$دەبابەی ئەڵمانی بۆ کوشتنی کورد$
#ئیدریس مستەفا#
تانکی لیۆپارد2ی ئەڵمانی یەکێکە لەو تانکە بەهێز و گەورانەی دنیای سەربازی کە ڕۆڵێکی گەورە دەبینێ لە شەڕەکاندا هەر بۆیە بۆتە قسەوباسێکی گەرموگوڕ گوایە ئەڵمانیا بە تەمایە بیدات بە یوکراین.
هیچ یەکێک لەو وڵاتانەی کە ئەڵمانیا پێی فرۆشتوون ناتوانن بێ پرسی ئەڵمانیا بیدەن بە وڵاتێکی تر. ئێستا دوای ئەوەی ئەمریکا زۆری لە ئەڵمانیا کرد کە لیۆپارد2 بدات بە یوکراین بڕیاری دا دە دوانزەیەک بنێرێ و بە پۆڵەنداش بڵی تۆش دەتوانی چوار پێنچ دانەیەک بنێریت یاخود کەنەدا بەهەمان شێوە دەتوانێ بینێریت. دیارە ئەوەندەی کێشە لە ناردن و بەکارهێنان و بەڕێوەبردنەکەیدا هەیە ئەوەندە کێشە لە بڕیارەکەیدا نەبوو. دیارە هەر ئەمەشە کە وای لە ئەڵمانیا کرد دوای چەند جارێک فشاری ئەمریکا ڕازی بێت بە ناردنی چەند دانەیەک کە بە پێی هەموو دیدە سەربازیەکان هیچ لە ئاڕاستەی شەڕی یوکراین ناگۆڕێ چونکە ژمارەکان کەمە هەروەها شارەزایی و توانایی بەکارهێنانی پاشان گورزی سەربازی ڕوسی وادەکات کە ڕۆڵێکی ئەوتۆی نەبێ لە شەڕی ڕوسیا-یوکرایندا.
ئێوە بزانن بۆ ئەو یوکراینەی کە لە جوگرافیای ئەوروپادایە و هەموو غەرب و ناتۆ چۆتە پاڵی بە قلێک و دوان ئەو جۆرە تانکەی بۆ دەنێرن کەچی ئەڵمانیا لە مێژە بە دەیان و سەدانی لێ فرۆشتووە بە تورکیا و لەو کاتەوەش تانکی لیۆپارد2 لە شەڕی کوشتنی کورد و وێرانکردنی کوردستانی باکووردا بەکارهاتووە بێ ئەوەی کەس باسی بکات بە تایبەت ئەو ئەڵمانیایەی ڕوو بەدەر هەمیشە فشار دەخاتە سەر تورکیا بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا.
هێرشی بەردەوامی تورکیا بۆ سەر کورد بەتایبەت هێرشە چەند مانگیەکەی سێ و چوار ساڵی ڕابردووی تورکیا بۆ سەر گوند و شارۆچکەکانی باکوور لەگەڵ پەلاماردانی بەردەوامی چەندان ساڵەی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاڤا کە تێیدا چەندان گوند وێران بوون و چەندان خەڵکی مەدەنی کوژران و بریندارکران لەگەڵ سووتانی چەندان هەکتار لە باخ و کشتوکاڵی جوتیارانی کورد و ئێستەش هەرەشەی ئاوها لە پێشمانەوەیە کە بە دەبابەی لیۆپار2ی ئەڵمانی بکرێتە سەرمان کەچی کەس باسی ناکات. بە پێی ئەو زانیاریانەی من هەمن گوایە ئەڵمانیا 339 تانکی لەو جۆرەی داوە بە تورکیا لەگەڵ 15 دانەی ڤێرژنی بەرزتری بە ناوی لیۆپارد2A4.
کاتێک وڵاتانی ئەسکەندەنافی کە بە بێلایەنترین و هێمنترین وڵاتانی دنیا دادەنران دەرکەوت کە بەهێزترین پەیوەندی بازرگانیان لەگەڵ تورکیادا هەیە و چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی پێ دەفرۆشن و دەریشکەوت کە ئامادەن پەنابەرانی سیاسی کورد و تورک ڕادەستی تورکی بکەنەوە و کردیشیان، ئێستاش بۆ چەند دانەیەک لە تانکی لیۆپارد2ی ئەڵمانیا هەموو ناتۆ و دنیا هاتۆتە قسە کەچی چەندان ساڵە دراوە بە تورکیا و تورکیاش تەنیا بۆ گیان کورد بەکاری هێناوە کەچی جێگەی قسەوباسی هیچ وڵات و کەس و لایەنێک نییە. [1]