بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن
ئێمە وەکوو جوو و بنجووەکانی کوردستان جگە لە (کۆمەڵگەی جووەکانی کوردستان KJC) و نوێنەرایەتیمان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، هیچ ڕێکخراو و کۆمەڵە و سەنتەر و ناوەند و گرووپێکیترمان نییە لە کوردستان، بۆیە هەر کەس و لایەنێک بەناوی ئێمەوە قسەبکات و لێدوان بدات ئەوا خودی خۆی لێی بەرپرسیارە، ئەم ڕێکخراوە لای ئێمە نەناسراون و بۆ ئەجندایەکی دژە جوو کاردەکەن، ئەگینا هیچ کەسێکی هۆشیار لەم ساتە وەختەی کوردستان لێدوانی وەها مەترسیدار نادات بۆ بەرژەوەندی داگیرکەر و دوژمنانی کورد و جوو، ئێمە زۆرجار حکومەتی هەرێممان لەو دەستە و تاخمە گوماناویانە ئاگادار کردۆتەوە، جوو و بنجووەکانی کوردستان هەرگیز تێکەڵ بە ژیانی سیاسی نێوان حزبەکان نابن، بۆیە داواکارین دەزگا میدیاکان ڕای هەشت کەس لە ڕێکخراوێکی بچووک نەکەنە مانشێت لەپێناو بینەر و لایک و کۆمێنتی زیاتر، بەو ڕەفتارانە هەم ژیانی جوو و بنجووەکان دەخەنە مەترسی و هەم هەنجەتیش دەدەنە دوژمنانی کوردستان بۆ بۆمباران و هێرش کردنە سەر هەرێم.
ئێمە بە ڕووداومان ڕاگەیاند لەو دیدارە کە ئەو ڕێکخراوە بچووکە مەکەنە بابەت چونکە جووەکانی کوردستان تەنیا یەک مەرجەعیان هەیە نەک دەیان.
بۆیە لێرەوە داواکارین لە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەتا نوێنەرایەتی فەرمیمان لە وەزارەتی ئەوقاف و کارووباری ئایینی هەبێ ڕێگە نادەین کەسیتر بکەنە زمانحاڵمان و بازرگانی سیاسیمان پێوە بکەن. [1]
کۆمەڵگەی جووەکانی کوردستان KJC
نوێنەرایەتی کوردانی جوو لە وەزارەتی ئەوقاف و کارووباری ئایینی
#هەولێر#