ئێراق بە وڵاتی گۆڕی بەکۆمەڵ ناسراوە
ڕاگەیەنراوی #یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان#، لەرۆژی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە ئێراق
بەناوی خوای گەورەومیهرەبان
ئێراق بە وڵاتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ناسراوە. بەھۆی بوونی زیاتر لە 250 گۆڕی بەکۆمەڵ کە لە ئەنجامی تاوانکاریەکانی ڕژێمی بەعس لە ئێراق ئەنجام دراون.
ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی ئیتیحادی ئێراق لە ساڵی 16-05-2007 ی ھەموو ساڵێکی بە ڕۆژی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ناساند.
ئێراق لە ئەنجامی جەنگ و سیاسەتی کۆمەڵکوژیی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1968 بۆ 2003 نەھامەتیی گەورەی بە سەر مرۆڤایەتییدا ھێنا.
ئەنفال و کیمیاباران و تاوانەکانی تری دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ بوە مایەی لەناوبردنی زیاتر لە نیو ملیۆن مرۆڤی بێتاوان کە زۆربەیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بەرجەستە بوون.
تەنیا لە تاوانی ئەنفالدا زیاتر لە 182000 مرۆڤی بێ تاوان لە ژن و منداڵ و پیرو گەنج دوای ڕوخاندنی 4500 گوند ڕاپێچی سەحراکانی خوارووی ئێراق کران و زیندەبەچاڵ کران لە گۆڕەبەکۆمەڵەکاندا.
بەو ھۆیەوە ئێراق بووە بە وڵاتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان. بەپێی ئاماری جیاجیا نزیکەی250 گۆڕی بە کۆمەڵ ھەن.
ھێشتا زۆرینەی گۆڕەکان ھەڵنەدراونەتەوە گەرچی دەیان گۆڕ دەستنیشان کراون.
دیاریکردنی ڕۆژی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بەئامانجی لەبیرنەکردنی تاوانەکانن و زیندوو ڕاگرتنی ڕۆحی قوربانییەکانی گۆڕی بەکۆمەڵن.
یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان لەم ڕۆژەدا داوا دەکات. لەھەرێمی کوردستانیش یاسایەکی تایبەت بە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەربکرێت. بە مەبەستی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان لەئاستی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ھەڵەبجەو شەنگال لەلایەک و بەشداریکردن و ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی ئێراق لە میکانیزمی گەڕان و دۆزینەوەو ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەپێی پێوەری جیھانی.
هەروەک داواکارە پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران ئەنجام بدرێ لەگەڵ قوربانییەکانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بۆ ھاوتاکردن و ناسینەوەی قوربانییەکان.
ھەروەھا داواکارین پەڕڵەمانی کوردستان و پەڕڵەمانی ئێراق یاسای تایبەت دەربکەن بۆ قەدەغەکردن و سزادانی ئەوانەی ئینکاریی تاوانەکانی کۆمەڵکوژی دەکەن یا لە قەبارەی تاوانەکانی جینۆسایدی گەلانی ئێراق کەم دەکەنەوە.
وەکو یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان پڕۆژە یاسایەکی تایبەت بە یەکێتییەکەمان پێشکەشی پەڕڵەمانی کوردستان کردووە، بۆ بەیاسایی کردن و بەفەرمی کردنی کاروبارو ئەرکەکانی یەکێتیەکە، داواکارین پەڕڵەمانی کوردستان لەم خولەدا پڕۆژەکەمان پەسەند بکات و لە ئاست پرسی جینۆسایددا بە ئەرکی یاسادانان ھەڵبسێ.
بەداخەوە حکومەتی ئیتیحادی کەمتەرخەمن لە جێبەجێ کردنی یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ژمارە 5 ی ساڵی 2006 ، ھەروەھا کۆمەڵی نێودەوڵەتیش بەھەمان شێوە لە ئاست تاوانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئێراقدا خەمساردن. تاوانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان تاوانی نێودەوڵەتین بەپێی ڕێککەوتنی ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانی کۆمەڵکوژی کە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 1948 دەری کردووە. ئەرک و بەرپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆی کۆمەڵی نێودەوڵەتی.
گۆڕە بەکۆمەڵەکان دیاترین بەڵگەی حاشا ھەڵنەگرن بۆ داپڵۆسێنەریی ڕژێمی سەدام حسێن و دیکتاتۆرییەت و قڕکردن.
لەم ساڵانەی دوایی دەبینین دەنگێک لێرەو دەنگێک لەوێ و بەتایبەتی بەعسی و شۆڤێنیەکان لە میدیاو سۆسیال میدیای چەواشەکارەوە خەریکی ئینکاریی کۆمەڵکوژیی کورد و کیمیابارانن لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە. ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە.
داواکارین ھەموو ساڵێک وەک نەریت لە ڕۆژی نیشتمانی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا، یادی قوربانییەکان بکرێتەوەو تاوانەکانی دژ بەگەلەکەمان بەبیر بھێنرێتەوە.
یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان
#16-05-2022#
[1]