بەهۆی نەناردنی تیمی فریاگوزاری لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکان لە زیادبووندایە
چوارشەممە 08.02.2023
بەهۆی ڕێگری کردن و نەناردنی هاوکاری و فریاگوزاری لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، بۆ ئەو ناوچانەی باکووری کوردستان و تورکیا، کە تێیاندا بوومەلەرزەکان ڕویداووە، زیاتر شەش هەزار کەس لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزانە گیانیان لەدەستداوە، بە گوێرەی زانیارییەکانیش دوای تێپەربوونی زیاتر لە دوو ڕۆژ بەسەر کارەساتەکە، هێشتا بۆ هەندێک ناوچە تیمی فریاگوزاری ڕەوانە نەکراوە و پڕۆسەی ڕزگارکردن دەستی پێنەکردووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی 6ی ئەم مانگە، چەند بوومەلەرزەیەک، کە بەهێزترینیان 7.8 پلەی بەپێوەری ڕێختەر بوو، بەشێک لە ناوچەکانی باکووری کوردستان، تورکیا، ڕۆژاوای کوردستان و سووریایان هەژاند و لە ئەنجامدا بە هەزاران کەس لەو ناوچانەی بوومەلەرزەکە کاریگەریی لەسەریان هەبووە، بێ ماڵوحاڵ بوون و هەزاران خانوو و شوێنی نیشتەجێبوون خاپوور بوون و زیانێکی زۆری گیانیشی لێکەوتەوە.
بە پێی دوایین ئامارەکان لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزانە، تا ئێستا لانی کەم شەش هەزار 234 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 35 هەزار کەس بریندار بوون، سەرچاوە خۆجێیەکانیش جەخت لەوەدەکەنەوە، ژمارەی قوربانیان زۆر لەوە زیاترە کە ڕاگەیەنراوە
ئەمەش لە کاتێکدایە بەپێی ئەو سەرچاوانە، تا ئێستا لە هەندێک لە ناوچەکانی هاتای، مەڕەش، دیلۆک و سەمسۆر، هێشتا هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردن لەو باڵەخانانەی بەتەواوەتی خاپوور بوون، دەستیپێنەکردووە.
هەر بە گوێرەی ئەو زانیارییانە، سەرباری سستی تیمەکانی فریاگوزاری بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە و ئەو کەسانەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندان، لە زۆربەی ناوچەکان کەرەستە و پێدوایستی پزیشکی و درمان کەمە.
هەروەها بەشێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو ناوچانە زیانیان بەرکەوتووە و بەهۆی کەمی پێداویستی نەشتەرگەری ژوورەکانی نەشتەرگەری بەکار ناهێنرین، باس لەوەش دەکرێت سوتەمەنی پێویستیش بۆ ئۆتۆمبێلەکانی فریاگوزاری دابین ناکرێت.
لە هەندێک لە ناوچەکان، کە تیمەکانی فریاگوزاری بۆ نەنێردراوە و پڕۆسەی فریاگوزاری دەستی پێنەکردووە، هاووڵاتیان بە پێی تواناکانیان هەوڵ دەدەن ئەو کەسانەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندان ڕزگار بکەن.
لێقەماوان و زیانلێکەوتووانی بووەمەلەرزەکان، سەرباری ئەوەی دوو شەوە لە کەشێکی نالەبار و سەرما و سۆڵە لەدەرەوە دەمێنەوە، هێشتا بە پێی پێویست خزمەتگوزاری و کەرەستەکانی خۆگەرمکەرەوە و خوراکی تەندرووستیان بۆ دابین نەکراوە و ئەوەش وایکردووە تا دێت ژمارەی قوربانیان بەرزتر ببێنەوە.
بە پێی زانیارییەکان لە ئەنجامی بوومەلەرزەکان، لە ڕۆژاوای کوردستان و سووریاش نزیکەی دوو هەزار و 531 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی چوار هەزار کەسیش بریندار بوون.
[1]