ناونیشانی بابەت: کوردستانی گەورە و بومەلەرزە.
ئامادەکردن: #لوقمان حەوێز#
هەروەکو لە نەخشەکەدا بەوردی دیارە کە هی دەزگای ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمەریکایی: USGS، هەردوو پلێتی تەکتۆنی عەرەبی و ئۆڕاسیا ڕێک لەناو خاکی کوردستانی گەورە بەیەکتر دەگەن و بەسەر یەکتردا هەڵدەخلیسکێن هەر لە سەروی کەنداوی عەرەبی و نێوان سنووری هەردوو کوردستانی باشوور لەگەڵ کوردستانی ڕۆژهەڵات و باکوور تاوەکو کەنارەکانی کوردستانی ڕۆژاوا لەسەر دەریای ناوەڕاست، تکایە مەڵێن کورد نەگبەتە چونکە ئەم جوڵەیە و بەیەکگەیشتنە هی ئەمڕۆ نییە و ملیۆنەها ساڵە بەڕێوەیە پێش ئەوەی مرۆڤ لەسەر هەسارەکەمان سەرهەڵبدات هەبووە و دەستی پێکردووە، لەم بەیەکگەیشتنە پلێتی عەرەبی دەجوڵێت و بەرەو باکووری ڕۆژهەڵات دێت و پاڵەپەستۆ دەخاتە سەر پلێتی ئۆڕاسیا..
ئەم جوڵەیە کە زۆرزۆر لەسەرخۆیە دەبێتە هۆی درووستبوونی گرژی لەسەر پلێتە تەکتۆنەکانی قوڵایی زەوی کە بەسەر یەکتردا دەجوڵێن، بەزۆریش بەدەیان ساڵ ئەو گرژیە کۆدەبێتەوە و لەناکاو لەسەر ڕوبەرێکی ئەو هێڵی بەیەکگەیشتنە لە قوڵایی 10 بۆ 30 کیلۆمەتر گرژیەکە خاڵی دەبێتەوە و پلیتەکان بەسەر یەکتردا دەخزن، لەو ناوچەیەش لەو کاتەدا لەسەر زەوی بومەلەرزە درووست دەبێت و ئەو شوێنی خاڵیبوونەوەی گرژیە کە چەندەها کیلۆمەتر لە قوڵایی ژێر زەویە دەبێتە چەقی بومەلەرزەکە...
بۆیە ناوچە نزیکەکانی سەر ئەو هێڵی بەیەکگەیشتی ئەو دوو پلێتە بەناوچەی زیلزالی یان بومەلەرزەیی دادەنرێن، واتە ئەگەری ڕوودانی بومەلەرزە تیایاندا زۆرزۆر بەرزترە لە هەموو شوێنەکانی تر، دەشێت ئەو بومەلەرزانە زۆربەیان بچوک بن وبەردەوام ڕووبدەن کە تەنیا بەئامێری پێوانە سایزمیکیەکان لەسەر زەوی پێوانە دەکرێن، بەڵام بەهۆی پێکهاتەی ئاڵۆزی ئەو پلێتانە لەو قوڵاییە زۆرە لە هەندێک شوێنی ئەو بەیەکگەیشتنە گرژیەکان گەلێک زۆر دەبن و دەیان ساڵ یان سەدان ساڵ جارێک خاو دەبنەوە و بومەلەرزەی زۆر گەورە و وێرانکەر درووست دەکەن وەک ئەوەی دوێنێ و پێرێ ڕوویدا..
#چی بکرێت باشە#..؟
دیارە ئێمەی مرۆڤ هێشتا نەگەیشتووین بەئاستێک بتوانین هێزە سرووشتییە گەورەکان کۆنتڕۆڵ بکەین یان بە کاریگەریی دەستکاریان بکەین وەکوو بومەلەرزە وزریانە گەورەکان وخۆڵ بارینەکان بۆ نموونە، بۆیە بۆ بەرەنگاری بوونەوەی بومەلەرزە و خۆپاراستن لێی هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کۆدی بیناسازی واتە چۆنیەتی درووستکردنی خانووەکان و باڵەخانەکان لەو ناوچانە بە جۆرێک بێت تا ڕادەیەکی زۆر بتوانێت بەرگەی هێز و جوڵەی بومەلەرزە مامناوەندیەکان و گەورەکانیش بگرێت، ئەم کارە زۆر بەسەرکەوتوویی ئەنجام دراوە لە هەندێک وڵات و ناوچەی جیهان کە کەوتوونەتە سەر ئەو هێڵی بەیەکگەیشتنی تەکتۆنانە وەکوو وڵاتی ژاپۆن و ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ئەمەریکا، بێگومان هەنگاوی دووەم بوونی تیمی فریاگوزاری تایبەتە بەکەلوپەل وئامێری پێویست بۆ یارمەتیدان لە فریاگوزاری و ڕزگارکردن، جگە لەم دوو خاڵەش بێگومان بوونی سەنتەری زیلزالی لەو ناوچانە زۆر پێویستن بۆ بەردەوام چاودێریکردنی چالاکیە سایزمیکیەکانی قوڵایی زەوی و جوڵەی ئەو پلێتە تەکتۆنیانەن. [1]