ناونیشانی بابەت: ژینا ئەمینی سونبولی گەلێکی ماف و نیشتمان داگیرکراوە
ئامادەکردن: #ڕەزا شوان#
دڕندەترین و خوێنڕێژترین و ڕەگەزپەرسترین و نامەردترین دەوڵەت لە جیﮪاندا، دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانن. کە لە درووستبوونیانەوە تا ئەمڕۆ، بە دڕندەترین شێوە و بە کوشندەترین چەکی مودێرزمی قەدەغەکراو، بێ دەست پاراستن لە منداڵی ناو لانکیشمان، زۆر نامەردانە و بێبەزەییانە بە ئاگر و ئاسن ڕەفتاریان لەگەڵ کوردی بێتاوانی ماف زەوتکراو و نیشتمان داگیرکراودا کردوون و دەکەن. بە کوشتن و بڕین و تۆقین و بە ڕەشەکوژی و بە کۆمەڵکوژی، بە بەندکردن و ئەشکەنجەدان و لە سێدارەدان وەڵامی مافەکان و داخوازییەکانی گەلی کوردمانیان داوەتەوە و دەدەنەوە. سیاسەتی زەویی سووتماک لە کوردستاندا جێبەجێ دەکەن. ماڵیان لە خاوەن ماڵ داگیرکردووە، بە ﮪەزاران کوردیان بە زۆرەملێ لە زێدی هەزاران ساڵەی باب و باپیرانیان دەرکردوون و ئاوارە کردوون. ماڵ و سامانیان داگیر کردوون، بە زۆرداری بۆ دوور لە زێدی خۆیان گواستیاننەوە. دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکانیان گۆڕیون و سیاسەتی ڕەگەزپەرستی بە فارسکردن و بە تورک کردن و بە عەرەب کردنیان جێبەجێکردوون و دەکەن. ئەم ڕژیمە ڕەگەزپەرستانە ﮪیچ مافێک بە گەلی کوردمان ڕەوا نابینن. خۆیان بە ئاغا و کورد بە نۆکەریان دەزانن.
ئەم دەوڵەتە داگیرکەرانەی کوردستان، بە گەلەکۆمەیی و بە پیلانێکی قیزەوەن و نەگریز، لەژێر عەبای ئیسلامی و ئاڵای (اللە اکبر) و جیهادا کەوتنە کورد قڕانکردن و وێرانکردنی کوردستان. بەڵکوو تا ئەمڕۆش نیازی گڵاویان قەدەغەکردنی زمانی کوردی و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کوردمانە. ئەو تاوانانەی کە داگیرکەرانی کوردستان، دەرﮪەق بە گەلی کوردمان ئەنجامیان داون و دەدەن، لە ﮪیچ شوێنێکی دونیادا نەکراون. ڕژێمی ئاخووندەکان لەسەر چەند تاڵە قژێک کچێکی لاوی بێتاوانی کوردیان شەﮪید کرد.. بەڵام تەواوی پاشەڵی خوێناوی و گواویی خۆیان بەدەرەوەیە!
ئەوە ئەستەمە کە داگیرکەرانی کوردستان، بتوانن ﮪێڵی ڕاست و چەپ بەسەر زیاتر لە (50) ملیون کورد دا بهێنن. یا بتوانن چوکمان پێدادەن و هەستی نەتەوەیی لە ڕۆحمان دەربکەن.. ئێمەی کورد نە تورکین و نە فارسین و نە عەرەبین، گەلێکی جیاوازین، وەکوو ئەوان مافی ژیان و ئازادی و بڕیاردان لە چارەنووسی خۆمان ﮪەیە. ئێمەی کورد دژی ﮪیچ گەلێک نین، بەڵام ئێمەش دەمانەوێت مافەکانی خۆمان بەدەست بﮪێنین. تا کورد نەگات بە مافە ڕەواکانی خۆی، نە تورک و نە فارس و نە عەرەبیش ناتوانن بە ئاشتی و ئاسوودەیی بژین. تا ڕۆژی زووتر دان بە بوونی گەلی کوردمان و بە مافەکانماندا بنێن. زووتر ئاشتی و ئاسوودەیی لە ناوچەکەدا بەرقرار دەبێت.
لەو ڕۆژەوە، کە ئاخوندە کۆنەپەرستەکان، شەمشەمەکوێرەکانی ڕژێمی کوماری پەت و سێدارەی ئیسلامی ئێران، کە بەزۆر خۆیان سەپاند و دەسەڵاتیان قورخکرد و پەتی سێدارەیان بۆ ئازادی و دیموکراتی و دادپەروەری و بۆ مافەکانی مرۆڤ هەڵواسی، نە کورد و نە گەڵانی ئازادیخوازی ئیران و نە گەلانی ناوچکەکەش حەساونەتەوە، نە ئاشتی و ئاسوودەیی و ئارامیش لە ڕۆژﮪەڵاتی کوردستان و لە ئێراندا ﮪەیە. ڕۆژﮪەڵاتی کوردستان و ئێرانیان کردووە بە دۆزەخێک بۆ گەلی کورد و گەلانی ئێران. ڕژێمی کۆماری سێدارە، بە ئاگر و ئاسن، بە سەرکوتکردن و دەمکوتکردن وەڵامی داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد و گەلانی ئیرانیان داوەنەتەوە و دەدەنەوە. ئەم ئاخووندانە لە ڤایرۆسی کورۆنا پیسترن. خۆیان بە خودای سەر زەوی دەزانن.
شەﮪیدکردنی کچە کوردی بێتاوان (#ژینا ئەمینی#) تاوانێکی ترە لە دەریایەکی تاوانە قێزەوەنەکانی ڕژێمی تیرۆریستی کۆماری پەت و سێدارە بەرانبەر بە گەلی کوردمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم تاوانە ﮪێندەی تر ڕق و تووڕەیی گەلەکەمانی وروژاند، چونکە تاوانێکە بەرانبەر بە هەموو کوردێک، بەرانبەر بە هەموو کچان و ژنانی کورد. شەﮪید (ژینا ئەمینی) بوو بە (سونبولی ڕاپەڕین) لە ڕۆژﮪەڵاتی کوردستان و لە سەرجەم ئێراندا. بوو بە مەشخەڵی شۆڕشێکی ژنان لەژێر ناوی (ژن، ژیان، ئازادی) . لە ئەمڕۆدا هەموو کچێکی کورد ژینا ئەمینییە. دەمێکە کاسەی ستەم و ڕەگەزپەرستی و نامەردی لە ئێراندا پڕبووە و لێی دەڕژێت. کەچی ڕژێمی خوێنڕێژی ئێران، لە جیاتی ئەوەی کە وەڵامی داخوازییەکانی گەلی کورد و گەلانی ڕاپەڕیوی ئیران بداتەوە، کە بە شێوەیەکی شارستانی و ئاشتییانە ناڕەزایی خۆیان بەرانبەر بە شەﮪیدکردنی ژینا ئەمینی و نەبوونی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ دەربڕی. کەچی ڕژێمی دیکتاتۆر و نامەردی ئێران، بە ئاژاوەچی ناویان دەبات. بە کوشتن و گرتن وەڵامی داخوازییەکانیان دەداتەوە. تا ئێستا زیاتر لە (280) کەس لە خۆپێشاندەران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێران، بە دەستڕێژی گوللەی ئەمنییەتی پاسداران شەهیدکران، بە سەدان برینداریش ﮪەیە. بە ﮪەزاران خۆپێشاندەریشیان بەند کردوون، پیسترین ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونییان دەدەن. بە توومەتی (ئاژاوەچی) و (دژی خودا) تاوانباریان کردوون.
بەڵام کورد وتەنی: هەموو شتێک لە باریکیدا دەبچڕێت، تەنیا ستەم لە ئەستووریدا دەپسێت. ئەو ڕۆژە نزیکە بۆتەوە، کە ڕژێمی کوماری پەت و سێدارە، کونە مشکیان لێببێت بە قەیسەری و تۆڵەی ئەو هەموو خەڵکە بێتاوانەیان لێبکرێتەوە و بە سزای خۆیانیان بگەیەنن و گۆڕبەگۆڕیان بکەن.
شەﮪیدکردنی ژینا ئەمینی، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانی، کاردانەوە و ناڕەزاییەکی زۆری لێکەوتەوە، لە زۆر لە شارەکانی وڵاتانی جیﮪان لەژێر دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) خۆپێشانی ناڕەزایی و تووڕەییان سازکرد و پاڵپشتیی خۆیان بۆ گەلی کورد و بۆ گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران دەربڕی. بەتوندیش پرۆتیستۆی تاوانەکانی ڕژێمی ئێرانیان کرد. ﮪاواریشیان دەکرد مردن بۆ ڕژێمی دیکتاتۆرریی ئێران.
کەچی ئەمنیەت و پاسدارانی داردەستی ڕژێمی سەرکوتکەری ئێرانی، ﮪەڕەشەی بە کارهێنانی ﮪێزی زیاتر و چەکی قورستر و توندوتیژیی زیاتریان لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد و دەکەن بۆ تۆقاندن و وازﮪێنانیان. بەڵام گەلی کوردمان بە تایبەتی و گەلانی ئێران بەگشتی. قاڵەوەبووی تێکۆشان و خۆڕاگری و کۆڵنەدانن، لە ﮪەڕەشەکانی ڕژێمی دیکتاتۆری کۆماری سێدارە ناترسن.
پێویستە گەلی کوردمان لە ڕۆژﮪەڵاتی کوردستاندا، ژیرانە و زیرەکانە، مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا بکات. لەگەڵ گەلانی تری ئێراندا هاوکار و هەماهەنگبن، یەکدەنگ و ﮪاوپلانبن بۆ تەنگﮪەڵچنین بە ڕژێمی دیکتاتۆری و ڕەگەزپەرستی ئێران.
ﮪەلێکی باش ﮪاتۆتە ئاراوە بۆ لاوازکردن و ڕاماڵین و ڕووخاندنی ڕژێمی ئێرانی و ڕزگارکردنی گەلی کورد و گەلانی ئێران و ناوچەکەش، لە زۆرداری و لەستەمی ئەم دەعبا قێزەوەنانە. بۆ ﮪێنانەدیی ئەم خواست و ئامانجەش، پێویستی بە ڕاپەڕین و بە شۆڕشێکی سەرتاسەری کورد لە ڕۆژﮪەڵاتی کوردستان لە ئێراندا ﮪەیە. بە تێکۆشان و بە قوربانیدان و خۆڕاگری و کۆڵنەدان، ﮪەموو مافێکی زەوتکراو وەردەگیرێت.
ﮪیچ ڕژێمێکی ستەمکار و زۆردار و دیکتاتۆری، هەرچەند بەﮪێزیش بێت، ناتوانێت لە بەردەم شەپۆلەکانی تسۆنامی ڕاپەڕین و و شۆڕشی تووڕەیی گەلانی ستەملێکراو و ماف زەوتکراو و نیشتمان داگیرکراودا، بتوانێت خۆی بگرێت. زووبێت یا درەنگ بێت، ڕژێمی ئاخووندەکانی ئیرانیش بە ڕۆژی ڕەشیان دەگەیەنن و هەواڵەی سەر زبڵخانی مێژوویان دەکەن. [1]