ناونیشانی بابەت: گەڕەکی جووەکان لە #هەڵەبجە# بەرەو نەمان دەڕوات
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
پارێزگای هەڵەبجە، بە دووریی 75 کم کەوتووەتە خوارووی ڕۆژهەڵاتی شاری #سلێمانی#، 726 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و ڕووبەری خاکەکەی (1523 کم) ە، بەپێی بەڵگە شوێنەوارییەکان بۆمان دەردەکەوێت، کە هەڵەبجە لە کۆنەوە مەڵبەندی ژیان و ئاوەدانی بووە، بەڵام بەهۆی شەڕ و کێشەوە، چەندین جار وێران کراوە و ئاوەدان کراوەتەوە، بەڵام دواجار، کە هەڵەبجە ئاوەدان کرایەوە، ساڵی 1690 لەلایەن بنەماڵەی (حەمە چاوش) ەوە بووە و پاشان بەرەبەرە گەشەی کردووە .
ئەم شارە، بەهۆی ئاو و هەوا لەبار و خاکە پڕ پیت و بەرەکەتەکەی، زوو گەشەی کردووە و لە شوێنەکانی تریش خەڵک هاتوونەتە هەڵەبجە و درێژەیان بە ژیان و کار و چالاکییان داوە، هەتا لە ساڵی 1820 هەڵەبجە بووە بە شار.
یەکێک لەو بنەماڵانەی ڕوویان لە هەڵەبجە کردووە و درێژەیان بە ژیانیان داوە، جووەکان بوون.
جووەکان بەردەوام لەبەر هۆکاری ئایینی، لە کۆچ ۆ ئاوارەییدا بوون، بەگشتی لە هەموو دونیا و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سەبارەت بە جووەکانی ئێراق، دەتوانین بڵێین لەدوای ڕووخانی بابل، ئەو گەلە بڵاو دەبنەوە و هەر لە کۆچ دەبن و لەوێوە هەندێکیان ڕوویان لە هەڵەبجە کردووە و هەتا درووستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1948، بە فەرمانی ساڵح جەبر لە ئێراق ڕەگەزنامەیان لێ وەردەگیرێتەوە و بەرەو ئیسرائیل کۆچیان پێ دەکرێت.
هەر لەسەر ئەم بابەتە، مێژوونووسی کورد (#حەکیم مەلا ساڵح#) لە پەڕتووکی (#هەڵەبجە لە ئامێزی مێژوودا#) دا دەڵێ: جووەکان دووەم بنەماڵە بوون، کە ڕوویان لە هەڵەبجە کرد و ڕۆڵیان لە درووستکردنی هەڵەبجەی نوێدا هەبوو. لە سەرەتا کە جووەکان هاتبوون بۆ هەڵەبجە، بیست خێزان بوون، دواتر گەشەیان کرد و زیاتر بوون.
سەبارەت بە دابوونەریتیان دەبێ بڵێین، کە ئەوان دابوونەریتی تایبەتی خۆیان هەبوو و پەرەستگەیان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە ئایینییەکانیان درووست کردووە، جووەکان بە زمانی تایبەتی خۆیان، واتا عیبری قسەیان کردووە، بەڵام فێری کوردییش بوون، ئەوان لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر زیرەک و لێهاتوو و ماندوونەناس بوونە و بوژانەوەیان بە بازاڕی هەڵەبجە کرد.
لە جووەکانی هەڵەبجە، کۆمەڵێ خانوو و بینا وەک پەرستگە بەجێ ماون، کە لە ڕووی دیزاین و جوانکاری زۆر تایبەت بوون، سەبارەت بە خانووی جووەکان، ئەوانیش هەر وەک خەڵکانی تر خانووەکانیان بەپێی چینی کۆمەڵایەتی و ئاستی ئابووری ڕووبەریان گۆڕاوە، واتا کەسانی خاوەن پلە و پایەدار و کەسانی دەوڵەمەند لە خانووی گەورەتر و ڕازاوەتر ژیاون، بە دیزاینی جیاواز و تایبەتی وەک زەخرەفە و نەخش، کە پێ دەچێت ئەمانەی نەخشی تایبەت بە کولتووری گەلی جوو بن، چونکە لە ناوچە و خانووەکانی تر نەبینراوە، هەروەها کەسانی پلە و پایە نزمتر و بە ئابوورییەکی کەمتر لە خانووی سادە بە ڕووبەری بچووکتر ژیاون، هەروەها ئەوان شوێنێکی تایبەت بە ئەنجامدانی کاروباری ئایینی وەک کڵێسەیان درووست کردووە.
دوای کۆچی جووەکان لە هەڵەبجە، پەرەستگاکەیان لە ساڵی 1958 کرا بە مزگەوت و خانووەکان بەرەبەرە تووشی ڕووخان و لەناوچوون بوون.
سەبارەت بە پەیوەندیی جووەکان لەگەڵ موسڵمانەکانی شاری هەڵەبجە، سەرچاوەکان ئاماژە بە هەبوونی پەیوەندییەکی باش لەنێوان ئەم دوو گەلە دەکەن و هەردوو، لا بەتایبەت پیاو ماقووڵەکانی هەر دوولا هەوڵیان داوە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان، هەر لەسەر ئەم پەیوەندییە، مێژوونووس حەکیم مەلا ساڵح، لە پەڕتووکی (هەڵەبجە لە ئامێزی مێژوودا) دەڵێ:
جووەکان لەگەڵ خەڵکی هەڵەبجە بەینیان باش و خراپ بووە، ئەوەی زۆر موسڵمان بووبێ ئەوا هیچ سەودا و مامەڵە و تەنانەت قسەشی لەگەڵ نەکردوون و بگرە هەندێ جاریش ئازاریان داون، ئەوانەش، کە لەسەر دین ئەوەندە قایم نەبوون، لەگەڵیاندا تێکەڵ بوون و هەموو چەشنە مامەڵەیان لەگەڵ کردوون، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، کەس ژنی نەداونەتێ و بەپێچەوانەوە هەندێ جار لێیان خوازراوە، ئەویش بە مەرجی ئەوەی کە موسڵمان ببن.
هەر لەسەر ئەو ژنخوازییەی موسڵمانەکان لە جووەکان، سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەخۆشەویستیی نێوان (#تایەر بەگی جاف#) و کچی (شاوڵە کەڕ) ی، کە پیاوێکی دەوڵەمەندی جوو بووە دەکەن، کە تایەر بەگ داوای کچی شاوڵە کەڕی کردووە و دوای موسڵمانبوونی کچەکە، ژیانی هاوسەرییان پێک هێناوە.
لە ئێستادا ڕەوشی خانوو کەلەپوورییە بە جێماوەکانی خەڵکی جوو لە شاری هەڵەبجە زۆر خراپە و تێکچوون و نەمانی ئەم شوێنەوارانە بە زیانێکی گەورە بۆ مێژوو و شارستانییەتی #کوردستان# بەگشتی و شاری هەڵەبجە بە تایبەتی دادەنرێت، چونکە هەر لە کۆنەوە ئەم شارە شوێنی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی بووە و بوونی گەڕەکێک لەم شێواز و پێکهاتەیە دەتوانێت سەلمێنەرێکی ڕاستەقینەی ئەم بابەتە بێت.
ئەم بابەتە پێشتر لە مەڵپەڕی باسنیوز بڵاوبووەتەوە.[1]