ڕۆژی پێنجشەممە #02-02-2023# لە سەڵاحەدین سەرۆک #مەسعود بارزانی# پێشوازی لە (مایک برایسۆن ڕیچاردسۆن) باڵیۆزی بەڕیتانیا لە ئێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە (ڕۆزی کەیڤ) کونسوڵی بەڕیتانیا لە #هەولێری#ش ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و باڵیۆزی بەڕیتانیا لە ئێراق خۆشحاڵیی خۆی بە هەنگاوەکانی لایەنە سیاسییەکان بۆ گفتوگۆ و گەیشتن بە چارەسەری گونجاو و هاوبەش نیشاندا. لە بەشێکی ئەو دیدارەدا پەیوەست بە پرسە سیاسییەکانی هەرێم سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی ترە ، پێویستە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچن و هیچ پرس و بیانوویەکی تریش بۆ دواخستنی جێگەی قبووڵ نییە.
هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئاڵوگۆڕ کرا و جەختیش لەوە کرایەوە کە پێویستە ڕێکخستن و نوێکردنەوە و چاکسازیی لەناو ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ پڕەنسیپ و مۆڕاڵ و سەروەرییەکانی پێشمەرگەدا هاوتا بێت.
کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵی ئێراق تەوەرێکی تری ئەو دیدارە بوو.[1]