ناونیشانی چیرۆک: سێ پەپوولە
ناوی وەرگێڕ: #ڕەزا شوان#
سێ پەپوولەی بچکۆلە و جوان و ڕەنگ جیاواز، سوور و سپی و سەوز، بوون بە ﮪاوڕێ. دڵسۆزی یەکتری. لە وەرزی بەهاردا، هەموو ڕۆژێک، لە گوڵزارێکی گەورەی گوڵ ﮪەمەڕەنگدا، بە یەکتری دەگەیشتن. لەبەر ﮪەتاوی گەرمدا لەسەر ئەم گوڵ و ئەو گوڵدا دەنیشتنەوە، تێر شیلەی ﮪەڵاڵەیان دەمژی.
ئینجا دەستیان دەگرت و تێر سەمایان دەکرد، چاوشارکێ و یاری خۆشیان دەکرد. ئێوارانیش دەگەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان.
ڕۆژێک لە دوای نیوەڕۆدا، کە پەپوولە بچکۆلانەکان لەناو گوڵزارەکەدا یارییان دەکرد، هەورێکی تاریک بەری ئاسمانی گرت، دەستی بە باران بارین کرد. پەپوولەکان فریای ئەوە نەکەوتن کە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان. چوون بۆ لای گوڵەکان، کە تا بارانەکە لێدەکاتەوە داڵدەیان بدەن و تەڕنەبن.
پەپوولەکان: گوڵاڵە سوورە گیان، پەڕەکانت بۆمان دەکەیتەوە بێینە ژوورەوە، تا بارانەکە لێدەکاتەوە؟
گوڵاڵە سوورە: پەپوولە سوورەکە، تۆ دەتوانیت بێیتە ژوورەوە، چونکە ڕەنگەکەت لە ڕەنگی منە. بەڵام سپی و سەوزەکە نابێت بێنە ژوورەوە.
پەپوولە سوورەکە: گەر ڕێ بە ﮪاوڕی سپی و سەوزەکەم نەدەیت بێنە ژوورەوە، منیش نایەمە ژوورەوە. لەبەر بارانەکەدا دەبین.
بارانەکە بە خوڕتر باری، پەپوولە داماوەکان زیاتر تەڕبوون. فڕین و چوون بۆ لای گۆڵە ﮪێرۆیەکی باڵابەرزی سپی.
پەپوولەکان: گوڵە ﮪێرۆی دلۆڤان، کەمێک خۆت دەکەیتەوە، بێینە ژوورەوە تا بارانەکە دەوەستێت.
گوڵە ﮪێرۆ: جێگای پەپوولە سپییەکە دەکەمەوە، چونکە ڕەنگەکەی لە ڕەنگی منە. بەڵام پێویستە پەپوولە سوور و سەوزەکە لەدەرەوەدا بمێننەوە.
پەپوولە سپییەکە: گەر پێشوازی لە ﮪاوڕێ سوور و سەوزەکەم نەکەیت. منیش نایەمە ژوورەوە، لەبەر بارانەکەدا لەگەڵیاندا دەمێنمەوە، پێمخۆشە کە تەڕبین، نەک لە یەکتری دابڕێین.
پەپوولە بچکۆلەکان فڕین و دوورکەوتنەوە، چوون بۆ لای گوڵە گەزیزەیەکی سەوزی مەیلەو سوور، تا جێگایان بکاتەوە.
پەپوولەکان: گوڵە گەزیزەی جوان و بۆنخۆش، جێگامان دەکەیتەوە بێینە ژوورەوە تا بارانەکە لێدەکاتەوە؟
گوڵە گەزیزە: جێگای پەپوولە سەوزەکە دەکەمەوە، تا ڕادەیەک ڕەنگەکەی لە ڕەنگی من دەچێت. بەڵام پەپوولە سپی و سوورەکە، دەبێت لەدەرەوەدا بمێننەوە.
پەپوولە سەوزەکە: من بەبێ ﮪاوڕێکانم نایەمە ژوورە، تەڕبوونم پێ باشترە، لەوەی لە ﮪاوڕێکانم جیاببمەوە.
پەپوولەکان فڕین و دوورکەوتنەوە. سەرەڕای تەڕبوونیان، پشتی یەکترییان بەرنەدا.
خۆر کە لە پشتی پەڵە هەورێکەوە بوو، گوێی لە هەموو قسەکانی پەپوولە بچکۆلەکان و گوڵەکان بوو. لە دڵسوزی و خۆشەویستی ﮪاوڕێتییان تێگەیشت. بۆیە لەنێوان هەورەکەوە، بە زەردەخەنەیەکی ناسکەوە، دەموچاوی دەرخست و پاڵی بە هەورەکەوە نا و دووری خستەوە و بارانەکەی وەستاند. تیشکەکانی بۆ گوڵزارەکە نارد. بە پەلکە زێڕینەی حەوت ڕەنگیش ئاسمانی ڕازاندەوە.
پەپوولە بچکۆلەکان گەرم بوونەوە و باڵەکانیان وشکبوونەوە، خەمیان ڕەوییەوە.
شادی و خۆشی کەوتە دڵیانەوە. دەستیان بە یاری و چاوشارکێ و سەما کرد. پێش خۆراوابوونیش، گەڕانەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان.
(*) بە کەمێک دەستکارییەوە، ئەم چیرۆکەم لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە بۆ کوردی.
چیرۆکێکی فۆلکلۆرییە. ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و چەند وڵاتێکی تر، دەیدەنە پاڵی خۆیان.
ئەو مەبەستەی لەم چیرۆکەدایە، مەبەستێکی ڕەوشتییە، ﮪاوڕێتی ڕاستەقینە دەخاتە ڕوو، بە تایبەتیش لە کاتی تەنگانەدا. [1]