برای دڵسۆزم عزی!
پڕ بەدڵ بیرت ئەکەم. حەز ئەکەم دوو شەو و ڕۆژ لەگەڵت دانیشم، قسەی خۆش بکەین، غەیبەتی حەڵاڵ بکەین، قەرزی دووریی ئەم چەند ساڵەت لێ وەربگرمەوە و بدەمەوە. نامەکەت گەیشت. زۆر سوپاس. لە بارەی کتێبەکەی مەرحومی باوکتەوە حەز ناکەم بۆتی بنێرمەوە و تائێستاش هەواڵی داوای ناردنەوەیم لە کەس وەرنەگرتووە، ئەگەر لەیادت بێ. من ئێستا لەسەر سەفەرم. لەوانەیە تا ئاخری مانگ بڕۆم بۆ عیلاج، کە هاتمەوە ئەگەر پەلوپۆم پەیدا کردبوەوە بۆت ئەنووسمەوە. ئەگەر ناش وا لێرە شیرینم لێ ئاگادار کردوە بەم برایانەدا بوت بنێرێتەوە. خۆ ئێستا کاغەز لێرە بەندی 50 هەزار کەمتر نی یە. ئەم چەند ساڵە نە کتێبێ نە گۆڤارێ نە نامەیێ نە هەواڵێکت نەبوو. کام لە کچەکان شووی کردوە؟ پیرۆزی بێ و بە دایکی کوڕان بێ. ئیشەڵڵا ئەوانی دیکەش بەرودوا شووی خۆیان ئەکەن. شیرین زۆر سڵاوی بۆ خۆت و ڕووناک خان و کچەکان هەیە. مناڵەکانمان دەستان ماچ دەکەن. ماڵی سەلاح هەموویان، ماڵی عالیە، ماڵی کاکەم سڵاویان هەیە. باوکم چاوت ماچ ئەکا و دوعای خێرت بۆ ئەکا. سڵاوی زۆرم بۆ ڕووناک خان. سڵاوەکانت هەموو ئەگەیەنم. ئیتر خۆشیتان. [1]
برات: حەمە
5/9