ناونیشانی بابەت: پەروەردە و گرنگینەدان بە زمانی دایک
ئامادەکردن: #ڕەئوف ئالانی#
ئەوەی بۆتەجێی سەرنجی زۆربەی دڵسۆزانی زمانی کوردی و ڕۆشنبیران بەگشتی، ڕۆژانە لەم هەرێمەی ئێمە دەرگیری کێشەیەکی گەورەی نەتەوەیی دەبینەوە، ئەویش بەریەککەوتنی خەڵکی بیانییە، واتە ئەوکەسانەی لە نەتەوەی کورد نین و زمانی دایکیان بێگانەیە بە ئێمە، ئەمە کارێکی ئاساییە و هەموو میوانێک پێویستە ڕێزی لێبگیرێت، من لە وتارێکیترمدا، لەڕابردوودا باسی ئەوەم کردووە کە گومان دەخرێتە سەر کەسێتی تاکی کورد، بۆچی خۆی و زمانەکەی بەکەمدەزانێت، لەکاتی گفتوگۆ لەگەڵ کەسێکی بیانی، زمانی ئەوانیش نەزانێت، خۆی سەغڵەت دەکات تا بەچەند وشەیەکی سەروملخواری ئەوزمانە تێی بگەیەنێ، لێرەمەبەستم توانج نییە بۆ زمانە بیانییەکە، ئەوەندەی مەبەستم کەسە کوردەکەیە، بەسەرهاتێک دەگێڕمەوە کە ڕێک ئەو لایەنە دەردەخات، ئاخۆ بۆچی ئەوەی بیانین و دێنە کوردستان فێری کوردی نابن؟
بەهۆی کارەکەم کە هەماهەنگکاری پەروەردەی #سلێمانی# بووم لەگەڵ پەروەردەی حکومەتی ناوەند، لەشوێنی کارەکەم دەبوایە من بەعارەبی بدوێم لەگەڵیان، چونکە ئەوان زۆرتربوون و کارەکەی منیش ئەوەبوو هاوکار و کارئاسانیان بم، لەناو ئەو کەسانەی ڕۆژانە بەریاندەکەوتم، هیچ کامیان کوردی نەدەزانی، کەلێم دەپرسین، چەند ساڵە لەم شارەن؟ تیایدا بوو چواردە ساڵ و زیاتریش، من تووشی سەرسووڕمان دەبووم، دەمپرسی چۆن و لەبەرچی تا ئێستا فێری کوردی نەبوون؟ ئەوان وەڵامیان بۆ من پێبوو، دەیانووت ئاخر لێرە کەس بە کوردی قسەمان لەگەڵ ناکات، ئەو وەڵامە بۆ من باوەڕپێهێنەربوو، چونکە ڕۆژانە دەبینم لەبازاڕدا، کاتێ بیانییەک دەچێتە دوکانێک کەلوپەل و پێداویستی بکڕێت، فرۆشیارەکە وەک دەڵێن، فڕی بەو زمانەوە نییە، کەچی هەر دەیەوێ تێی بگەیەنێت، ئەوە هۆکارێکە کە خەڵکانی میوان و بیانی فێری کوردی نابن.
زمان بنچینە و ماک و هێزی سەلمێنەری نەتەوەییە، هیچ نەتەوەیەک ناتوانێت بەبێ زمانی دایک ناسنامەی نەتەوەیی هەڵبگرێت، زمانی کوردی وەک زمانێکی دانپێدانراوی جیهانی بوونی هەیە و ناسراوە، بەڵام بۆپێشخستن و ناساندن و بەردەوامبوونی دەکەوێتە سەر نەتەوەی کورد خۆی، لێرە بۆ زیاتر ئاشنابوون و ناسینی زمانەکان و چۆنێتی بایەخ و گرنگیدان بە زمانی دایک، لە جیهاندا ئامار و داتایەکی زمانەکانی جیهان دەخەمەڕوو، بەپێی نەخشە و وێنە و هێڵ کە ڕۆژنامەی (واشنتن پۆست) بڵاویکردووەتەوە، بۆ تێگەیشتن و زانین و هەمە جۆری زمانەکان لە جیهاندا، ڕۆژنامەکە دەنووسێت، هەندێ کیشوەر زمانی زۆرتری تیایە لە هەندێ کیشوەریتر، بەشێوەیەکی گشتی (7102) زمانی زیندوو لە جیهاندا بوونیان هەیە، بەمشێوەیە:
ژمارەی زمانە زیندووەکانی جیهان
|
|
|
|
(2301) زمان لە کیشوەری ئاسیادان
(2138) زمانیش لەکیشوەری ئەفەریقادان
(1313) لە ناوچەی زەریای هێمندان
(1064) زمان لەهەردوو کیشوەری ئەمەریکا بوونیان هەیە.
من دەپرسم، لە هەموو ئەو کیشوەر و وڵاتانەی ئەم زمانانەی بەسەردا دابەشبووە، کام وڵات و کام نەتەوە، هێندەی گەلی کورد خەمسارد و بێباکە بەرانبەر زمانەکەی؟
من لەجیاتی خۆم و بەپێی ئەزموون و دنیابینیم، وەڵام دەدەمەوە، بەڵێ کەس لە ئێمە بێباکترنیە بەرانبەر بە زمانەکەی خۆی، لێرەدا داتایەکی سەیر و ئامارێکی سەرسووڕهێنەرتان بۆدەنووسم، کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئیدارە سەربەخۆکانەوە، (84) قوتابخانە و خوێندنگەی حکومەتی ناوەند بوونیان هەیە، کەژمارەی قوتابی و خوێندکارەکانیان (38) هەزار قوتابی و خوێندکارە، بەدڵنیایی لەهەردوو پارێزگای #هەولێر# و #دهۆک# زۆر لەمەزیاترە، ئەمە جگە لە قوتابخانە ئەهلییەکان، کە زمانی کوردی وەک پێویست هەربەکارناهێنن، مەگەر کەسانی دڵسۆز خۆبەخشانە ئەو کارەبکەن.
ئینجا دەکرێ بپرسین، ئەم هەموو منداڵە عەرەب و کەسوکارەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەژین، بەڵام ئەم حکومەتی هەرێمی کوردستانە، چ کار و بەرنامە و ڕێسا و یاسەیەکی بۆ ئەمانە داناوە، سەبارەت بە زمانی کوردی؟ بێگومان هیچ!
ئاخر دەکرا تەنیا وانەیەکی کوردی بخوێنرایە و بۆ هەرقوتابخانەیەک مامۆستایەکی کورد وانەی بوتایەوە، ئەمە نە کفر ئەبوو نە بەدەریش ئەبوو لەیاسا و دەستووری ئێراقی، بۆنەکرا؟
لەلایەکی تر لەم هەرێمەی ئێمە سەدان خوێندنگەی ئەهلی بیانی کراونەتەوە، چیکراوە بۆ ئەوەی بکرێتە ئەرک کە پێویستە هەموویان زمانی کوردی بخوێنن؟
وایلێهاتووە خەڵکی کورد، واز لەزمانی دایک دەهێنێت و منداڵەکانی دەخاتە ناو قوتابخانە و خوێندنگەی بیانی و شانازیش دەکات کە کوردی نازانێ، جا بە فیزێکی بێ هەستی و لەخۆبایی دەڵێ: منداڵەکەم کوردی نازانێت بنووسێت، دەتوانێت بەئینگلیزی قسەی لەگەڵ بکەی؟
ئەمە ڕسوابوون و نەفرەتکردن نەبێت لەخۆی و زمانەکەی چییە؟
(جاک کیرۆک) هەست بەمەترسی لەناوچوونی زمانی دایک دەکات و دەڵێ: (چونکە ناتوانم بە زمانی دایکی خۆم بنووسم، ئیتر من وڵاتێکی خۆمم نییە، نیگەرانم بەم بێماڵی و حاڵیە ترسناکە بۆ هەموو فەڕەنسیە کەنەدییەکانی دەرەوەی وڵات لەئەمەریکا) .
ئەوە دەرخەری ئەو گرفتە گەورەیەیە، کە دەرگیری زمانی شیرینی کوردی هاتووە، من ئەوە دەزانم کە زۆر دڵسۆز و خەمخۆرانی ئەم زمانە، هاواردەکەن و کەس گوێمان لێ ناگرێت.
هەموو جیهان بگەڕێ، هیچ شوێنێک نییە کە چوویتە ئەوێ، فێربوونی زمانەکەیانت لەسەر پێویست نەکەن، تەنانەت ناتوانی هیچ کارێک بکەی بێ فێربوونی زمانەکەیان، جگە لەم هەرێمەی ئێمە نەبێت، کەس لە کەسە، کە جێیداخە.
کاتی ئەوە هاتووە، بێدەنگ نەبین و هاوارەکانمان بۆمانەوەی زمانەکەمان و ڕێگریکردن لەو وەیشومە ترسناکەی خەمساردیەمان، بکەین بەیەک و بڕیاربدەین بۆ بەرقەراربوون و ڕزگاربوونی زمانی دایکمان کە کوردییە، داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم دەکەم، بەهانای ئەم داوایەمانەوە بێن و یاسایەک دابنێن بۆ پاراستنی زمانی کوردی. [1]
[2]