$بۆچی تاڵیبان ئامێرە مۆسیقییەکان دەشکێنێت؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئەریک فرۆم لە پەڕتووکی هونەری خۆشویستن THE ART OF LOVING دا ڕستەیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە ئەویش ئەوەیە کە دەڵێت: ئەوەی وا تێبگات هەموو میوەکان لەکاتی پێگەیشتنی شلک پێئەگەن هیچ لەبارەی ترێ و هەنجیرەوە نازانێت. بەدەر لە حیقد و غەرەزی لائیکەکان نەک سیکۆلارەکان و وەلائو بەڕائی کوێرانەی سەلەفییەکان نەک موسوڵمانەکان دەبێت بە فیکرێکی قووڵەوە چاو لە لێکەوت و جێکەوتەکانی تاڵیبان و ئەوەی لەدوایان جێدەمێنێت بکەین.
تاڵیبان ئیسلامی سیاسیی و ئەو تێزەی کە باوەڕی بە گەڕاندنەوەی حوکمی خیلافەت هەیە بەگشتیی شتێکی نامۆیە بە دونیای نوێ. نەک هەر نامۆیە پڕێتی لە دژیەک و تەناقوض و پێکدادانیش. لەلایەک کابینەوە و وەزارەت و وزیر و ئەنجوومەنی وەزاریی درووستدەکەیت بۆ ئەوەی دونیای دەرەوە قەبوڵت بکات، لەلایەکی دیکەوە ئامێرەکانی میوزیک تێکدەشکێنیت، کچ و کوڕ لە زانکۆ جیا دەکەیتەوە، ڕۆژنامەنووس دارکاریی دەکەیت و ڕۆژنامەشت قەبوڵ نییە. ئەمە لەکاتێکدایە تۆ بێخەبەری لەوەی دونیای نوێ بە یەک پاکێج دێتە نێو تۆوە. ئەوە بەدەست تۆ نییە هەندێکی بهێنیت بەرگری لەهاتنی هەندێکی دیکەی بکەیت. کە دونیای نوێت قەبووڵ بوو دەبێت هەمووی بە یەک پاکێج قەبوڵ بکەیت، بەهەموو باشیی و خراپییەکانییەوە. ناکرێت وەزیری مەعاریف و ڕۆشنبیریت هەبێت بەڵام پیانۆ و دەهۆڵ و ساز و تار بشکێنیت!
ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕوحوڵڵا خومینی دەیگوت: ئێمە تەنیا چاکەکانی مۆدێرێرنێتیمان قەبووڵە، ناهێڵین خراپەکانی بێن، زنکۆکانی ئەوروپا دێنین بەڵام بێئەخلاقییەکەی نا. تەکنەلۆژیاکەی دەهێنین بەڵام ئازادییەکەی نا، دوای چل ساڵ تەماشای ئەنجامی شۆڕشەکە بکەن! لەوانەیە بە ئاشکرا بە قەولی خۆیان فەساد و بێئەخلاقی نەبیندرێت، بەڵام هەناوی کۆمەڵگاکە سیخناخ و لێوانلێوە لە نائەخلاقیی تەواو داڕزاوە.
دونیای نوێ و بچووکبوونەوەی دونیا بۆ گوندێکی دیجیتاڵی سەرلەبەری یاساکانی گۆڕیوە. شەرت نییە هەموو ئەو یاسایانەی دونیای نوێ خراپ بن. بەڵام وەک ڕیچارد ڕورتی دەیگوت حەرامەکانی دونیای کۆن ئیدی لە دونیای نوێدا دەبن بە یاسا. تاک لە دونیای کۆندا تاکێکی ئەرکسەنتەر بوو، بەشوێن واجباتەکانی خۆی دەگەڕا تا خودا یا سوڵتان یا سەرۆک هۆز لەخۆی ڕازیبکات، بەڵام لە دونیای نوێدا تاک سرووشتێکی مافسەنتەری هەیە، پێش ئەوەی بیهەوێت بزانێت چ ئەرکێکی هەیە بەشوێن مافەکانیدا وێڵە. کاتێک تاک لە تاکێکی ئەرکسەنتەرەوە دەگۆێت بۆ مافسەنتەر ئیدی کۆمەڵگاش خۆبەخۆ ئەوەی پێشوو نامێنێت. بەڵام تاڵیبان و تێزەکانی دیکەی ئیسلامی سیاسیی بۆ ڕامکردن و گوێرایەڵکردنی کۆی کۆمەڵگا دەیانەوێت بەر بەو دەگرمان و دەستاڕە گەردوونییە بگرن و بەتاک بڵێن تۆ هەر دەبێت ئەرک سەنتەر بیت، بێ خەبەر لەوەی شەراب جارێکی دیکە نابێتەوە بە ترێ و دەگرمانە گەورەکەی مۆدێرنیتی هەموویان دەهاڕێت.
ئەو پەرچەکردارو پەلەقاژەیەی تاڵیبان و مانەندەکانی لە ئیسلامی سیاسیی و سەلەفیی و حەرەکیی ئەمڕۆ سەرڕێی ئەخەن بەرهەمی جەهل و مانەوە و بەجێمانیانە لە مێژوو، ئەوان هیچ جوڵەیەکی لەخۆیان نییە ئەوەی هەیانە پەرچەکردار و ڕیئاکشنە بۆ دوژمنێکی وەهمیی، هەر ئەو وەهم و جەهلەشە هێشتونیەتییەوە. کاتێک کەسێ کە نازانێت کە نازانێت ناتوانێ عەشق بە کەس بدات و ناشتوانێت تێبگات، بەڵام کە تێگەیشت دەتوانێ عاشقیش بێت و عەشقیش بدات و گرنگیش بە دەوروبەرەکەی وەک ئەوەی کە هەن نەک ئەوەی ئەم دەیەوێت ببن بدات. چەند دانایی و تێگەیشتنت بۆ دەوروبەر قوڵتر و زاتی بێت ئەوەندە عیشقەکەت بۆی قوڵتر دەبێت.
مۆدێرنێتی یەک پاکێجە یا قەبوڵی دەکەیت بەهەموو چاکە و خراپەکانییەوە، یا خۆتی لێ نەباندەکەیت تا خۆی دێت و وردە ودە خۆتی لەگەڵ دەگونجێنیت. ئەمەی ئەمڕۆ ئیسلامی سیاسیی و تاڵیبان بەتایبەتی لە ئەفغانستان دەیکات لەسەر ئاستی فیکریی هیچ نییە جگە لە جوینەوەی وێنەیەکی دووبارەی تاقیکراوە، بەڵام ئەمەیان وەک ئەوانی دیکە زۆر بڕ ناکات. لە شوێنێکدا هەر دژیەکییەکانی هەرەس بە سیستمەکە دەهێنێت و سەرلەبەری لێک هەڵدەوەشێنێت.
$ئەی چارەسەر چییە؟$
کۆمەڵگا دۆخێکی جەرەیانیی وەک جەرەیانی ئاوی هەیە. لەهیچ پارچەیەکی مێژووییدا هیچ کۆمەڵگایەک بە گۆڕانی ڕادیکاڵ و خێراو لەپڕ نەگەیشتوەتە بە هیچ ئامانجێکی کورت یا درێژخایەن. کۆمەڵگاکان زیاتر سرووشتی ئۆرگانیزمێکیان زیندەوەرێکیان هەیە نەوەک ماشینێک یا ئامێرێکی میکانیکی. هەرگۆڕانێک لە ئۆرگانێکی ئەو زیندەوەرەدا بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانی چاوەڕواننەکراو لە ئۆرگانەکانی دیکەی درووستدەکات، و سەرەنجام کاردەکاتە سەر کۆی سرووشت و کەسێتیی زیندەوەرەکە، بەڵام لە ماشێنێک یان ئامێرێکی میکانیکی وانییە دەشێت گۆڕانی ڕادیکاڵ بکەیت و پێرفۆرمانس و کەسێتیی ماشێنەکە گۆڕانی بەسەردا نەیەت یا باشتر ببێت. دەبێ گۆڕانکاریی حیزبی و کۆمەڵگایی بە شێنەیی و کاوەخۆیی بێت و چاوەڕوانیی هەموو ئەگەرێک تێیدا کراوە بێت و وەک تەماشاکردنی ئۆرگانیزمێک چاوی لێبکرێت.
بەدەر لە یارییە هەواڵگرییەکان کە پشکی شێریان هەیە لەو وڵاتەدا ئەوەی ئەمڕۆ تاڵیبان و پێشتریش ئامریکا بە کۆمەڵگای ئەفغانییان کرد لەمە زیاتر نەبوو. ئەو دوو هێزە موتەتەریفە هەردووکیان وەک ماشێنێک تەماشای ئەو کۆمەڵگایەیان دەکرد، یەکێکیان دەیویست بەتەواوی لەڕابردووی دابڕنێت و بەرەو مەدەنییەت و کرانەوەو دیموکراسیی وەک گاڕان بیداتەبەر، ئەمی دیکە دەیەوێت هەموو هێماو مۆرکێکی دونیای نوێ لەوکۆمەڵگایەدا بسڕێتەوە و جگە لەوەی لە سوودی خۆیەتی بیباتەوە بۆ ئەشکەوت.[1]