ڕێنمایی گشتیی بۆ ئەنجامدانی پشکنینی کۆلیسترۆڵ ئەوەیە کە لە سەرەتای بیستەکانی تەمەنەوە هەر 5 ساڵێک جارێک پشکنینەکە بکرێت، بەڵام ئەگەرهات و نیشانەکانی دەرکەوتن یان فاکتەری تەندرووستیی یان بۆماوەیی تر هەبوون، ئەوە پێویستە پزیشک ڕێنمایی بدات پشکنینەکە خێراتر بکرێت بەشێوەیەک هەموو ساڵێک جارێک یان دووجار پشکنینەکە ئەنجامبدرێت.
هەروەک ئەگەرهات و ئاستی کۆلیسترۆڵ بەرز بوو، ئەوە دەکرێت لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکیی تەندرووست یان وەرزشکردنەوە داببەزێنرێت.
بۆ دابەزاندنی کۆلیسترۆڵ، سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی، ئەمریکا پێشنیازی سنووردارکردنی ئەو خۆراکانە دەکات کە دەوڵەمەندن بە چەوری تێر یان گۆڕدراون وەک چەوری ئاژەڵان، هەروەها سنووردارکردنی شەکر و خوێ.
ڕاسپاردەکانی پەیوەست بەسیستەمی خۆراکیی تەندرووست بریتییە لە گرنگیدان بە خواردنی ئەو خۆراکانەی کە دەوڵەمەندن بە ڕیشاڵەکان، وەک سەوزە و میوەی تازە، هەروەها چەورییە ناتێرەکان، وەک ئەڤۆگادۆو چەرەساتەکان.
هەروەک دەبێت هەفتانە دوو کاژمێر و نیو ڕاهێنانی وەرزشی بکرێت، وەک لێخوڕینی پاسکیل و خێرا ڕۆیشتن بەپێ.
دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان یارمەتیدەرە بۆ دوورکەوتنەوە لە کاریگەرییەکانی زیادبوونی کۆلیسترۆڵ لە خوێندا، وەک مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک.
بە گشتیی پیاوانی بەساڵاچوو بەراورد بە ئافرەتان زیاتر مەترسیی بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆلیسترۆڵیان لە خوێندا لەسەرە. [1]