ناونیشانی چیرۆک: جوانی دەرەکی و جوانی ناوەکی
ئامادەکردن و نووسین: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
باوک و کوڕێکی گەنج هاتنەلام بۆ کلینیک بۆ پشکنینی پێش بێهۆشکاری گشتی، کوڕەکە بە نیاز بوو نەشتەرگەری جوانکاری بۆ ڕووخساری بکات کە بە داخەوە لایەکی لە منداڵیدا سووتا بوو. دوای پشکنین و قسەکردن لە بارەی تەندرووستی کوڕەکە، باوکەکە پێی وتم: دکتۆرە زۆر حەز دەکەم ئەم نەشتەرگەرییە بۆ کوڕەکەم بکەم، سوێندم خواردووە ئەگەر سواڵیشی بۆ بکەم هەر بۆی ئەنجامبدەم، بۆ ئەوەی ئاوا بەشێواوی نەمێنێت!
قسەی باوکەکەم زۆر لەبەر دڵماگران بوو، بەتایبەت لەبەرچاوی کوڕەکەیدا کردی و هیچ حسابی بۆ هەستی کوڕەکەی نەکرد، کوڕەکەشی بە بێدەنگی و ماتومەلوولی تەماشای ڕووخساری باوکی دەکرد.
زۆر غەمبار بووم بە قسەکە، ئاخر خۆشم دایکی دوو کوڕی گەنجم و دەزانم گەنجەکان زۆرتر هەستیارن بەو بابەتانە وەک لە ئێمەی بەتەمەن، هەر بۆیە یەکسەر وتم: ئینجا ئەم کوڕە قۆزە عەیبی چییە، ئەو برینەی دەردی ژنان دەڵێن لێ بووە بە نەخش.
: نا ببورە دکتۆرە، بە داخەوە وانییە، ئەم کوڕەم کاسبە، ئیشکەرە، نوێژکەروو و ڕوو لەخوایە، هیچ عەیبێکی نییە لەو بارەیەوە، کەچی چەند مانگێک لەمەوبەر چووم بۆ داوای ژن بۆی، خوا هەڵناگرێت ئافرەتەکە خۆی ڕازی بوو، کەچی کەسوکاری ڕازی نەبوون، وتیان دەموچاوی کوڕەکەتان وایە ، بۆیە بڕیارم داوە هەر چۆنێک بێت جوانکاری بۆ بکەم.
دوو هێندەی تر دڵگران بووم و نەمدەزانی چۆن دڵنەوایی کوڕەکە بکەم، بەڵام
قسەی ئەم باوکە شتێکی هێنایەوە یادم لەیادەوەریمدا هەڵگرتبوو و زۆر جار ئەهاتەوە یادم کە چیرۆکی « قەمبورەکەی نۆتردام» ی ڤیکتۆر هۆگۆم دەخوێندەوە. لە منداڵیدا لە گەڕەکی تووی مەلیک ئەو گەڕەکەی من چاوم تیا هەڵهێناوە بۆ دونیا، ئەو کات کە من تەنیا پێنج شەش ساڵانێک بووم، گەنجێک هەبوو پێیان دەگوت « سمە چەقۆ» ، هەر چەند بە گەڕەکەکەدا دەڕۆیشت منداڵی گەڕەک هەموو ڕایان دەکرد و بەرەو ژوورەوە خۆیان دەشاردەوە، سمە چەقۆ کوڕێکی گەنج زۆر ئاسای بوو وەکوو گەنجەکانی تر، بەڵام تەنیا ئاسەواری سووتان بە دەموچاویەوە هەبوو. من شەڕانگێزیم لە سمە چەقۆ نەدیبوو کە ناوی خۆی ئیسماعیل بووە، بەڵام منیش وەک هەموو منداڵەکانی تر کە لە دوورەوە دەمبینی ڕامدەکرد، هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە کە سمە چەقۆش وەکوو ئێمە لە گۆشت و خوێنە و هەست و سۆزی هەیە، ئەو دڕندە نییە بەڵکوو مرۆڤە!
لە گەورەیدا کە لەپورم پرسی چیرۆکی سمە چەقۆم بۆ بگێڕێتەوە پێیوتم:« ئیسماعیل لە پاسێکدا جابی بووە، کە پاسەکە دەسوتێت، ڕوخساری و ملی ئەویش دەسوتێت، هێندە خەڵک و منداڵ گاڵتە بە سووتاوییەکەی دەکەن و تانەی لێدەدەن، ناچار هەمیشە چەقۆیەک هەڵدەگرێت بۆ ترساندنی خەڵک و دوور خستنەوەی خراپەکاری خەڵک لە خۆی.»
لە ڕۆمانی « قەمبورەکەی نۆتردام»ی ڤکتۆر هۆگۆشدا کەس جوانی ناوەکی و هێمنی قەمبورەکە نابینێت، کە چەندە میهرەبان و دڵسافە، بە بێدەنگی خەمبار دەبێت و خۆشەویستی دەکات و دەگری و لە کاتی خۆشیدا زەنگەکانی کڵێسای نۆتردام لێدەدات و ئامادەیە ژیانی ببەخشێت لەپێناوی خۆشەویستەکەی، سەرەڕای ناشرینییە زۆرەکەی ڕووخساری و قەمبووریەکەی، بەڵام لە زۆرینەی مرۆڤەکان جوانترە.
هەر بۆیە لەکۆتایی چیرۆکەکەشدا باجی میهرەبانی و دڵسافی خۆی دەدات.
ڕاستە ناشرینی دەرەکی و ڕووخسار لەوانەیە چاو ئازاربدەن، بەڵام خۆ ناشرینی ناوەکی ڕۆح و دڵ و جەستەش ئازار دەدەن، با لە پشت ڕووخساری جوان و پاک و بێخەوشیشەوە خۆیان حەشار بدەن.
هەر بۆیە هەوڵ بدەن تەماشای ناوەرۆکی مرۆڤەکان بکەن، نەک شێوەی دەرەکی و ڕووخساریان. لەوکاتەی کە دەگەڕێت بۆ مرۆڤێکی ناوەرۆک جوان لە ناوەخنی مرۆڤەکانی تردا، هێدی هێدی و بێ ئەوەی هەست بەخۆتبکەیت ناشرینی ناخی تۆ کاڵ دەبێتەوە، ئەو کات دەتوانیت جوانیەکی جیاواز ببینیت کە بەو دووچاوەی ناو ڕووخسارت نابینرێت، بەڵکوو بە چاوی ڕۆح دەبینرێت.
دەبێت ئێمەی مرۆڤ چەند کەسمان بە حاڵی سمە چەقۆ و هاوشێوەکانی بردبێت بە ڕەفتارە نامرۆڤایەتیەکانمان بەرانبەر ئەو کەسانەی بە هۆکارێک دەسوتێن و جەستەیان دەشێوێت، دەبێت تا ئەو کاتەی مردوون چەند جار ناچار کرابێتن کە وەک دڕندە و مرۆڤی شەڕانگێز دەربکەون بۆ ئەوەی خۆیان لە زوڵم و زۆرداری ئێمەی جەستە ساغ و جوان بپارێزن. [1]