لە مانگی یەکەمی ساڵی 2023ی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی 18 بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی #ئێران# جێبەجێکراوە کە دەکاتە 30٪ی هەموو ئەو بەندکراوانەی کە لە هەموو ئێراندا لەو مانگەدا لە سێدارەدراون.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جەنیوەری 20223دا لایەنی کەم 18 بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون کە دەکاتە یەک لەسەر سێی ئەو بەندکراوە کوردانەی کە ساڵی 2022 لە ئێراندا لە سێدارەدراون. هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە ساڵی ڕابردوودا سزای 52 بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێکراوە.
لە مانگی جەنیوەریدا لە هەموو ئێراندا 60 بەندکراو لە سێدارە دراون کە بە بەراورد لەگەڵ ئاماری بەندکراوانی کورد دەردەکەوێت کە 30٪ی کۆی ئەو بەندکراوانەی لە هەموو ئێراندا لە سێدارە دراون بەندکراوی کورد بوون.
جێگای ئاماژەیە کە لەو ماوەیەدا سزای #محەمەد مەهدی کەرەمی# بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی #بیجاڕ# کە لە ڕاپەڕینی شاری کەرەج دەستبەسەر کرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێکرا.
بەپێی ئەم ئامارە، 12 بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی دەرەوەی #کوردستان# وەکوو کەرەج، ئەراک و بەندەر عەباس لە سێدارەدراون.
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، سزای سێدارەی یەک کەس لەو بەندکراوانە لە سەرچاوە حکومەتییەکان ئاماژەی پێکراوە و 30 حاڵەتی دیکە لە میدیا حکومەتییەکان باسی لێ نەکراوە.
$جیاکردنەوە بە پێی تۆمەتەکان:$
$بەندکراوانی سیاسی:$ 1 حاڵەت کە دەکاتە 5.5٪ کۆی حاڵەتەکان.
$کوشتنی ئەنقەست:$ 5 حاڵەت کە دەکاتە 28٪ی کۆی حاڵەتەکان.
$تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان:$ 12 حاڵەت کە دەکاتە 66.5٪ی کۆی حاڵەتەکان.
$شوێنی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان:$
- بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج: 8 حاڵەت
- بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان: 2 حاڵەت
- بەندیخانەی ناوەندیی سەڵماس: 2 حاڵەت
- بەندیخانەی ناوەندیی ئەراک: 3 حاڵەت
- بەندیخانەی ناوەندیی بەندەر عەباس: 1 حاڵەت
- بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام: 1 حاڵەت
- بەندیخانەی ناوەندیی ماکۆ: 1 حاڵەت [1]