ناونیشانی بابەت: #سلێمانى#.. نۆژەنکردنەوەى بارەگاى مەلیک مەحموود لە قۆناغى کۆتاییدایە
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
بارەگای مەلیک مەحموود لە شارى سلێمانى، کە یەکێکە لە خانووە کەلەپوورییەکان، کارى نۆژەنکردنەوەى بۆ دەکرێت و بەڕێوەبەرى شوێنەوارى سلێمانییش دەڵێت: لە کۆى زیاتر لە سەد خانووى شوێنەواریى ناو شارى سلێمانى زۆربەیان ڕووخاون.
حسێن حەمە غەریب، بەڕێوەبەرى شوێنەوارى سلێمانى، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: خانووى بارەگاى #شێخ مەحموودی حەفید#، چەند ساڵێک پێش ئێستا بڕیارى نۆژەنکردنەوەى درا، بەڵام بەهۆى قەیرانەکانەوە کارکردن تێیدا وەستێنرا، بەڵام ماوەیەکە ڕێکخراوی CDO بودجەی تەواوکاریان بۆ خەرج کرد و ئێستا بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان کارکردن تێیدا گەیشتووەتە قۆناغى کۆتایی.
وتیشى: بەتەواوبوونى خانووەکە، بەشێکى مێژوو و کەلەپوورى مەلیک مەحموود لە فەوتان دەپارێزرێت و زۆربەى ئەو شتانەی پەیوەندیىان بەوەوە هەیە، لەو خانووەدا دەپارزرێت و دەبێتە شوێنێکى گرنگى گەشتیاریی شوێنەوارى.
بەڕێوەبەرى شوێنەوارى سلێمانى باسى لەوەش کرد: بەداخەوە لە کۆى 106 خانووى کەلەپوورى ناو شارى سلێمانى، زۆربەیان بەهۆى نەبوونى بودجە بۆ نۆژەنکردنەوەیان ڕووخاون و تەنیا بەشێکى کەم لە بودجە بۆ نۆژەنکردنەوەیان تەرخان کراوە، لەوڕووەوە داواکاریمان داوەتە لایەنى پەیوەندیدار.[1]