ناونیشانی چیرۆک: خەڵاتی قوتابی نموونەیی
ئامادەکردن: #ڕەزا شوان#
قوتابخانەکەمان هەموو ساڵێک، لە ئاهەنگی کۆتایی ساڵی خوێندندا، وەک ڕێزلێنانێک، خەڵاتی پێشکەش بە قوتابییە دەرچووە یەکەمەکان دەکرد. بەڵام بەرزترین خەڵات بە ناوی (خەڵاتی قوتابی نموونەیی) یەوە، پێشکەش بەو قوتابییە دەکرا، کە لە ماوەی ئەو ساڵەدا، کۆمەڵێک کاری باش و ناوازەی کردووبێت.
ساڵی پار، من لە پۆلی شەشی بنەڕەتیدا بووم. لە ئاﮪەنگی کۆتایی ساڵدا، لە دوای پێشکەش کردنی کۆمەڵێک چالاکی ﮪونەری و گۆرانی و شایی و شادی و خۆشی. بەڕێوەبەری قوتابخانەکەمان مامۆستا (جوان) میدالیای ڕێزلێنانی لە ملی یەکەمەکان و دووەمەکان و سێیەمەکانی پۆلەکان کرد و پیرۆزبایی لێیان کرد. پێم سەیربوو کە بانگی منی نەکرد، چونکە من یەکەمی پۆلی شەش بووم.
مامۆستا جوان: قوتابییە خۆشەویستەکانمان، پێش ئەوەی ناوی ئەو قوتابییە هاوڕێیەتان بخوێنمەوە، کە خەڵاتی قوتابی نموونەیی پێشکەش دەکەین، گوێم لێبگرن ئەو کارە باش و جوانانەیتان بۆ باس دەکەم، کە لە ماوەی ئەمساڵدا ئەنجامیانی داوە.
ئەم هاوڕێیەتان لە یەکەم ڕۆژی کردنەوەی قوتابخانەکەمان، دوو چەپک گوڵی گەورە و قوتوویەک نوقڵی لەگەڵ خۆیدا ﮪێنابوو، لە بەردەم دەروازەی قوتابخانەکەماندا وەستا، بە ڕوویەکی خۆش و بە زەردەخەنەیەکی ناسک، بە ماچێکی شیرین و بە پێشکەش کردنی گوڵێک و نوقڵێک، پێشوازی لە یەکە بە یەکەی ئەو منداڵە بچووکانە کرد، کە بۆ یەکەم ڕۆژ و یەکەم جار، ڕوویان لە قوتابخانەکەمان کرد و بوون بە پۆلی یەک.
ئەم ﮪاوڕێیەتان، لە دووەم ڕۆژی کردنەوەی قوتابخانەکەماندا، هات بۆ لام و پێشنیاری ئەوەی کرد، بۆ یارمەتیدانی قوتابییە کەم دەرامەتەکان، سندوقێک بە ناوی (سندوقی کۆمەک) بکەینەوە. هەموو ماوستاکان پێشنیارەکەیان پەسەندکرد و بە باشیان زانی.
خۆێ یەکەم کەس بوو، کە بۆ بەیانی (100) هەزار دیناری ﮪێنا و خستییە ناو سندوقە کەوە، دوای چوار مانگ سەد هەزار دیناری تریشی ﮪێنا و خستییە ناو سندوقەکەوە و وتی: ئەمەش کۆی ئەو بڕە پارەیەیە کە لە دەغیلەکەمدا کۆم کردۆتەوە. ﮪەریەکە لە مامۆستاکانیش بڕە پارەیەکیان خستە ناو سندوقەکەوە. بەشێکیش لە پارەی داﮪاتی فرۆشگای قوتابخانەکەشمان خستە سەری. بەو پارەیە، پێش جەژنی نەورۆز، جلی کوردیمان بۆ (30) قوتابی کەم دەرامەت کڕی و دڵیانمان خۆش کرد.
ئەم ﮪاوڕێیەتان، بە سێ تابلۆی وێنە، لە کێشانی خۆی، بەشداریی لە پێشانگای ساڵانەی قوتابخانە بنەڕەتییەکانی شارەکەمان بۆ ﮪونەری شێوەکاری کرد. خەڵاتی دوەمی بە دەست ﮪێنا و ڕێزنامەیان پێشکەش کرد.
ئەم ﮪاوڕێیەتان، لە (کێبڕکێی ساڵانی قوتابخانە بنەڕەتییەکان بۆ خوێندنەوەی ﮪۆنراوە و چیرۆک و پەخشان) لە نووسین و پێشکەش کردنی ﮪۆنراوەیەکی جوانی خۆی بە ناوی (کوردستان) بەشداری کرد و خەڵاتی یەکەمی ﮪۆنراوەی بە دەستﮪێنا.
ئەم ﮪاوڕێیەتان لە ماوەی ئەمساڵدا (35) پەرتووکی لە پەڕتووکخانەی قوتابخانەکەمان خواست و ﮪەر هەموویانی خوێندەوە. خۆشی (5) پەرتووکی منداڵانی پێشکەش بە پەرتووکخانەکەمان کرد. یەکەم قوتابییە ئەو ژمارە پەرتووکەی خواست و خوێندەوە.
هەر ئەم ﮪاوڕێیەتان، لە یەکەم ڕۆژی مانگی ئاداری ئەمساڵدا، گورزەیەک قەڵەمی گوڵەباخی ڕەنگاوڕەنگی ﮪێنا و لە دێراوەکانی باخچەی قوتابخانەکەماندا چاندیانی. هەر خۆشی ئاویانی دا و خزمەتیانی کرد. بە چاوی خۆتان دەبینن چ گوڵێکی جوان و ڕەنگاوڕەنگ و بۆنخۆشیان گرتووە، دیمەنێکی جوانیان بە باخچەکەمان بەخشیوە.
هەر ئەم ﮪاوڕێیەتان، چوار لە قوتابییە ﮪاوڕێکانی پۆلی شەش، لە وانەی بیرکاریدا باش نەبوون، پێش تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ، لە دوای قوتابخانە، لە ماڵی خۆیان خۆبەخشانە یارمەتییانی دا، هەر چواریان بە نمرەی باشەوە لەم وانەیەدا دەرچوونە.
ئەم ﮪاوڕێیەتان، لە سێ لیژنەی قوتابخانەکەشمان بەشدارە، لیژنەی ژینگەپارێزی، لیژنەی چارەسەری کێشەکانی قوتابییان، لیژنەی چالاکی ﮪونەری و وەرزشی. لە هەرسێ لیژنەکەدا، بە گەواﮪی مامۆستاکان ڕۆڵێکی بەرچاوی ﮪەبووە.
ئەم ﮪاوڕێ زیرەکەتان، پێرار و پار و ئەمساڵیش بە یەکەمی پۆلەکەی دەرچووە.
ئەم ﮪاوڕێ خۆشەویست و دڵسۆزەتان، بێجگە لەو کارانەی کە باسمان کرد، گەلێ کاری جیاواز و جوانی تریشی کردووە.
هەموو مامۆستاکان کۆدەنگ بوون، کە (خەڵاتی قوتابی نموونەیی) ئەمساڵی قوتابخانەکەمان پیشکەش بە قوتابی نموونەیی (شەنگە کامەران نەریمان) بکرێت و شایەنی ئەوە.
کە بەڕێوەبەر، ناوی منی خوێندەوە، گەر باڵم ببوایە لە خۆشیدا دەفڕیم. چوومە بەردەمی مامۆستا جوان. لە پێشا میدالیای یەکەمی پۆلی شەشی کردە ملم، ئینجا (خەڵاتی قوتابی نموونەیی) پێشکەشم کرد و هەردوو ڕوومەتمی ماچکرد و پیرۆزبایی لێم کرد. مامۆستا (مەﮪاباد) ی ڕابەری پۆلەکەشمان، چەپکێک گوڵی گەش و جوانی پێشکەشم کرد.
مامۆستاکان و قوتابییەکان، چەپڵەیەکی درێژیان بۆم لێدا و بە گەرمی پیرۆزباییان لێمکرد. منیش ماچم بۆ ﮪەموویان ﮪەڵدا و زۆر سوپاسیانم کرد. [1]