شیکردنەوەی چەند ئیدیۆم و دەستەواژەیەکی فۆلکلۆری
=KTML_Bold=کاولەئاش=KTML_End=: جاران لە کوردەواریدا، لەکاتی میوانداری و خولقکردندا، ئیدیۆمی (کاولەئاشیان) بەکاردەهێنا. خاوەن ماڵ بە میوانەکەی دەگوت: ( (ماڵەکەی من کاولە ئاشی خۆتە ) ) . واتا: من بەرانبەر بە میوانداری ماڵم نایەتە بەرچاو، ماڵەکەم وەک ئاشە، ئاوەدانیی تێدایە و بێ میوان نین.
بێگومان، خاوەنماڵ، دەیتوانی وشەی (ئاش) ، لەجیاتی (کاولەئاش) ، بەکاربهێنێت، بەڵام وا دیارە، بە مەبەستی ڕازاندنەوەی ئاخاوتن و دەرخستنی ئەوەی کە ماڵەکەی من لە ئاست گەورەیی تۆدا، بچووکە و ئێوە گەورەی ماڵن، وشەی (کاولەئاش) ی بەکارهێناوە، چونکە ئەم دەربڕینە لە دەربڕینی (ماڵەکەم ئاشی خۆتە) ، جوانترە.
=KTML_Bold=دۆڵەدانە=KTML_End=: کۆلی ئاشە، ئەم کۆلە باراشی تێدەکرا، بۆ لێکردن، لەنێو ئەم کۆلەدا، دانەوێڵەکە دەهاتە خوار و بۆ نێو بەردە ئاشەکە، دەبووە ئارد.
=KTML_Bold=ڕەبەق=KTML_End=: جاران و ئێستاش لەنێو کوردەواریدا، بۆ پێداگری لەسەر قسەیەک هەندێک کەس وشەی ڕەبەقیان بەکاردەهێنا، بۆ نموونە: دەگوترێت: ( (ئەوە دە ساڵی ڕەبەقە چاوانواڕی تۆم) ) ، یان ( ( مانگێکی ڕەبەقە نەهاتۆتەوە) ) ، ڕەبەق: وشەیەکە بۆ جەختکردنەوە لەسەر قسەیەک بەکاردێت.
=KTML_Bold=جاڕچی=KTML_End=: ئەم وشەیە، بە گوتەبێژ و دەستگای جارانی پاشا و میران دەگوترا، سوڵتان و میریی پێشان لە جیاتی گوتەبێژی ئێستا جاڕچییان هەبوو، ئەم جاڕچییانە بە تەپڵ و کەڕەنا لێدان لەنێو کوچە و کۆڵانەکانی شاردا دەسوڕانەوە و پەیام و فەرمانەکانی پاشا و سوڵتانەکانیان بە دانیشتووان ڕادەگەیاند، ئەم وشەیە وەک ئیدیۆمیش چۆتە ناو بەکارهێنان و زمانی خەڵکەوە، کەسێک قسەی لە زاردا گیر نەبێت و قوتۆی هاوار و بانگان بێت، دەگوترێت: دیسان جاڕیدا.
ئەم (جاڕ) ە لەگەڵ پاشگری (جاڕ) ، لە وشەکانی (نێرگزەجار، بەلەکجاڕ، گۆجاڕ، ...هتد) ، جیاوازە.
=KTML_Bold=بڕنوت=KTML_End=: جۆرە توتنێکی زۆر وردە و لە ڕێگەی لووتەوە هەڵدەمژرا، لە دوای هەڵمژینەکە کەسەکە بۆ چەند جارێک دەپژمی، هەندێک جار کەسەکان وەک خووگرتنێک و ئاڵودەبوونێک ئەم بڕنووتەیان بەکاردەهێنا، کەسەکە بە پژمینەکە دڵی دادەکەوت، گوایە پژمین بۆ تەندرووستی مرۆڤ باشە. [1]