ناو: شکور قادر حەمەدەمین
ساڵی لەدایک بوون: 1967
شوێنی لەدایکبوون: گوندی (دهێمات) ی ڕۆژئاوای #هەولێر#/ باشووری کوردستان
قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی لە گوندی (خەزنە) ی هەمان سنوور و ناوەندی و ئامادەیی لە هەولێر و کۆلێژی یاسای لە #زانکۆی موسڵ# تەواوکردووە.
لە ساڵی 1987 لەکاتێکدا خوێندکاری قۆناغی سێیەمی کۆلێژ بووە لەسەر ڕەتکردنەوەی بەشداریکردن لە مەشقی سەربازیی زۆرەملێی ڕژێمی بەعسی دەسەڵاتداری ئەوسای ئێراق، بۆماوەی دوو ساڵ لە خوێندن فەسڵ کراوە، لەو ماوەیەدا دوای خاپوور کردنی گوندەکەیان لەلایەن بەعسەوە، ڕووی کردۆتە شاخ و لە دەڤەری بادینان بۆتە پێشمەرگە و نازناوی (#هەکاری#) بووە ، پاشان بەر لێبوردنی گشتی کەوتووە و گەڕاوەتەوە زانکۆ.
دوای تەواوکردنی خوێندن و پاش ڕاپەڕینی 1991 ماوەیەک وەک پارێزەر و چەند ساڵێکیش وەک لێکۆڵەری داد لە دادگای هەولێر کاریکردووە، لەو ماوەیەشدا لەپاڵ کاری خۆی لە ڕاگەیاندنەکانی باشوور کاریکردووە.
لە ساڵی 2004ەوە تا ئێستا دادوەری داوکاری گشتییە لە هەولێر و خاوەنی چەند تۆژینەوە و وەرگێڕانێکە لە بواری یاسادا .
هەر لە منداڵییەوە خولیای شیعرو ئەدەب بووەو خاوەنی دوو کۆمەڵە شیعری دەستنووسە بە ناوەکانی (کۆڵەگە) و (ژیانەوە) و بە چەندین شیعر و بابەتیش لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکانی باشوور بەشداری کردووە کە دیارترینیان لەسەر کارەساتی #هەڵەبجە#یە و لەژێر ناوی (شاری پەیکەر)
لە ساڵی 1998 لە ڕۆژنامەی برایەتی بڵاوکراوەتەوە.[1]