ناونیشانی بابەت: گەورەبوونی پرۆستات
ئامادەکردن: د. #ڕەنج بیلال کاکەیی#
گەورەبوونی پرۆستات یاخود BPH بریتییە لە گەورەبوونی قەبارەی پرۆستات بەهۆی زیادبوونی گەشەی خانەکانی پرۆستاتەوە.
گەورەبوونی پرۆستات ، شێرپەنجەی پرۆستات نییە ، بەڵکوو حاڵەتێکی ناشێرپەنجەییە و بڵاونابێتەوە بۆ بەشەکانیتری جەستە، گەورەبوونی پرۆستات مەترسی ناخاتە سەر ژیانی کەسەکە، گەورەبوونی پرۆستات مەترسی زیادبوونی شێرپەنجەی پرۆستات زیاد ناکات.
گەورەبوونی پرۆستات بە پێ ی زیادبوونی تەمەن زیاتر درووست دەبێت زیاتر پیاوانی سەروو 50 ساڵ دەگرێتەوە.
گەورەبوونی پرۆستات دەکرێت سەرەتا نیشانەی نەبێت، بەڵام کە زیاتر قەبارەکەی گەورە بوو چەند نیشانەیەک درووست دەکات لەوانە:
1- ناڕەحەتی و قورسی لە کاتی میزکردن.
2- زوو زوو میزکردن.
3- کەسەکە هەست دەکات لەپڕ پێویستی بە میزکردن دەبێت.
4-جوڵە و هاتنەدەرەوەی میز خاو و لاوازە.
5- میزەلدان بە باشی بەتاڵ نابێتەوە، بۆیە ئەگەری هەوکردن زیاد دەکات.
6- لە سەرەتای میزکردندا، کەسەکە پێویستی بەوەیە پەستان بکات لە خۆی بۆ ئەوەی میز بکات.
7- بوونی خوێن لە میزدا.
پزیشکی پسپۆڕ بە ڕێگای پشکنینی فیزیکی، پشکنین لە ڕێی کۆمەوە، پشکنینی میز، پشکنینی PSA لە ڕێی خوێنەوە حاڵەتەکە دەستنیشان دەکات، ئەگەریش پێویستی بە پشکنینی سۆنەر، یاخود ئێکس- ڕەی، وەرگرتنی نموونە، یاخود پشکنینی زیاتر بوو ئەوا پزیشک بۆی دەستنیشان دەکات.
چارەسەری گەورەبوونی پرۆستات پزیشک دەستنیشانی دەکات، سەرەتا لەوانەیە تەنیا چاودێری و پشکنینی دەوری بێت، ئەگەر نیشانەی نەبوو یاخود نیشانەکان کەم بوون، گۆڕینی ستایلی ژیان گرنگە، یەکێکە لە ڕێگا باشە چارەسەرەکان بەکارهێنانی دەرمانە بۆ ئەوەی قەبارەی پرۆستات زیاتر گەورە نەبێت و بچووک بێتەوە، ئەگەر قەبارەی پرۆستات زۆر گەورە بوو یاخود دەرمان سوودیان نەبوو ئەوا ڕێگای نەشتەرگەری بەکاردێت.
چارەسەر بە ڕێگای نەشتەرگەری ئەنجام دەدرێت بە نازوور، لەیزەر یان ڕیزەم کە ڕیزەم تازەترین ڕێگای چارەسەرە. [1]