#بەرژەوەوندییەکانی بریتانیا و دابڕینی موسڵ#
نووسینی: دارت بروکس ڕیسلی دووەم
لە ئینگلییزییەوە: #شەفیق حاجی خدر#
ژمارەی لاپەڕە: 242
هەروەک نووسەر لە پێشەکییە تایبەتیەکەی خۆی بۆ چاپی کوردی تێزە ئەکادیمییەکەی نووسیوەیەتی: من هەمیشە لە لێکۆڵینەوە مێژووییەکانمدا تەلیسمێکی شاراوە لە ڕابردوودا دەبینم، زانیارییمان لەبارەی ئەو تەلیسمە پچڕپچڕە و ئامرازی بەدواداچوونیشمان سنووردارە. کاری مێژوونووسیش ئەوەیە، تا بۆی بلوێ شکاندن و درکاندنی ڕازەکانی ئەو تەلیسمەیە.
بەڵێ ئەم پەڕتووکە بۆ خوێندکاران و توێژەرانی بواری مێژوو، ئەوانەی دەیانەوێ لە مێژووی سیاسەتی دەولی زلهێزەکانی سەرەتای سەدەی ڕابردوو بگەن، ئەوانەی بەدوای سەرەداوی چۆنیەتی چاوتێبڕینی زلهێزێکی وەک بریتانیا لە #کوردستان# و دابەشکردنی خاکی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەگەڕێن، ئەوانەی دەیانەوێ بزانن چۆن و بۆچی بە دەوڵەتە تازەدرووستکراوەکەی #ئێراق#ەوە لکاین، ئەوا ئەم پەڕتووکە وەک سەرچاوەیەکی سەنگین و بەهاداری ئەم پرسە ئاڵۆزبڵۆزەیە، کە لێکەوتەکانی ڕۆژ بەڕۆژ دژوارتر دەبن، تەلیسمەکەی شکاندووە و کۆدەکانی کردوونەتەوە.
کاتی خۆی هەموومان مەراقی پەڕتووکە بەنرخە و دەگمەنەکەی (د #فازڵ حسێن#) بووین بو ناوی کێشەی #موسڵ# (مشکلة الموصل) ، بەڵام پەڕتووکەکە زیاتر لەبارەی چۆنیەتی لکاندنی موسڵ و ڕێکارەکانی ڕاپرسی بوو لەسەر هێنانی فەیسەلی کوڕی حسێن و هەروەها لیژنەی کۆمەڵەی نەتەوەکان و ڕاسپاردەکانی، هەرچی ئەم وەرگێڕانە تازەیە، باسی ماکی کێشەکە دەکا، واتە ڕەگوڕیشەی پرسی ویلایەتی موسڵ لە کوێوە سەری هەڵداوە، هۆکارەکان چی بوون کەوای لە بریتانیا کرد چاوی لەسەر هەڵنەگرێ، وێڕای ئەوەی ڕێککەوتننامەی سایکس - پیکۆ ویلایەتی موسڵی دابووە فەرەنسییەکان، کەچی بریتانیا دەستی لێهەڵنەگرت، تا لوید جۆرج سەروەزیری بریتانیا کلیمەنسۆی سەروەزیری فەرەنسای هێنایە ڕا تا ویلایەتەکە بە بریتانیا ببەخشێ.
ئەم پەڕتووکە چ بە دێڕە دیار و ئاشکراکانی چ بە هەڵهێنانی مەتەڵی نێو دێڕەکان و واتای ئەودیوی دێڕەکان، هەموو شتێک لەبارەی چاوتێبڕینی زلهێزێکی وەک بریتانیا دەهێنێتە گۆ. ئەوەی باڵکێشە، سێ هۆکارە سەرەکییەکە (نەوت و دانەوێڵە و پێگەی ستراتیژی سەربازی) بوو وای لەبریتانیا کرد ڕێککەوتننامەی سایکس- پیکۆش بگۆڕێ و هەموار بکاتەوە.
بەم جۆرە ئەم پەڕتووکە چیرۆک و سەربردەی ویلایەتێک، نیشتمانێکی خێرلەخۆنەدیومان بۆ دەگێڕێتەوە. [1]