ناونیشانی بابەت: چیت دەربارەی دەوڵەتی کوردیی شەدادییەکان بیستووە؟
ئامادەکردنی: #هامنۆ هەورامی#
$ئایا هیچ زانیارییەکت هەیە لەسەر ئەو دەوڵەتە کوردییەی، کە زیاتر لە سەدەیەک ببووە بەهێزترین ڕکابەر بۆ فەرمانڕەوایی ناوچەکانی قەفقاز؟$
#شەدادییەکان# لە بەهێزترین و فراوانترین دەوڵەتە کوردییەکانی سەردەمی خیلافەی عەباسییە، لەنێوان ساڵانی (951 1199) فەرمانڕەواییان کردووە، لەلایەن میری مەزن (محەمەدی کوڕی شەدادی کوڕی قرتەق)ەوە دامەزراوە، شارەکانی (دوین، گەنجە، ئانی) لە ماوە جیاوازەکاندا ڕۆڵی پایتەختیان گێڕاوە.
ئەم دەوڵەتە لە بەرزترین ئاستی فراوانخوازیدا، لە خۆرهەڵاتەوە گەشتووەتە سەر دەریای خەزەر، لە خۆرئاواوە بە ئەرمینیا و لە باشوورەوە بە ڕووباری ئاراس و لە باکووریشەوە بە چیاکانی قەفقاز. بەنزیکەیی حکومڕانیی وڵاتانی (ئازەربایجان، ئەرمینیا، باشوور و ناوەڕاستی جۆرجیا، باشووری داغستانی ڕووسیا)ی کردووە. توانیویەتی بەدرێژایی زیاتر لە سەدەیەک ڕکابەریی هێزە مەزنەکانی وەکوو (دەیلەم، جۆرج، غەز، ئەرمەن، بێزەنتە) بکات، تا دواجار وەک زۆرینەی دەوڵەت و هێزەکانی سەردەمەکەی، بەهۆی فراوانخوازییەکانی سەلجووقی بێ هێز بوو و بوو بە ژێردەستە، دەشگوترێت ڕووخاندنی لەسەر دەستی ئەرمینیا بوو.
$سەرچاوەکان:$
1ٚ- مینۆرسکی: چەند لێکۆڵینەوەیەک له مێژووی کوردەکانی قەفقاز، و: عەلی نادر، چ: 1، بڵاوکراوەی جەمال عیرفان، سلێمانی.
2- محەمەد ئەمین زەکی: خوڵاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان، ج: 2، بڵاوکراوەی بنکەی ژین و جەمال عیرفان، سلێمانی.
3- د. زرار سدیق تۆفیق: کورد و کورستان لە ڕۆژگاری خیلافەی ئیسلامی، خانەی موکریانی.[1]