$تراژیدیای حسێن، دینار و نیفاق، لینکەکانی دۆخی ئەمڕۆی ئیسلامی سیاسیی بەو تراژیدیایەوە$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
موغەیرەی کوری شوعبە بۆ بەردەوامییدان بە خەلافەتی بەنی ئوممەیە و هێشتنەوەی دەسەڵات لەژێر چڕنوکە تیژەکانییاندا پێشنیاری بە وەلی عەهد دانانی یەزید بۆ موعاوییە دەکات و موعاوییەش ئەم پێشنیارە پەسەند دەکات .
پاش مردنی موعاوییە یەزید بە ڕاست و چەپدا دەکەوێتە وێزەی خەڵک بۆستاندنی بەیعەت چ ئارەزوومەندانە بێت چ لەژێر فشار کردن بێت. دوابەدوای ئەم کارەی یەزید، حسێنی کچەزای پێغەمبەر د.خ ڕادەپەرێت و بەیعەت نادات. چونکە بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی کە لەنێوان موعاوییە و حەسەن دا هەیە لە دوای موعاویە دەبێت خیلافەت ڕادەست بە حەسەن یان حسێن بکرێتەوە. موعاوییە وەفای بەو پەیمانە نەکرد کە هەردوولا لەسەری ڕێککەوتبوون.
بە گوێرەی هەندێک گێڕانەوەی مێژوویی حسێن دەیویست بەیعەت نەدات بە یەزید بەڵام نیازی ڕاپەڕینیشی نەبوو لە دژی، ئەو دەیویست ناڕازی بێت بەو حوکمەی کە یەزید دەیگرێتە دەست بەڵام بە بێ هیچ کاردانەوەیەک دەگەڕایەوە مەدینە و لەوێ نیشتەجێ دەبوو. هۆکاری سەرەکی پشت ڕاپەڕینەکەی حسێن دنەدانی ئەهلی کوفە بوو، بەردەوام هانی حسێنیان بۆ ئەم کارە دەدا زیاد لە پێنج سەد نامەو تەتەریان نارد بەشوێنیدا و دواتریش لەبەرانبەر ئاڵتوون و دینارەکانی یەزیدەوە پشتیان تێکرد.
حسێن بەرەو کوفە کەوتەڕێ و لە ڕێگە بە شاعیرێک بە ناوی فەرەزدەق دەگات. فەرەزدەق داوای لێدەکات کە بگەڕێتەوەو نەچێتە کوفە و پێی دەڵێت: بزانە ئەوان دڵیان بۆ تۆ لێدەدات و شیرەکانیشیان لە دژت لە کێلانەکان دەهێننە دەرەوە.
حسێن دەگاتە شوێنێک بە ناوی عازیبولحیجانەت و چوار سواری کووفەیی دێنە سەر ڕێی و لەوە ئاگاداری دەکەنەوە کە ئەهلی کوفە ڕەشوەتێکی زۆریان وەرگرتووە و بزانە کە پشتت تێدەکەن و هیچ بەرگرییەکت لێناکەن.
دیسانەوە حسێن بەردەوام دەبێت لە ڕۆیشتن بەرەو کوفە و دەڵێت ئەوە خودا نووسیبێتی هەر ئەوەیە.
بە درێژایی ئەو ڕێگایە هەزار سوار بە تەواوەی کەرەستەی سەربازییەوە و بە سەرۆکایەتی حوڕی کوڕی یەزید چاودێریی حسێن دەکەن. لەم ڕێگەیە بەردەوام دەبێت تا نزیکی کەربەلاو ئەو شوێنەی کە سنووری ساسانێکانی لێوە دەستی پێدەکرد بە ناوی قادسییە دەبێتەوە. لەوێ چاوی بە عومەری کوڕی سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس دەکەوێت لەگەڵ چوار هەزار چەکدار. حسێن لێرەدا لە جیدییەتی دۆخەکە تێدەگات. سێ بژاردەی دەخاتە بەردەست عومەر:
یەکەم: ڕێگەی بدەن بگەڕێتەوە مەدینە.
دووەم: بە دیالۆگ ئەم ناکۆکیەی کە هەیە لەگەڵ یەزید چارەسەر بکرێت.
سێیەم: ڕێگا بدرێت بڕواتە ناوچەیەکی سنووریی.
هەرچیی عومەرە بە گەرمیی پێشوازیی لەم پێشنیارانە کرد. عومەر پێشنیارەکانی گەیاندە ئیبن زیاد کە والی یەزید بوو لە کوفە. ڕاوێژکارێکی ئیبن زیاد بە ناوی شیمشیری زولجیشان ئەم هەلەی قۆستەوەو پێشنیاری ئەوەی بۆ ئیبن زیاد کرد کە حسێن هەر لەوێدا بکوژرێت. ئیبن زیاد لە دوای گوێگرتن بۆ زولجیشان ئەم تەعلیماتەی بۆ عومەر نارد:
سەرەتا با بەیعەت بدەنە یەزید، دواتر ئاویان لێبگرنەوە و یەک دڵۆپ ئاویان نەدەنێ. هەروەک چۆن عوسمان بێبەش بوو لە قومێک ئاو با ئەوانیش بێبەش بن و لە توینوێتی بیانخنکێنن. فەرمانەکانم ڕوونن، گەر ڕادەست بوون و خۆیان دا بەدەستەوە بەزیندوویی دەمەوێن. گەر ڕووبەڕوو بوونەوە و بەرگرییان کرد خوێنیان بڕژە و بەو جۆرەی کە شایستەیەتی حسێنم بۆ لەت و پەت بکەو دواتر پەتی کەو بێخە ژێر سمی وڵاخ و ئەسپەکانت و چەندت پێ دەکرێ سوکایەتی بە تەرمەکەی بکە چونکە ئەو عاسییەکە و لە ئەهلی جەماعەت لایداوە
پێش ڕەشەکوژییەکە حسێن و عومەری کوڕی سەعد کۆدەبنەوە.بە گوێرەی گێڕانەوەکانی تەبەڕی و ئیبنو ئەسیر حسێن پێشنیاری ئەوە بۆ عومەر دەکات کە سوپاکەی لە کەربەلا بەجێبهێڵێت و و پێکەوە بڕۆنە لای یەزید. عومەر پێی دەڵێت گەر شتێکی وا بکات ماڵەکەی تەختی زەوی دەکەن. حسێن پێی دەڵێت کە سەرلەنوێ بۆی درووستدەکاتەوە. عومەر دەڵێت دەست بەسەر هەموو ماڵ و سامانەکەشمدا دەگرن. حسێن پێشنیاری قەرەبووی ماڵ و سامانەکەی بۆ دەکاتەوە لە حیجاز بەڵام عومەر مل بۆ ئەم پێشنیارەش نادات.
دواجار خوێنی حسێنی تەمەن 57 ساڵ ڕژێندرا و لە پشتەوە سەر بڕدرا، لە کاتی گیان دەرچوونیی دا دەیوت: من قەسدی گیانی کێم هەبووە وا بەم شێوە دڕندانەیە دەمکوژن؟ چاوم لە ماڵی کێ بوو؟ سامانی کێم داگیر کردووە؟پێم بڵێن تاوانەکەم چییە؟
ڕیوایەتەکان دەڵێن دواتر عومەری کوڕی سەعد واز لە سوپاکەی دەهێنێت و پاڵ بە حسێنەوە دەدات.
فاجیعەی کەربەلا فاجیعەیەکی فرە ڕەهەندە. ڕەهەندێکی بێ باری و دووروویی ئەهلی کوفەیە. ئەوان لەپێناو هەژمونێکی بنەماڵەیی فاشیست و لەبەرانبەر پارە ئامادەن قوربانی بە حەق و کچەزای پێغەمبەر بدەن. هەندێک لەوان بە پارە بەرچاویان تێر کرا، هەندێکیان ترسێندران و هەندێکی دیکەشیان دەستیان گرتبوو بە کڵاوەکەی سەریانەوە با نەیبات و دەیانگوت بە ئێمە چیی!
ئەم مێژووە پڕ لە وەیشوومە و ئاشووبە لە دەرگای عوسمانەوە دزە دەکاتە نێو کومەڵگا و لە فاجیعەی کەربەلاشدا ئەوەندەی دیکە خوێ دەکاتە ناو ئەو برینە قووڵەوە و دیزووڕێنێتەوە.
مێژووی تەماع و پاوانخوازیی و بەیعەتی زۆرەملێ بۆ دزیی و جەردەیی و تاڵانی و ژنی جوان و سێکس و دینار و دەرهەم لە یەزید و بەنی ئومەیەوە دەست پێدەکات و ڕیشەکانی بۆ ئەمڕۆی دەسەڵاتە تۆتالیتارە ئیسلامییە زۆرەملێیەکان درێژ دەبێتەوە و هەرجارە و هەر یەکێکیان بە فۆرمێک خۆیان نمایش دەکەن . جارێک دەبنە تاڵیبان و جارێکی دیکە لە فۆرمی سعووودیەدا دەردەکەون و هەندێک جاری دیکەش لە فۆرمەکانی ئیسلامی سیاسیدا نموونەیەکی ناشیرینی وەک ئاردۆگان و سوودان پێشکەش دەکەن، چەند دەیە جارێکیش دەبنە داعش و بۆکۆحەرام شەباب و قاعیدە و ئەنسار.
ئیسلام و شەریعەتەکەی ئەمڕۆ زیاد لە حەرەکەت پێویستی بە حەقیقەتە. هەر لە جەمالەدینی ئەفغانی تا یوسف قەرزاوی نەهزەی ئیسلامیی عەرەبیی نەهزەیەکی حەرەکیی فەوزەویی بووە و بەر مەبنای تیۆرێکی تۆکمە دانەمەزراوە و ئیدی لەمە زیاتری پێناکرێ کە ئێستا پێی گەیشتووە.
هەرچیی ئەو نەزعە پاوانخوازیی و بنەماڵەییە تەماحکار و قورخکارەش هەیە بەنی ئوممەییە بە گشتی و موعاویە بەتایبەتی لێی بەرپرسن. موعاوییە نە لە بەیعەی ڕیزوانە و نە لە موهاجیرینیشە بۆیە زۆر بەسانایی دەکرێت ڕەخنەی توند لەو ئیمانەی بگیردرێت کە پاڵی پێوەنا دەسەڵات لە شوراوە بۆ بنەماڵەییبوون بگوازێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆش هەر میراتگری ئەو ڕۆژەیە.
ئیفراطی شیعە و تەفریطی وەهابیزیم وایکردووە موسوڵمانان دڵیان داناچڵەکێ بە سەربڕینی کچەزای پێغەمبەر. [1]