ئەگەر زەمەن جارێکی دی بگەڕێتەوە
دەبمەوە منداڵی ساواو
تێر بە گەرووم دەقیژێنم ..
دەبمە زاروی حەوت ساڵان و
دەچمەوە دێ و
تا شل دەبم
لەگەڵ هاوڕێ بچووکەکانم
یاری دەکەم ..
ئەگەر تەمەن جارێکی دی بگەڕێتەوە
دەچمەوە نێو
قوتابخانەکەی کاولە خەزنەو
تەباشیرێ وەدەست دەگرم
تەختەڕەشی گشت پۆلەکان
پڕ پڕ دەکەم لە شیعری جوان
دەست لەملی یەکە یەکەی
قوتابیانی هاوسەردەمم دەکەمەوەو
دیسان وەکو جارانی زوو
جامە ماستی سەر بە سەرتوو و
بە چەپکە گیاو بەبەن پێچراو
بەدیاری بۆ مامۆستاکانی خۆم دەبەم ..
ئەگەر تەمەن کەرەم بکاو
تەنیا جارێ بگەڕێتەوە
دەزانم چۆن وەک گەنجێکی
خورتی گوندی
لە دەشت و دەر کشت دەڕۆم و
بەناو لەپ ئاو دەخۆمەوەو
لەسەر جۆگاکان باز دەدەم ..
گوێ لە دەنگی مەل دەگرم و
لە ئاسمانێ ڕادەمێنم ..
دەبمە شوان و
کارو بەرخان بە قاڕەقاڕ
لە دایکەکانیان بەردەدەم ..
ئەمجارەیان
لەگەڵ زەوی دەبمە دۆست و
دەیکێڵم و دایدەچێنم ..
دەراوەکان دەگرمەوەو
ئاودان دەکەم ..
دەبمە شەیدای ئەم سروشتەو
دەست دەدەمە خاکەناسێ
ئەمجارەیان
هەرکێ بەلامدا ڕابوورێ
بکا باسی کوردایەتی و
شۆڕشی نوێ
لەوێ پشتی دەشکێنم و
دەیخەمە ژێر خاک و خۆڵ و
دارو بەردی پێدا دەدەم ..
2023/2/6
هەولێر
شوکر قادر.[1]