ناونیشانی بابەت: نهێنییەکانی زمانی گوڵ
ئامادەکردن: #ڕەزا شوان#
زمانی گوڵ، کە بە (فلۆریۆگرافی) ناسراوە، تا ئەمڕۆش جوانتری و شیرینترین زمانی جیهانە، هەموو مرۆڤێک لێی تێدەگات و لە ڕێیەوە سۆز و خۆشەویستی و هەستەکانیان دەگۆڕنەوە. زمانی گوڵ، زمانی خۆشەویستی و ڕۆمانسی و ئەوینە. خۆشەویستی و ئێش و ئازاری ناخی دڵی مرۆڤ ئاشکرا دەکات. زمانی ڕێز و شادی ئاشتی و ئازادی و ﮪێمنی و ئاسوودەییە. زمانی ﮪیوا و گەشبینی و ئومێد وﮪاوڕێتی و دۆستایەتییە. گوڵ ئەو گوزارشت و سۆز و پەیام و خۆشەویستی و ڕێزە ناخییەمان دەگەیەنێت، کە ڕەنگە بە جوانترین وشە و ڕستە نەتوانین گوزارشتیان لێبکەین. گوڵ ﮪەر ئەوە نییە کە گوزارشت لە خۆشەویستی و ڕێز دەکات، بەڵکوو ئارامی و ئاسوودەییش بە دڵ و دەروونمان دەبەخشێت. بەجوانی ڕەنگەکانیان و بە بۆن و بەرامەی خۆشیان سەرسام دەبین. گوڵ گوزارشت لە خۆشییەکان و لە ناخۆشییەکانیشمان دەکات. زمانی گوڵ، پەیامێکی نهێنی خۆشەویستی و هەست و سۆزی بەهێزی نێوان بەخشەر و ورگرە. لە کۆنەوە پێشکەشکردنی گوڵ، جوانترین دیاری بووە بۆ گوزارشتکردن و گەیاندنی پەیامی خۆشەویستی و سۆزداری و ڕێز لەنێوان هاوڕێیان ودڵخوازان و ئەوینداراندا.
مرۆڤ هەر لە کۆنەوە، هەستیان بە گرنگی گوڵ کردووە. چونکە گوڵ هێمای جوانترین و ڕاسترین گوزارشتکردن بووە، لە هەست و خۆشەویستی ئەوینیان.
فەرعەونییەکانی میسر، زیاتر لە (5500) ساڵ بەر لە ئێستا، گوڵیان دەخستە سەر گۆڕی مردووەکانیان. بەڵام گریکییە یۆنانییەکان، بەر لە هەموو نەتەوەکانی جیهان ئاشنا و هۆگری گوڵ بوونە. هەندێ گوڵ بە لایانەوە پیرۆز بووە. گوڵی وەنەوشەیی لە (ئەسینا) ی کۆندا گوڵێکی نیشتمانی بوو. جوانترین گوڵی (ناپلیۆن) یش بووە.
گوڵ لە هاوسەرگیریشدا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە و هەیە. بۆ نموونە: لە دوورگەی (هاوای) گەر کچی لاو حەزی لە شووکردن بوایە، گوڵێکی دەخستە سەر گوێی ڕاستی، گەر مارەشیان بکردایە، گوڵەکەی دەخستە سەر گوێی چەپی. گەر ژیانی هاوسەرگیریی پێکبهێنایە، دوو گوڵی لەسەرهەردوو گوێیەکانی دادەنان.
گەر کچێک بەرانبەر بە کوڕێکی لاو، یان ژنێک بەرانبەر بە پیاوە هاوسەرەکەی، گوڵ بخاتە سەر دڵی بە واتە (من لە ناخی دڵمەوە تۆم خۆشدەوێ).
لەم سەردەمەشدا، گەلێ لێکۆڵینەوە و باس لە بارەی گوڵ و زمانی گوڵەوە کراون. هەموویان جەختیان لەسەر کاریگەریی ئەرێنی گوڵ کردووە لەسەر دەروون و مێشکی ژنان و پیاوان و گەورەکان و منداڵان.
کچان لە ڕێی پێشکەشکردنی گوڵەوە، گوزارشت لە ڕاز و نیاز و ئارەزووەکانی خۆیان بۆ دڵخوازەکانیان دەکەن، کە خۆشیان دەوێن و ئامادەن کە بێن بۆ خوازبێنیان بو پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری. تا ئەمڕۆش ئەم نەریتە ڕۆمانسییە لە زۆر لە وڵاتاندا باوە. تەنیا گوڵێکی سوور، دەتوانێت لە جێی چەپکێک گوڵ بێت.
گۆڵەکان زمانی تایبەتی خۆیان ﮪەیە.. ﮪەر گوڵکیش واتایەکی دیاریکراوی هەیە. بە تایبەتیش لە دڵی ئەو کەسانەی کە دەیانچێن و ئەوانەش کە پێشکەشیان دەکەن. لە ئەمڕۆدا هەوڵدەدرێت زمانی گوڵ زیندوو بکرێتەوە، نەک لەبەر ئەوەی کە بەشێکە لە کەلەپووری مرۆڤایەتی، بەڵکوو هەموو گەلانی جیهان قەرزاری پارستنی ئەم زمانەن.
با بە کورتی و بە چڕي نهێنییەکانی زمانی تایبەتی بەشێک لە گوڵەکان بە پێی ڕەنگەکانیان بزانین، ﮪێمان بۆ چی و چی پەیامێک دەگەیەنن:
1 گوڵی سپی (رۆزالیا) هێمای پاکی و بێگەردی و متمانە و ئاشتییە:
گوڵی سپی، کۆنترین جۆرەکانی گوڵە لە جیهاندا. بە لای هەموو شارستانییە کۆن و نوێەکانیشەوە گوڵێکی پەسەندە و لەبەر دڵان دایە. پێشکەشکردنی چەپکێک گوڵەباخی سپی، لە ئاﮪەنگی ﮪاوسەرگیریدا، کە زاوا بە ڕێز و خۆشەویستی و بە وزەردەخەنەیەکی شیرین و ناسکەوە، پێشکەش بە بووکێی دڵخوازی دەکات، گوزارشتە بۆ هاوسەرگیرییەکی درێژ. بۆ ڕۆحیانەتێکی پاک و بێگەرد. گوڵەباخی سپی گوزارشت لە بێتاوانی و دەروون دڵپاکی و شادی و ڕوونی و بە ئەمەکی و پیاوەتی و بەخشین و لە ئاشتی و لە تەبایی و لە هێمنی و ئاسوودەیی و لە دڵنیایی و لە دڵسۆزییەکی هەمیشەیی دەکات. پێشکەشکردنی چەپکێک لە گوڵەباخی سپی کە لە پێنج گوڵ زیاتر بێت، بەڵگەیە بۆ خۆشەویستتەکی تا هەتایی. خونچە گوڵێکی سپی لە بەرۆکی ککیژۆڵەیەکی هەرزکاردا، بە واتا ﮪێشتا منداکە و کاتی شووکردنی نییە.
لە سەردەمی (سەکسۆنی) یەکاندا، گوڵی سوور و سپی پێکەوە، ﮪێما بووە بۆ یەکێتی سۆز و خۆشەویستی (گوڵی سوور) و پاکی و بێگەردی (گوڵی سپی) .
2 گوڵی سوور: هێمای خۆشەویستی و جوانییە:
گوڵی سوور، ڕەنگی وزە و ژیان و هێزە، هەڵگری پەیامی خۆشەویستی و ئەوینە.
گوزارشتە لە خۆشەویستی و لە سۆزی بەرانبەر. لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ، لە هەندێ لە وڵاتاندا، گوڵی سوور واتای خۆشەویستییەکی کلاسیکی و هاوسەرگیری دەگەیەنێت. گوڵی سووری تۆخ ئاماژەیە بۆ شەیدای ئارەزووی ئەوینداری. سووری هەناریش سووری ئاگری گوزارشتە لە گڕی ئەوێنداری و شەیدایی و خەیاڵ.
گوڵاڵەسوورە (هەڵاڵە) ، گوزارشتە لە کچێکی جوان و لە خۆشەویستییەکی بەهێزی ڕۆمانسی. پێشکەشکردنی گوڵەباخێکی سووری کاڵ واتە خۆشتم دەوێ، بەڵام پێشکەشکردنی تەنیا گوڵێکی سووری ئاڵ بە دڵخوازەکەت، واتا بێ ئەندازە جوانیت.
لە فۆلکلۆر و شیعری کوردیدا، گوڵاڵە سوورە (هەڵاڵە) پێگەی هەیە، بۆ نموونە:
بۆنی هەڵاڵان دێ
سەدای چاو کاڵان دێ
لە گەورە ماڵان دێ
لەم دێڕە شیعرەشدا:
گوڵاڵە سوورەی سەر کوڵمی یارم
وا گەشایەوە بۆ حاڵی زارم
گوڵی سوور تەنیا بۆخۆشەویستی و بۆ ڕۆژی (ڤاڵانتاین) نییە، بەڵکوو دەکرێت لە هەر ڕۆژێکی ساڵدا پێشکەش بکرێت. گوڵی سوور، هەمیشە بە هەستێکی ڕۆمانیسییەوە بەستراوە. پێشکەشکردنی گوڵەباخێکی سوور بە دڵ بە دڵخوازەکەت، کە بە ڕووخۆشییەوە لێت وەربگرێت و بۆنێکی بکات و سوپاست بکات. گوزارشتە لەوەی کە یەکتریتان خۆشدەوێت. گوڵی سوور هۆکارێکیشە بۆ لەبیربردنەوەی خەمۆکی.
3 گوڵی پەمەیی: هێمای خۆشەویستی و سوپازگوزاری و میهرەبانییە.
گوڵەباخی پەمەیی، بۆنخۆشترین گوڵی نێو گوڵەکانە، هێمای نەرمی و ناسکی و نیعمەتە، گوزارشت لە بێ تاوانی دەکات. گوزارشت لە ڕەوشت بەرزی و لە جوانی و نیانی دەکات. هێمای خۆشەویستییەکی سەرسوڕمان و ئیلهامی شیعرییە. واتای خۆشەویستییەکی پاک و شادییە. مەرج نییە کە گوڵی پەمەیی لە واتایەکی ڕۆمانسیدا قورخبکرێت. لە گەلێ بۆنەی جیاوازدا وەکوو دیارییەکی جوان پێشکەش دەکرێت. بۆ نموونە، لەوانەیە وەکوو دیارییەکی جوان پێشکەش بە کچە هاوڕێکەت بکەیت، بە بۆنەی جەژنی ساڵڕۆژی لە دایک بوونییەوە. یان وەکوو دیارییەکی سوپاسگوزاری پێشکەشی بکەیت بە خوشکەکەت، یا وەکوو دیارییەک لە ڕۆژی دایکاندا، چەپکێکی جوان پێشکەش بە دایکت بکەیت. یا بۆ پیرۆزبایی لێکردن لە کەسێک. بژاردەیەکی باشیشە، گەر چەپکێک گوڵی پەمەیی، پێشکەش بە ناسراوێکی خەمبارت بکەیت و خەمەکەی بڕەوێنیتەوە. یا چەپکێک پێشکەش بە نەخۆشێک بکەیت کە لە نەخۆشخانە دایە.
4 گوڵی وەنەوشە (بنەوشە، بنەفشە) : هێمای خۆشەویستییەکی بێدەنگە.
گوڵی وەنەوشە، هێمایە بۆ خۆشەویستییەکی بێدەنگ، لە هەمان کاتدا گوزارشت لە ڕوونی و لە نهێنی خۆشەویستی دەکات. هێمایە بۆ ئەندێشە و بیرکردنەوە. ڕەنگێکە دژە یەکترییە جیاوازەکان کۆدەکاتەوە. ژنانی شەرمن دەدوێنێت، پشکەشکردنی گوڵێکی وەنەوشەیی، لەوانەیە هەموو شتێک بێت بۆ داوای بەخشین و لێبووردن.
لە گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردیماندا، ئەم دێڕەم هەڵبژارد:
گوڵ وەنەوشەی باخانمی
شەو چرای دیوەخانمی
گەر دەتەوێت بۆ دڵخوازەکەت یا هەر کەسێک دەریبخەیت، کە زۆر سەرسامی پێی،
گوڵی وەنەوشە زۆر ناوازەیە، گوزارشت لە ئەفسوون و لە شکۆمەندی و جوانی و سەرسامی و نهێنی دەکات. ئەمەش وایکردووە، کە گوڵی وەنەوشە ئیلهام بەخشبێت.
مەرجیش نییە تەنها گوزارشت لە ڕۆمانسیەت بکات. بەڵکوو گوڵی وەنەوشەیی دیارییەکی جوانە، بۆ ئاهەنگەکان، بە بۆنەی دەرچوونی هاوڕێیەکت یا ئەندامێکی خێزانەکەت لە زانکۆ یا پەیمانگا یا دەمەزراندنی لە کارێکی نوێدا، یا سەرکەوتنیان لە بوارێکدا.
5 گوڵی نێرگز: هێمای لەخۆبایی و خودپەسەندی و شانازییە.
گوڵي نێرگز، گوڵێکی سەلکی و پەلک سپیی بچووک و ناسک و جوان و بۆنخۆشە. گوزارشت لە جوانی و لەخۆبایی و خودپەسەندی دەکات. ناوی نێرگز لە زۆربەی زمانەکانی گەلانی جیهاندا، زۆر بە چڕی تێکەڵ بە میتۆلۆژیای گریکی بووە. لە ئەفسانەیەکی زۆر کۆنی یۆنانی یەوە هاتووە. چیرۆکەکەش بەم شێوەیەیە: لاوێکی جوان و شۆخ و شەنگی یۆنانی، کە ناوی (نارسیس) بوو، زۆر لە خۆبایی بوو. زۆر شانازیی بەجوانییەکەیەوە دەکرد. چەندین کیژۆڵە ئەوینداری بوون. ڕوژانە دەچووە دیار گۆلێکی ئاو ڕوون و لە ئاوەکەدا لە شێوەی جوانی خۆی دەڕوانی. جارێک بە خەیاڵ ژنێکی جوانی لەناو گۆلە ئاوەکەدا بینی. ڕایکرد بۆ ئەوەی چاوی پێبکەوێت. بەڵام کەوتە ناو گۆلە ئاوەکە و نوقم بوو و خنکا. لەو کاتەوە، هەر کەسێک لەخۆبایی و خۆپەسەندبێت، بە کەسێکی (نێرگزی) ناوی دەبەن. لە ئێستاشدا زانایانی دەروونناسی ئەم جۆرە خۆشەویستنە بە (نەخۆشی خودپەسەندی) یا بە (نێرگزی) ناوی دەبەن. لەگەڵ ئەوەشدا، گوڵی نێرگز هێمای خۆشی و شادییە.
لە کوردستانی ئێمەدا گوڵی نێرگز، جوانی و خۆشەویستییەکی تایبەتی لە دڵماندا هەیە و هێمای شادی و بەختەوەرییە. بە شاگوڵی کوردستانی دەزانین، کە لە سەرەتای دەرکەوتنیدا، مژدەی هاتنی بەهارێکی ڕەنگین و جوانمان دەداتی . نێرگز لە پێش هەموو گوڵەکانەوە، جوانی و بۆن و بەرامەی خۆشی بە ڕۆحی سرووشت و مرۆڤدا دەکات. چەپکە گوڵی نێرگز جوانترین دیاریی ڕۆژی جەژنی نەورۆزە. جاران لە گوندەکانی کوردستاندا، کچان و ژنان بۆ جوانی و بۆ سەرنجڕاکێشانی لاوان و پیاوان، چڵێ گوڵی نێرگزیان دەخستە سەر گوێیەکیان، بە تایبەتیش گوێی ڕاستیان. هەر لە گوڵی نێرگزی دولبەر، بۆن و ڕۆنی خۆشی لێدرووست دەکرێت.
لە ئەدەبی فۆلکلۆری و لە شیعری کلاسیکی و تازەی کوردی دا، گوڵی نێرگز پێگەی هەیە و وەکوو هێما، گەلێ لە شاعیرانی کوردمان، نێرگزیان خستۆتە نێو دێڕی شیعرەکانیانەوە. بۆ نموونە، (حاجی قادری کۆیی) دەڵێت:
گوڕەی بەهارییە، ئێستێکە و شاخ و داخی وڵات
پڕە لە لالە و نەسرین و نەرکسی شەهلا
شاعیر نوێخوازیشمان (عەبدوڵڵا پەشێو) دەڵێت:
شەو ڕاشکا
ئەژنۆم شل بوو
مانگ بە تاقی ئاسمانەوە هەڵپڕوکا
ئەمشەو هاتووم
بۆ چنینی
چەپکە نێرگزی چاوت
شاعیری بەناوبانگمان، حەزرەتی (نالی) یش دەڵێت:
هێندە مونتەزری تۆ بوو، هەتا چاوی سپی بوو
نەرکس، کە لەسەر یەک قەدەم و دیدە چەقی بوو
6 گوڵی زەرد: هێمای خۆشی و هاوڕێتی و خۆشەویستی و شادییە.
گوڵەباخی زەرد، گوزارشت لە دڵخۆشی و خۆشحاڵی. لە خۆشی و شادی دەکات، پێشکەش کردنی چەپکی گوڵی زەرد بە هاوڕێیەکت، بە واتا ڕێزلێنان و درێژەدانە بە ڕێز و بە ﮪاوڕێتیتان. دەکرێت بۆ سوپاسگوزاری کەسێک چەپکێک گوڵی زەردی پێشکەش بکەیت. گوڵی زەرد دەنگی ئيرەیی و غیرەکردنیشە. پێشکەشکردنی گوڵێکی زەرد بە دڵخوازەکەت بە هەمان واتای گوڵی سوور، واتا “من تۆم خۆشدەوێت”.
شاعیری مەزنمان مامۆستا (عەبدوڵڵا گۆران ) بە ناوی کچی دڵخوازەوە، لە هۆنراوەی (گوڵی خۆێناوی) دا، دەڵیت:
گوڵ نەبێ بۆ سەرم، ئاڵ چەپکێ، زەرد چەپکێ
نایەم بۆ زەماوەند، نایەم بۆ ﮪەڵپەڕکێ
لە گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردیشدا، ئەم دێڕەمان هەڵبژارد:
گوڵی زەرد و سووری سلێمان بەگی بانە
لە وێنەت نییە لە ڕووی جیهانە.
7 گوڵی مێخەک: هێمای پاکی و بێتاوانی و خۆشەویستییەکی قووڵە
گوڵە مێخەک (قەنفڵ ) نزیکەی (300) جۆری ڕەنگ و شێوە جیاواز هەیە. کە بە زۆری لە ئاسیا و ئەروپادا دەڕوێن. مێخەک بۆ ڕازاندنەوە و جوانی و بۆنخۆشی بەکاردەهێنرێت. ژنانی کوردمان لە مێخەڵ ملوانکەی جوانی لێ درووست دەکات، کە پێی دەڵێن (مێخەکبەند) . گوڵە مێخەکی سوور، گوزارشت لە خۆشەویستییەکی قووڵ دەکات. گوڵە مێخەکی سپی گوزارشت لە دەروون پاکی و بێتاوانی و پاکیزەیی دەکات.
8 گوڵی شین: گوزارشت لە هێمنی و ئازادی و دڵسۆزی و هیوا دەکات.
گوڵی شین، ڕەنگی ئاسمانی بێکۆتایی و دەریاکانە. ڕەنگی هێمنی و ئاسوودەیی و بڕوا و گونجانە. گۆزارشت لە خۆزگە ﮪیوا و ئازادی و خەیاڵ فراوانی دەکات.
گەر گوڵێکی شين پێشکەش بە دڵخوازەکەت بکەیت، واتا “تا مردن لەگەڵدام”.
9 گوڵی سەوز: هێمای گونجا و هاوسەنگی و ﮪیوایە.
گوڵی سەوز گوڵێکی دەگمەنە. گوزارشت لە سۆزداری و گونجان و هاوسەنگی و هیوا و گەشبینێ دەکات. ئاسوودەیی و ئارامی و متمانە بە مرۆڤ دەبەخشێت.
10 گوڵی پرتەقاڵی: هێمای شکۆداری و دڵسۆزی و بە ئەمەکییە.
ﮪێمای بڕوابەخۆبوون و سەربەرزی و زۆر شانازییە. گەر گوڵێکی پرتەقاڵی بە دڵخوازەکەت پێشکەش بکەیت، واتا ” هاوڕێی دڵسۆز و بە ئەمەکتم”.
گوڵی نارنجیش ئەو واتایە دەگەیەنێت، من گیرودەی دەستی تۆم.
11 ڕووەکی ڕێحانە (رەیحانە) :
ڕێحانە گوڵ نییە، گیایەکی یەک ساڵەیە و بۆنێکی خۆشی ﮪەیە. بە تایبەتیش ( ڕەشە ڕێحانە) لە کۆنەوە لە لای (گریکییەکان) یۆنانییە کۆنەکان. ڕێحانە بەﮪایەکی زۆری ﮪەبووە، لە ئاﮪەنگەکانی خۆشیدا بەکاریان دەهێنا. ڕێحانە بۆ پيشەسازی بۆنیش بەکاردەهێنرێت. لە گۆرانییەکی فۆلکلۆریی کوردیدا ئەم دێڕەم هەڵبژارد:
ڕەشە ڕێحانە خۆمی پێ ڕەشکەم
لە دوای باڵای تۆ دڵ بە کێ خۆشکەم
بێگومان بە سەدان جۆرە گوڵی ترمان ﮪەیە. کە هەریەکەیان لە ڕەنگ و بۆن و لە قەوارەدا جیاوزن و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە. هەر یەکەشیان گوزارشت لە شتێک دەکەن، هێما و پەیامێکە بۆ مەبەستێک.
$واتای پێشکەشکردنی ژمارەی گوڵەکان:$
یەک گوڵ: تۆ هەموو شتێکمی.
دوو گوڵ: لە یەکتری جیانابینەوە.
سێ گوڵ: تۆ خۆری ژیانمی.
چوار گوڵ: زۆر سوپاست دەکەم، من ئەوینداری تۆم و بەڵێنی ڕاستیت دەدەمێ.
پێنج گوڵ: من بڕوام بە دڵپاکی و ڕاستگۆیی تۆ هەیە.
شەش گوڵ: هیوای ئەوپەڕی شادی و سەرکەوتنت بۆ دەخوازم..
حەوت گوڵ: خۆشتم دەوێ و تا مردن لەگەڵدام.
هەشت گوڵ: تا مردن دڵسۆزت دەبم.
نۆ گوڵ: دەمەوێت تەنیا خوم لەگەڵدابم.
دە گوڵ: ئایە شووم پێدەکەیت.. یا.. ئایە دەمخوازیت..؟
ئەگەر بە دەستی ڕاستت گوڵ پێشکەش بکەیت، ئەمە وەڵامێکی ئەرێنییە.
بەڵام گەر بە دەستی چەپت گوڵ پێشکەش بکەیت، ئەمە وەڵامێکی نەرێنییە.
لە ئەمڕۆدا، بازاڕی گوڵفرۆشتن لە برەودایە، لە هەموو شارۆچکە و شارەکانی وڵاتانی جیهاندا، کۆگای فرۆشتنی گوڵ (گوڵخانە فرۆشگای گوڵ) هەیە. تەنانەت لە مۆڵەکان و بەنزینخانەکانیشدا گوڵ دەفرۆشن. بازرگانیکردن بە گوڵ زۆر پەرەی سەندووە و بووە بە سەرچاوەیەکی گرنگی بەشێک لە داهاتی ﮪەندێ لە وڵاتان. بۆ نموونە وڵاتی (ﮪۆڵەندا) کە بە وڵاتی گوڵی جوان ناسراوە. گوڵفرۆشتن، بەشێکی گرنگە لە ناردەیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا، لەوانەشە بۆ ئەفریکاشی بنێرن. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە گوڵ جوانترین دیارییە، بۆ خۆشەویستی و ڕێزلێنان و سوپاسگوزاری. کوردستانی جوان و شیرینیشمان، بە سەدان گوڵی جوانی سرووشتی لێدەڕوێت. بە تایبەتیش گوڵی نێرگز کە جوانترین گوڵمانە.
ڕەخنە بە زمانی گوڵ:
ڕەخنە هونەرێکی ئەدەبی گرنگ و هەستیارە. بەکارهێنانی بەڵگە و سەلماندنە. ڕەخنەگری بەڵەد و شارەزا، بە شێوەیەکی ئاکادیمی وبابەتییانە، لایەنی ئەرێنی و نەرێنی، یا خاڵە بەهێزەکان و لاوازەکانی ئەو نووسینانەی دەیانخوێنێتەوە دیاری دەکات، بێ ئەوە کە لەڕەخنەگرتندا، زمانێکی زبر و ڕەق بەکاربهێنێت و تەنیا هەڵەکان و لاوازییەکانی بابەتەکان دیاری بکات، نابێت هەستی نووسەرەکانیشیان بریندار بکات و بە چاوێکی کەم لێیان بڕوانێت. ئەگینا لە بنەماکانی ڕەخنە لادەدات و نابەڵەدی و کڵۆڵی خۆی لە ڕەخنەگرتن دا دەردەخات و خەسڵەتی ڕەخنەگری تێدا نامێنێت. بۆیە وتراوە:”ڕەخنە بە زماني گوڵ.. نەک بە زمانێکی زبر”.
مەبەستیش ئەوە نییە کە سازش بکات و چاوپۆشی لە کەموکووڕییەکانی نووسینەکان بکات. باس و قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە زۆری دەوێت. نامانەوێت لە بابەتەکەمان دەربچین. باسکردن لە ڕەخنە، بۆ ڕەخنەگرانی پسپۆر و شارەزا بەجێ دێلین. [1]