ئەکادیمیای زانستیی تورکیا: پێشتر دەسەڵاتمان لەبوومەلەرزەی وێرانکەر ئاگادارکردەوە
چوارشەممە 08.02.2023
هێرش جەلال
سەرلەبەیانی 6ی ئەم مانگە چەند بومەلەرزەیەکی بەهێز باکوورو ڕۆژاوای کوردستانی هەژاندو کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لێکەوتەوە، ناوەندی بومەلەرزەکە باکووری کوردستان بوو، ئەندامێکی ئەکادیمیای زانستی تورکیا دەڵێت: پێشتر هۆشداریمان لەڕوودانی بومەلەرزەی بەهێزو کارەساتبار لەو ناوچەیە بەدەسەڵات داوە بەڵام هیچ ئامادەکارییەکی پێشوەختە نەکراو گوێیان لێ نەگرتین و ئێستاش هەموولایەک ئاگاداردەکەمەوە کەئەو ناوچانە، شوێنی مەترسیدارن و پێشبینی بومەلەرزەی دیکەش لەوێ دەکرێت.
یەکەم بومەلەرزە کاتژمێر 4:17 بەگوڕی 7.7 ناوچەی پازارجکی پارێزگای مەرەش، دووەم بومەلەرزە کاتژمێر 4:26 بەگوڕی 6.4 ناوچەی نورحەقی دیلۆک (عەنتاب) و سێیەم بومەلەرزەش کاتژمێر 4:36 بە گوڕی 5.5 ناوچەی ئیسلاحیەی دیلۆکی (عەنتاب) باکووری کوردستانی هەژاند.
بومەلەرزەکان لەقۆڵایی هەشت بۆ پێنج کیلۆمەتر لەژێر زەوی ڕوویانداو هەرسێکیان زیاتر لەخولەکێک بەردەوام بوو. لەگەڵ پارێزگاکانی دیلۆک و مەرەش، بومەلەرزەکان کاریگەریەکی زۆریان لەسەر پارێزگاکانی، ئامەد، سەمسوور، ڕوحا، مێردین، سێرت، شڕنەخ، کلس، مەلەتی، عوسمانیە، هاتای و ئەدەنەی باکووری کوردستان و تورکیا درووستکرد.
لەئاستی دەرەوەشدا، بەشێوەیەکی زۆر کاریگەر، شارەکانی، حەلەب، حەما، لازقیە، ئیدلب و تەرتوسی سووریاو عەفرین و کۆبانێی ڕۆژاوای کوردستانی گرتەوە. هەروەها لەشارەکانی دهۆک و هەولێر بەئاسانی هەستی پێکرا و کاریگەریی لەسەر پارێزگای سلێمانیش هەبوو. بومەلەرزەکان هەروەها بوونە هۆی ئەوەی هێڵی نەوتی کەرکووک-جەیهان دابخریت و حکومەتی هەرێم سێ ڕۆژ پشووی فەڕمیڕاگەیاند. بومەلەرزەکان لەدەریای ناوەڕاستدا قوبرسی گرتەوە و تاوەکو لوبنان، ئیسرائیل، فەڵەستین، عەممان و میسریش درێژ بووەوە. بەو پێیەش وەک یەکێک لەگەورەترین بومەلەرزەکانی جیهان پێناسەکرا.
جگە لەوە هەمان ڕۆژ کاتژمێر 13:24 بومەلەرزەیەکی دیکە بەگوڕی 7.6 ناوچەی ئەلبیستانی پارێزگای مەرەشی هەژاندەوە.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کارەساتە سرووشتییەکانی تورکیا (ئافاد) ، لە باکووری کوردستان و تورکیا بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیاتر لەچوار هەزارو 540 کەس گیانیان لەدەستداوەو 26 هەزارو 720 کەسیش برینداربوون. هەروەها نزیکەی شەش هەزار باڵەخانەش داڕماون و زیان بەر 11 هەزارو 302 باڵەخانەی دیکەش گەیشتووە.
لە ڕۆژاوای کوردستان و سووریاش، بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندرووستی سووریا هەزارو 600 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی چوار هەزار کەسیش برینداربوون. عەفرین یەکێک لەو شارانەی ڕۆژاوای کوردستانە کە زیاترین زیانی بەرکەوتووە کەنزیکەی 60 کەس گیانیان لەدەستداوە.
$لێقەوماوان یارمەتیی پێویستیان پێنەگەیشت$
هاوکات لەگەڵ بومەلەرزەکان، کەشوهەوایەکی سارد، باران و بەفرێکی زۆر باکووری کوردستانی گرتووەتەوە. لەزۆربەی پارێزگاکان و ناوچەکانیان، پلەی گەرما لەژێر سفرەوەیە، زۆربەی هاووڵاتیان ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە و بەرەو گوندەکان بەڕێکەوتوون، ئەوانەی کە لەشارەکاندا ماون، لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان و مزگەوتەکاندا ژیان بەسەردەبەن، زۆربەی دوکان، نانەواخانەو مارکێتان وێران بوون، یاخود داخراون و بەو هۆیەوە قەیرانێکی گەورەی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکانیش درووستبووە.
ئیدریس شاهین وتەبێژی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) ، ڕایگەیاند، حکومەت تاوەکو ئێستا هاوکاری و یارمەتیی پێویستی پێشکەش بەلێقەوماوان نەکردووە و وتی: « جگە لەوە کەخواردن، پۆشاک، ئامێری خۆگەرمکردنەوە و پەناگەی وەک کۆنتەینەر بۆ زیانلێکەوتووان دابین نەکراوە، هەروەها هەڵمەتی گەڕان و ڕزگارکردنی هاووڵاتیانیش زۆر بەخاوی بەڕێوەدەچێت.»
لەلایەکی دیکەوە، بەهۆی ئەوەی حکومەت جگە لەناوەندە حکومییەکان ڕێگەنادات هاوکاری و یارمەتیی هیچ ڕێکخراوو پارتێک بگەیەندرێتە لێقەوماوانی بومەلەرزەکە.
مانگی سووری کوردستان لەسەر ئەم بڕیاری حکومەت ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو داوای لەکوردانی چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات کرد کە لە ڕێگەی ڕێکخراوەکەیانەوە، پارە کۆبکەنەوەو چەند هەژماری بانکی بڵاوکردەوە کە لەو ڕێگەیەوە هاوکاری پێشکەش بەزیانلێکەوتووان بکرێت.
هاوکات کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەو بەدەیان کەسایەتی و پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان، داوایان لەگەلی کورد کرد بەهانای زیانلێکەوتووانەوە بڕۆن.
هەروەها کۆمەڵێک ڕێکخراوو پارت و کەسایەتی ڕۆژاوای کوردستان ئامادەییان دەربڕی کە بەهەموو شێوەیەک هاوکاری و یارمەتیی بۆ زیانلێکەوتووانی سووریاو ڕۆژاوای کوردستان پێشکەش بکەن.
$هۆشداری لەبوومەلەرزەی دیکە دەدرێت$
پرۆفیسۆر دکتور جەلال شەنگۆر زانای جیۆلۆجی تورکیا لەبەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا، ئاماژەی بەوەکرد کەپارێزگاکانی ئەدەنە، هاتای و دەوروبەریان کەدیلۆک و مەرەش دەگرێتەوە، شوێنێکی مەترسیدارن و ئەگەرێکی زۆری هەیە، بومەلەرزەی دیکە ئەو ناوچانە بگرێتەوە.
هەروەها پرۆفیسۆر دکتور ناجی گورۆر ئەندامی ئەکادیمیای زانستی تورکیاش لەبەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی کەناڵی فۆکسی تورکیدا ڕەخنەی لەحکومەت گرت کەگوێیان لێنەگرتوون و وتی: « چەندین جار هۆشداریمان بەدەسەڵاتدارانی ناوچەکە داوە لەئەگەری بومەلەرزەی بەهێز، بەڵام هیچ گوێیان لێنەگرتین، زمانمان مووی لێهات کەچی بەردەوام بوون لەسەر خەمساردییان، ئێستاش هەموولایەک ئاگاداردەکەمەوە کەئەو ناوچانە، شوێنی مەترسیدارن و پێشبینی بومەلەرزەی دیکەش لەوێ دەکرێت.
$یارمەتیی وڵاتانی جیهان$
هەرچەندە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە ڕۆژی بومەلەرزەکەدا ڕایگەیاند کەئەوان دەتوانن دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و پێویستیان بە هاوکاری هیچ وڵاتێک نییە، بەڵام چەندین وڵاتی دیکەی وەک، ئەمریکا، ئەڵمانیا، سوید، فینلەندا، فەرەنسا، یۆنان، ڕوسیا، ئازەربایجان، پاکستان، هیندستان، چین، میسر، بەڕیتانیا، ئوکراینا، نەمسا، قوبرس و ئیسپانیا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە کەهاوکاری زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە بکەن. هەندێکیان تیمی شارەزاو فریاکەوتنی خێراشیان بۆ تورکیا ناردووە.
$باکووری کوردستان و بوومەلەرزە$
لە ساڵی 2011ەوە چەندین جار بومەلەرزەی بەهێز، شارەکانی باکووری کوردستانیان هەژاندووە. یەکێک لەگەورەترین بومەلەرزەکان، لەناوچەی ئەرجیشی وان ڕوویدا لە 23ی تشرینی یەکەمی 2011. لەو بومەلەرزەیەدا نزیکەی 650 هاووڵاتی کورد گیانیان لەدەستداو نزیکەی دوو هەزار کەس برینداربوون. بومەلەرزەیەکی بەهێزیش لە 24ی کانونی دووەمی ساڵی 2020دا لە شاری خارپێت (عەلازیخ) ی باکووری کوردستان ڕوویدا، لەو بومەلەرزەیەشدا نزیکەی 300 کەس گیانیان لەدەستداو زیاتر لەهەزار کەس برینداربوون.
باکووری کوردستان دەکەوێتە نێو دوو هێڵی بومەلەرزەوە کە یەکێکیان لەکەنداوی عەرەبییەوە درێژدەبێتەوە بەزنجیرە چیای زاگرۆس تاوەکو خارپێت، مەلەتی درێژدەبێتەوە و هێڵەکەی دیکەش لەئەنجامی یەکگرتنی دوو هێڵی بومەلەرزەوە درووستدەبێت کە هەردوویان لەدەریای ناوەڕاست و ئیجەوە درێژدەبنەوە تاوەکو هاتای و لەوێوە بۆ مەرەش و دیلۆک.
[1]