ناونیشانی بابەت: گرنگی کتێبخانەی ماڵەوە لە ڕۆشنبیری منداڵان
ئامادەکردن: #ڕەزا شوان#
خوێندنەوە زۆر گرنگ و پێویستە، لەم سەردەمەدا بووە بە یەکێک لە پێویستییەکانی مرۆڤ.. کە لە دوای هەڵمژینی هەوای پاک و خواردن و خواردنەوە و نووستن و یاری کردن، ڕیزبەندی دێتە سەر خوێندنەوە.. وەکوو چۆن لەشمان پێویستی بە خۆاراکی هەمەجۆرە هەیە بۆ ئەوەی بڕسکێ و گەشەبکات، خوێندنەوەش خۆراکی مێشکمانە. لە ڕێگای خوێندنەوەوە زانست و زانیاری هەمەرەنگە بە دەستدەهێنین، بۆ گەشەکردنی هۆش و گۆش و هزر و بیر و زەینمان.. (ستیل) دەڵێ: خوێندنەوە وەرزشی هۆشە خوێندنەوە هۆیەکی گرنگی فێربوون و خۆڕۆشنبیرکردنە.. بنەمایەکە لە بنەما هەرە سەرەکییەکانی درووستبوونی کەسایەتییەکی درووست و تەواو و سەرکەوتوو لە ژیاندا.
خوێندنەوە یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی ڕۆشنبیری منداڵان.. شارەزایانی پەروەردە هاوڕان لەسەر گرنگی چاندنی حەز و خۆشەویستی خۆێندنەوە لە قۆناخی زووی منداڵیدا لە دەروونی منداڵاندا، باشتر وایە هەر لە منداڵییەوە منداڵان هۆگر و ئاشنای پەڕتووک و گۆڤارەکانی منداڵانیان بکەین و، ببن بە هاوڕێی هەمیشەی پەڕتووک.. خوێندنەوە ببێت بە خوویەکی بەسوودیان و دەقی پێوەبگرن و، ببێت بە بەشێک لە ژیانیان.
(داردین) دەڵێ: تۆ لە ماڵی خۆت دایت و، بە خوێندنەوەی پەڕتووک، گوزەری جیهان دەکەی لەو ڕستە جوانانەی کە لەسەر دیوارە بەجێماوەکانی فەرعەونییە میسرییەکان هەڵکۆڵراون: ڕۆڵەکەم وات لێدەەکەم کە چۆن دایکت خۆشدەوێ.. ئاوهاش پەڕتووکت خۆشبوێت.. یا زیاتر
دەربارەی ڕۆڵی ئەرێنی دایکانیش کە پێشەنگبن لە خوێندنەوەدا بۆ منداڵەکانیان.. شاعیرێکی ئینگلیزی لە هۆنراوەیەکدا بە ناوی (دایکی خوێنەر) ەوە دەڵێ:
دەشێ سامانێکی شاراوەی ڕاستیت ﮪەبێ
قوتوویەک پڕ لە دوڕ و سەنووقێ زێڕت ﮪەبێ
بەڵام ﮪەرگیز لە من دەوڵەمەنتر نیت
چونکە من دایکێکم هەیە فێرم دەکا و بۆم دەخوێنێتەوە
هەموو ساڵێک، عاشقان لە ڕۆژی (14ی/ فبرایەر) دا بە بۆنەی (جەژنی خۆشەویستی) یەوە، پیرۆزبایی دەکەن و گوڵی سوور پێشکەش بە یەکتری دەکەن.. بەڵام زۆربەی خەڵکی ئەوە نازانن کە ڕۆژی (14ی/ فبرایەر) ڕۆژێ خوێندەوەشە بۆ منداڵان، بە ناوی (بۆ منداڵەکەت بخوێنەوە) ئەمەش گوزارشتە لە بەرجەستەکردنی خۆشەویستیی خوێندنەوە بۆ منداڵان.. لەم ڕۆژەدا لە زۆر شوێنی جیهاندا، خێزانەکان هەریەکە بە شێوازێک ئاهەنگ بەم بۆنەیەوە دەگێڕن و چالاکی ڕۆشنبیری ئەنجام دەدەن، وەک: هەڵبژاردنی پەڕتووکێک بۆ ممنداڵان و خوێندنەوەی لەنێو خێزاندا، یا بە کۆمەڵی دەچن لە یانەیەکدا دەخوێننەوە، یا لە قوتابخانەکاندا دەبێتە ڕۆژێکی تایبەتی بە خوێندنەوەوە. یا خوێندنەوەی چەند پەڕتووکێک لەلایەن خودی منداڵانەوە، کە باوکانیان یا دایکانیان، کاتێ کە منداڵ بوون، حەزیان بە خوێندنەوەی ئەو پەڕتووکانە بووە.. یا گەڕانی دایکان و باوکان بە پەڕتووکخانەکاندا بۆ کڕینی پەڕتووک و گۆڤاری تازە و پێشکەشییان دەکەن بە منداڵەکانیان.
خۆزگە ئەم نەریتە جوانە لە کوردستانی ئێمەشدا دەبوو بە باو.. منداڵانی کوردیشمان لەگەڵ خێزانەکانیاندا لەم ڕۆژەدا (بۆ منداڵەکەت بخوێنەوە..) ئاهەنگی شیاو و چالاکی جۆراوجۆریان لە بواری خوێندنەوەی پەڕتووک و گۆڤارەکانی منداڵان ئەنجام دەدان.. دایکان و باوکان پەڕتووک و گۆڤاری کوردییان بۆ منداڵان پێیشکەش بە منداڵەکانیان دەکردن..تا خۆشەویستی خوێندنەوەی و گرنگی پەڕتووک و گۆڤارەکان لە دڵ و دەروونی منداڵە چاوگەشەکانمان شیرین بکردان. هیوای ئەوەش دەخوازم، کە ڕۆشنبیریکردنی منداڵەکانمان کە هیوای داﮪاتووی کوردستانن، ببێت بە خواست و خەمی سەرەکیمان هەموومان هاندەر و پاڵپشتیان بین.
برای دڵسۆز و خۆشەویستم، ئەندازیار کاک (محەمەد بەرزی) کە نووسەرێکی بە توانا و، شاعیر و چیرۆکنووسێکی ناسروای بۆاری ئەدەبی منداڵانە.. خاوەن چەند پەڕتووکێکی هۆنراوە و چیرۆکی چاپکراوە بۆ منداڵان.. ئەو ئێستادا لە ئەمریکادا دەژی. جارێکی وەکوو بیرەوەرییەکی منداڵیی خۆی بۆمی نووسیبوو: کە منداڵ بووم باوکم خەنجەرێکی دەبانی بە دیاری بۆ کڕیم و پێی وتم، ئەمە لەژێر سەەرینەکەتدا دابنێ.. خۆ ئەگەر باوکم پەڕتووکێک یا گۆڤارێکی منداڵانی لە جێی ئەو خەنجەرە بۆ بکڕیمایە.. ئێستا لە ئاستێکی تردا دەبووم.
دێینە سەر باسەکەمان کە گرنگی پەڕتووکخانەی ماڵەوەیە لە ڕۆشنبیریکردنی منداڵدا. منداڵی ژیر و وریا و زانست و زانیاری پەروەر، لە پشووی هاویندا کاتێکی زۆری بە دەستەوەیە بۆ ئەوەی کەڵک لە بەهرە و لە توانا و ئارەزووەکانی وەربگرێت، یەکێک لەو ئارەزووە بەسوودانە، خوێندنەوەی پەڕتووک و گۆڤارەکانی منداڵانە.. منداڵ لە ڕێی خوێندنەوەوە فێردەبێت و بە زانست و زانیاری هەمەچەشنە ئاشنادەبێت و زاخاوی بیر و هۆش و بەهرەکانی دەدا و بیر لە داهێنان دەکاتەوە.. ئاسۆی ڕۆشنبیری. [1]