$ئیتر چۆن زەوی ناهەژێت!$
کاتێک ئەووترێت هەر شوێنێک زەمین لەرزەیەکی تێدا ڕوویدا، ئەوا زیناو خراپەکاریی تێدا زۆرە و خودا غەزەبی لە بەندەکانی گرتووە، درووست وایە، ئەوەی ئەمڕۆ #09-02-2023# لە کەرکووک ڕوویدا، تەواو ئەو ڕاستییە ئەسەلمێنێت.
ئەمڕۆ باوکێک بێشەرمانە پەلاماری کچەکەی دەدات و دەیەوێت دەستدرێژیی سێکسی بکاتە سەر، بەڵام کچەکەی مەردانە بەرەنگاری دەبێتەوە و ڕێگەی پێنادات، دوای ئەوەی باوکەکە سێ چەقۆ لە کچەکەی دەدات، دوای بەرگری لەخۆکردنی کچەکە، باوکەکە چەقۆیەک بەر ملی دەکەوێت.
هەڵبەت باوکەکە ڕەوشی تەندرووستیی ناجێگیرە دوای نەشتەرگەریش بۆی، لەگەڵ کچەکەیدا ئێستا هەردووکیان لە نەخۆشخانەی فێرکاریی ئازادین.
کاتێک دڕندەیی دەگاتە ئەو ئاستەی باوکێک نەفسی بچێتە سەر ڕۆڵەیەکی خۆی و بییەوێت دەستدرێژیی سێکسیی بکاتە سەر، ئیتر چۆن خودا غەزەبی زەمین لەرزە و خراپتریشمان لێناگرێت، مرۆڤی پاک و ویژدان باڵا و باش، نەفسی ناچێتە سەر هیچ ئافرەتێکی بێگانەش، چ جای ئەوەی بتەوێت لەگەڵ جەرگی خۆتدا وەها کارێکی قێزەون و نەفرەت لێکراو ئەنجامبدەیت.
ڕووداوگەلی وا مرۆڤ دەهەژێنن، بە جۆرێک زۆر جار قێزت لە مرۆڤبوونی خوودی خۆتیش دەبێتەوە، ئاخر چۆن دەکرێت و ڕێی تێدەچێت باوکێک تەماع و نەفسی ڕێگەی پێبدات دەستی لە کچەکەی بەرزبکاتەوە، چ جای پەلاماردانی بۆچی، بۆ قێزەونترین کار، لەگەڵ جەرگی خۆت کە ئەویش سێکس کردنە لەگەڵ مەحرەمی خۆت!
ئەمە دیوێکی ڕووداوەکەیە، ئەم باوکە دڕندەیە پێشتر و لەتەمەنێکی بچووکدا ماڵی کچەکەی وێران کردووە، ئەو کچە کە ئێستا تەمەنی تەنیا (18) ساڵە، پێشتر باوکی بەشووی داوە و دواتر جیابووەتەوە و لەگەڵ ماڵی باوکی دەژی، باوکەکەش کە لەدایکبووی ساڵی 1977 ە، عەرەبن و لە بنەڕەتدا خەڵکی #کەرکووک# نین، بەقسەی پۆلیس، پێشتریش ئەم خانەوادەیە کێشەی کۆمەڵایەتییان هەبووە. [1]
#نێرگز قادر#