نیگای مامۆستایەک بۆ ئەو ڕۆژانە
#بەختیار حەمەسوور#
ناوی مامۆستا ڕەشید کەریم و پەڕتووکەکەیم بۆ یەکەمجار لە گفتوگۆیەکی مامۆستا عومەر مارف بەرزنجیدا بیست و بینی، دواتر بۆی گەڕام و پەڕتووکەکەیم دۆزییەوە و خوێندمەوە. مامۆستا عومەر مارف بەرزنجی باس لە پەنجاکان (1954) دەکات، ئەو کات لە بەرزنجەوە هاتوونەتە سلێمانی ئەم خوێندکاری سەرەتایی بووە و دەڵێت: (من گیانم بەوە بوو کە هاتینە سلێمانی بە دەیان قوتابی بەرزنجەیی لە شار لە قۆناغە جیاجیاکانی خوێندندا بوون، ئەوانە زۆریان خزم و ناسیاو بوون، کە هاتینە شار لە پشووی نیوەی ساڵدا بوو، تاقیکردنەوەی نیوەی ساڵم دابوو، لە پشووی نیوەی ساڵدا بووم باوکم لە قوتابخانەی (مەڵکەندی) ناوی تۆمار کردم، قوتابخانەکە دەکەوتە گەڕەکی گاورانەوە، بەڕێوەبەرەکەی خوالێخۆشبوو مامۆستا (رەشید کەریم) بوو، پیاوێکی تا بڵێی باش بوو، ئەو مامۆستایە دواتر پەڕتووکێکی بە ناونیشانی (بیرەوەری...! سیویەک ساڵ لە ژیانی مامۆستایەک) بڵاوکردەوە و نووسخەیەک لەو پەڕتووکە لە پەڕتووکخانەکەمدا هەیە و لە لام پیرۆزە.) (1)
$بەردی بناغەی نووسینەوەی بیرەوەریی$
پەڕتووکی (بیرەوەریی سیویەک ساڵەی مامۆستایەک) لە نووسینی ڕەشید کەریم لە ساڵی 1960 لە سلێمانی و لە چاپخانەی ژین چاپ کراوە.(2) پەڕتووکەکە وێڕای بایەخی بیرەوەری نووسینەوە لەو سەروەختەدا، دەتوانێت لە کۆمەڵێک لایەنی دیکەشەوە گرنگ بێت. ئەگەر تەماشای ئەو پەڕتووکانە بکەین کە لەو دەوروبەرەدا بە کوردی چاپ بوون، دەبینین ڕێژەیەکی زۆر نین، هاوکات لەناو ئەم ڕێژەیەشدا زۆر کەمن تایبەت بن بە بیرەوەری، دەتوانین ئەم پەڕتووکەی ڕەشید کەریم لە دەستەی یەکەمی ئەو پەڕتووکە کوردییانەدا دایبنێین کە بەردی بناغەی نووسینەوەی بیرەوەرییان بە زمانی کوردی داناوە. بەڵام پەڕتووکەکە هەر لەو ڕووەوە بایەخدار نییە، بەڵکوو لە چەند لایەنی تریشەوە جێی بایەخە، چۆن نووسەرەکەی هەر بەتەنیا باس لە خودی خۆی ناکات، بەڵکوو ژیانی خۆی لە پانتایی گشتیدا وێنا دەکات و تێکەڵ بە بارودۆخ و کەشوهەوای ڕووداو و کەسێتییەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست دەبێت، خوێنەر لە چاوی مامۆستایەکەوە بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە بەسەر ئەو ڕووداو و کەسانەدا دەچێتەوە، کە بەشێکی ئەم بەسەرداچوونەوانە پڕن لە زانیاری نوێ و نەبیستراو، بە واتایەیەکی تر، ئەم پەڕتووکە دەتوانێت لە داڕشتنەوەی مێژوودا کۆمەکمان بکات، پەی بە هەندێک لایەنی نەبینراو ببەین و لە تاریکی و قاتوقڕی سەرچاوە و زانیاری ئەو ساڵانەدا، بەرچاوڕوون بێت.
$هەستی بە شڵەژانێک کردووە$
پەڕتووکەکە بە پێشەکییەکی کورتی مامۆستا گۆران دەست پێ دەکات، ئێمە دەزانین گۆرانی شاعیر دوو ساڵ دوای ئەم پێشەکییە کۆچی دوایی دەکات. گۆران لەم پێشەکییەدا باس لە ئاشنایەتی و هاوڕێیەتی خۆی و ڕەشید کەریم دەکات و بۆ ساڵانی (1928 تا 1936) دەگەڕێتەوە. پاشان باس لە دڵسۆزی و ڕاستگۆیی ڕەشید کەریم دەکات وەک مامۆستایەک، بە درێژایی ئەو ساڵانە لێی نەبیستووە خەریکی نووسین و دانانی نامیلکە بێت. کاتێک ئەم نامیلکەیەی داوەتە دەست، وەک شتێک هەستی بە شڵەژانێک کردووە، دەزانێت مامۆستا ڕەشید لە پیشەی نووسیندا شارەزایی ئەوتۆی نییە، بۆیە دەڵێت: نە هونەری نووسینی خستووەتە پێشچاو، نە لێدوان لە پیشەکانی مامۆستایی، بەڵکوو تەنیا ویستوویەتی (وەک) فیلمێک تیژ تێپەڕێ، ئەو 31 ساڵەی ژیانی تایبەتیی خۆی، لەگەڵ ڕووی هەندێ لە کارەساتەکانی دەوروبەری لە باری سەرنجی خۆیەوە پیشان بدات. دواتریش زمانی نامیلکەکە بە ساکار ناو دەبات و چاپبوون و خوێندنەوەی وەک هیوایەک دەبینێت. ئەم پێشەکییە کورتە لەلایەن یەکێک لە ستوون و پێشەنگەکانی شیعری نوێی کوردییەوە، مامۆستا گۆران، بۆخۆی یادەوەرییەکی جوانە لەم پەڕتووکەدا، هاوکات دەتوانێت لە پشتینە (باکگراوند) ی ئەو وتە کورتەدا ئەوەش بخوێنرێتەوە گۆران لەناو زەمەنەکەی خۆیی و لە کایە ڕۆشنبیرییەکەدا ژیاوە، تێکەڵیان بووە و بەشێک لە کەسانی دەوروبەریشی بە چاوێکی تایبەت لێیان ڕوانیوە. دواتر ڕەشید کەریم خۆی پێشەکییەکی کورتی نووسیوە و تێیدا باس لەو تەنگوچەڵەمە و چەرمەسەرییە دەکات لە ماوەی ئەم سیویەک ساڵەی وا لەم پەڕتووکەدا لێی دەدوێ، بەسەری هاتووە، هەروەها سوپاسی مامۆستایان نووری عەلی ئەمین و گۆران و نەجمەدین مەلا دەکات، کە هەریەکە و بە جۆرێک لە چاپکردنی ئەم پەڕتووکەدا هاوکارییان کردووە. دواتریش لەژێر ناوی «چەند وشەیەک»، مامۆستا نەجمەدینی مەلا باس لەم «بیرەوەری» و «گەشت»نامەیە دەکات، بە کورتی لە گرنگیی پەڕتووکەکە دەدوێ و بە ڕستەیەکی خۆش کۆتایی پێ دێنێت و دەنووسێت: «دوای ئەوەش بۆنی خۆشیی نان و کەباب وە خۆراکی خۆش لەوێ بوەستێ، هەرچەند من بۆنم کرد و لێم نەچەشێت، بەڵام هەر خۆشە.»
ڕووداوەکانی ئەم بیرەوەرییە لە ساڵی 1925وە دەست پێ دەکات، ئەویش چوونی ڕەشید کەریم بۆ قوتابخانەی مامۆستایانە لە بەغدا لەگەڵ هەریەک لە «فایەق بێکەس، نووری ساڵح، نووری محەمەد بەگ»، باس لە ڕەوشی ئەوکاتی سلێمانی دەکات و دەنووسێت: «ئەو سەردەمە بەهۆی شۆڕشی «شێخ مەحموود»ەوە دوو ساڵ پتر قوتابخانەکان داخرابوو، چونکە ئینگلیزەکان بۆمبابارانی سلێمانییان ئەکرد، زۆرمان چووبووین بۆ ئەملا و ئەولا بۆ خوێندن.» با لە زاری خۆیەوە دەستپێکی ئەو سەفەرەیان بۆ بەغدا ببیستین: «لەگەڵ هاوڕێکانم بە ئوتوموبێلێکی شەقوشڕی کۆن کەوتینە ڕێ بۆ بەغدا. گەرما و تۆزی ڕێ شپرزی کردین، لە نزیکی (کفری) ئوتوموبێلەکەمان پەکی کەوت. لەو شوێنە گەرمە دوو کاتژمێرێک وەستاین هەتا چاک بووەوە. هەرچۆنێک بوو خۆمان گەیانە «کفری» چووینە گەراجێکی ناخۆش. کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ و نزیکی ئێوارە چووینە دەرەوە بۆ بینینی ناوشار و گەڕان.»
$وەک سەرچاوەیەک بۆ تێگەیشتن$
یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم پەڕتووکە بچووک و بەنرخەی کەریم ڕەشید زۆری گەڕانیەتی بە شوێن و شارە جیاوازەکاندا، بەشێکی زۆری ئەو گەڕانانەش دەگەڕێنەوە بۆ خودی وەزیفەکەی، کە پیشەی مامۆستایەتی بووە. هەر ئەمەش وایکردووە کەسانی جیاواز بناسێت و هەڵسوکەوتی جیاوازیان شارەزا بێت، هاوکات لە ڕێی بینینی ئەو شوێن و شارە جیاوازانەوە توانیویەتی ڕەنگاڵەییەک لە خوو و نەریت و باری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسی و مێژوویی و جوگرافیی ئەو جێیانە پێشان بدات، بەمەش بە تێکڕایی وێنایەک لە بارودۆخی ئەو کات لە هەندێ گۆشە و پەناوە دەردەخرێ، دەتوانین وەک سەرچاوەیەک بۆ تێگەیشتن لەو زەمەنە و نووسینەوەی مێژووشدا بۆی بگەڕێینەوە و پشتی پێ ببەستین. بۆ نموونە لەژێر ناونیشانی «گۆڕانم بۆ: «کە مەبەستی گواستنەوەیەتی وەک مامۆستا لە قوتابخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکی تر، ئەم جێیانەی بینیوە: «چەمچەماڵ، هەڵەبجە، عەربەت، عەبابەیلێ، بەکرەجۆ، سێوسێنان و...» دواتریش بە هۆکاری نەخۆشی گەشتی بۆ وڵاتی ئێران و تورکیا کردووە.
$ناوی هەرسێکمانی خوێندەوە$
لەم پەڕتووکەدا کۆمەڵێک ڕووداوی مێژوویی تاووتوێ دەکرێت، خودی نووسەرەکەی تێیاندا بینەر و بەشدار بووە، ئەمەش یەکێکی ترە لە گرنگیی ئەم پەڕتووکە، بۆ نموونە شەڕی بەردەرکی سەرا و بەشداریکردن و دواتریش بەندکردنی، لەم بارەیەوە دەنووسێت: «پاش دوو ڕۆژ ئەو هەرایە و خوێنڕژانە بووبوو، من و مامۆستا ڕەفیق حیلمی و خوالێخۆشبوو مستەفا مەولوود لە یانەی ئەفسەرانی ئێستە دانیشتبووین ئەوسا گازینۆ بوو، لەپڕ کۆمەڵێ پۆلیس کردی بەو شوێنەدا کە ئێمەی لێ بووین، ناوی هەرسێکمانی خوێندەوە، بانگیان کردین بردیانین بۆ ژوورێک بەرانبەر ژووری بەڕێوەبەری پۆلیس بوو. دایانناین دوو کاتژمێر لەوێ ماینەوە، بێ ئەوەی پرسیارمان لێ بکەن، لە دواییدا پۆلیسێکمان بانگ کرد وتمان برسیمانە، ئەگەر وا زوو بانگمان ناکەن بنێرن هەندێ کەباب و نانمان بۆ بێنن بیخۆین، پاش چارەکێ خواردنەکەیان بۆ هێناین خواردمان سەروچاشمان خواردەوە. ئەوەندەی پێ نەچوو هەرسێکمانیان بانگ کرد بۆ ژووری مەرکەز. کاتژمێر و پارە و شتی ترمان چی پێ بوو لێیان سەندین و ڕاپێچیان کردین بۆ ژووری بەندیخانەکە، کە نزیکی سەراکە بوو. کە چووین تەماشامان کرد قوتابی و مامۆستا و لاو و ئەهالی بەسەریەکا کەوتوون، لەناو دوو ژووری تاریک و پیس کە بەرانبەر یەکبوون، یەکێ دەستی بریندارە، یەکێ سەری پێچراوە، یەکێ قاچی، بە تایبەت «بێکەس» کە بە قۆناغە تفەنگ لێیان دابوو سەروچاویان شکاندبوو، و پێوەندیش کرابوو، ئیتر بەبێ هەست چاوم پر بوو لە ئاو و فرمێسکم داهێڵا، هەروەکو بوێژ «تاهیر بەگی جاف» ئەڵێ:
ناحەق نییە ناوەستێ ئەگەر پردی تەحەمول
سیروانی سروشکم کە ئەکا هاژە لە سەردا
ئەوانیش کە چاویان بە ئێمە کەوت، ئەوەندەی تر دڵگیر و خەمبار بوون.»
پەڕتووکەکە کۆمەڵێک وێنەی کەسایەتی تێدایە، لەوانە: شێخ مەحموودی حەفید، مەلا مستەفای بارزانی، فایەق بێکەس، وێنەی خۆپیشاندانی شەشی ئەیلوولی 1930 لە سلێمانی، کۆمەڵێک فۆتۆی مامۆستا ڕەشید کەریم لە شوێن و کاتی جیاوازدا، بۆ نموونە فۆتۆیەکی لە ساڵی 1938 لە پیرەمەگروون، لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتی شاردا، لەوانە: «بێکەس، ڕەفیق حیلمی، مەحموود، شێخ محەمەد زهدی، ڕەئوف حاجی ئەمین، مستەفا مەولوود، کەریم سەعید و ڕەشۆڵ»، هەروەها وێنەی «دۆڵمە باخچەسی» لە ئەستەمووڵ و گەلێک وێنەی دی.
بە کورتی، ئەم پەڕتووکە لە «64» لاپەڕە و «13» بەشدا، وێڕای ئەزموون و یادەوەریی سیویەک ساڵەی مامۆستایەک، کۆمەڵێک ڕووداوی زۆر گرنگیش دەگێڕێتەوە، بە زمانێکی سادە و ڕەوان، بە ڕێنووس و خاڵبەندی و ئیملایەک کە دەلالەت لە زەمەنی خۆی دەکات و بەشێکە لە مێژووی شێوەنووسینی کوردی، کە پاشتر بە چەند قۆناغێک گەشەکردن و چەند دەیەیەک کارکردن تێیدا، گەیشتووەتە ئەم شێوەنووسینەی ئەمڕۆ پێی دەنووسین. ئەم پەڕتووکە شەستوسێ ساڵ لەمەوبەر چاپ و بڵاو بووەتەوە، ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا کۆمەڵێک لەو شتانەی وا لەم بیرەوەرییانەدا باسیان لێوە کراوە گۆڕاون، بەڵام لە کۆمەڵێک نوختەی بیرکردنەوەی نەریتی و ئاستی دواکەوتووییماندا، هەر لەو زەمەنە و زۆر پێشتریشداین.[1]
$سەرچاوە:$
(1) هەڤپەیڤینی ئازاد عەبدولواحید لەگەڵ عومەر مارف بەرزنجی، گۆڤاری ڕامان، ژمارە: 127، 05-12-2007.
(2) بیرەوەریی سیویەک ساڵەی مامۆستایەک، مامۆستا ڕەشید کەریم، چاپخانەی ژین، ساڵی 1960، سلێمانی.