دە مەعاشخۆر بەناوی پەڕڵەمانتار دامەزراوەیەکی تەشریعیی نییە، چەند ڕۆژی ڕابردوو گەورەترین کێشەی ئەم دامەزراوە تەشریعییە لێکۆڵینەوە بوو لە قسەی بەندبێژێک لەوەی ویستبووی سواری بابی ئەندامێکی دیکەی دیوەخانەکە بێت.
سەرباری بوونی سەرۆک و سەرۆکوەزیران و دوو جێگر و سی وەزیر حکومەت و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسای بودجە و خەرجی و شەفافیەت و نەوت و گومرگ ئەوە وەزعییەتی، سەرباری بوونی هەزار دادوەر و داواکار و دەیان بینای گەورە و گران بە ناوی دادگا پایەماڵکردنی یاسا و جێبەجێنەکردنی لەم ئاستەدایە کە هەموومان دەیبینین.
هەموو ئەم دەلالەتانە پێمان دەڵێن ئەوەی لێرە حزووری نییە مەعریفەیە ئەوەشی هەیە کۆمەڵێ زانیاریی و داتای گواستراوەیە لە شوێنێک کە بە مەعریفە پێی گەیشتوون و ئێستا تاڕاددەی مەحەببەت بووە بە مەلەکە تیایاندا و پشکی ئێمە تەنیا دووبارە جوینەوەی ئاو داتایانەیە وەک توتییەکی ڕەزا گران بەبێ ئەوەی بتوانین زانستیانە لێیان بڕوانین و هۆشیارییان لێ هەڵبئەنجێنین تا ئەوەی حیکمەتی ژیانکردنیان لێ دەستبخەین.
بە پێچەوانەوە گەر داتا نەگوازێتەوە بۆ هۆشیاریی و پاشانیش بۆ مەحەببەت، ئەوا خۆبەخۆ کۆمپلۆ درووستدەبێت، بۆ مانەوەی خۆی سیستمەکە پێویستیی بە داستانسازیی و ئەفسانەسازیی هەیە لەسەر ڕابردوو، ، بەردەوام داهاتووی ژێردەستەکانیشی بە دەستی دەرەکیی و تێکچوونی ئەزموونەکە و دوژمنانی گەلەکەمان دەترسێنێت، ئەفسانەسازیی لەسەر ڕابردوو و و ترس لە داهاتوو گەورەترین دوو چەکی مانەوی ڕژێمەکە و دەموچاوە نەگۆڕەکانی دەبن.
ڕژێمی دەوڵەتی تورکیا وەک مەنزومەی دەوڵەت لەسەر بنەمای تەقدیسی مەنزومەکە و کۆمپلۆ درووستبووە بەڵام دوڵەتی گەورەی بەڕیتانیا لەسەر بنەمای گۆڕینی داتا بۆ مەعریفە و دواتر بۆ حیکمەت دورستبووە، جیاوازی ژیان لەهەریەکێکیان دەرخەری باشیی هەریەکەیانن، یەکەمیان دەوڵەت و پیاوی سەرەکی ڕژێمەکە بەپیرۆز دەگرێت دووەمیان ژیان.
ئێمە کام یەکێک لەوانەین؟ [1]