ناونیشانی بابەت: تێگەیشتن لە سیڤەر
ناوی نووسەر: #سەردار عەزیز#
سیڤەر زیاتر لە سەد ساڵ لەمەوپێش ڕوویدا ئێستا 2022. بۆ کورد لە کاتی گەرمای مانگی ئابدا، کە یادی ڕۆژی تەواوبوونی ئەم کۆنگرەیەیە، هەندێک لێرە و لەوێ یادیان دەکەوێتەوە. پەیوەندی کورد لەگەڵ ڕابوردودا، پەیوەندییەکی پڕ لە کێشەیە. ڕابوردوو وەک کێڵگەیەک نابینرێت هەتا لێکۆڵینەوە و پشکنین و تێگەیشتنی جیاواز و هەروەها ئاییندەناسی تیادا ئەنجام بدرێت.
مێژونووسانی ئێمە زۆر کەم لە دونیای مێژونووسین و میتۆدە نوێکانی ئاگادارن. بە گشتی مێژوی کورد بە دوو جۆر نووسراوە، یان ئەوەی کورد بە تەواوی دەکاتە قوربانی یان تاوانبار. دیارە هیچ کامیان بە تەواوی ڕاست نییە. پەیماننامەی سیڤەر، یەکێکە لە ئەو ڕوداو سیاسیانەی کە پشکی شێری بەرکەوتوە لە سەقەتگەرایی مێژونووسینی کوردی.
سیڤەر تەنیا تایبەت نییە.بە کوردەوە، ئەمە ڕاستییەکە گرنگە بوترێت. ڕەنگە یەکەم ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بێت کە ئاماژە بە کوردی و نیشتمانی کوردەکان بکات بە شێوەیەکی پەرت، بەڵام لە هەمانکاتدا بەشێکە لە پڕۆسەیەکی گەورە و دوور درێژ لە پەیوەندی ئەوروپا، هەروەها ئەمریکا بە ئاستێکی کەمتر، بە خۆیان و دونیای دەرەوەیان. لە هەمانکاتدا گرنگە بزانرێت کە سیڤەر لە چ سەردەمێکدا بووە، ئەم سەردەمە مێژوونووسان بە سەردەمی کۆنفرانسەکان ناوی دەبەن. سەردەمێک کە هەوڵ دەدرا لە ڕێگای کۆنفرانسی دوورودرێژەوە سازش لەنێوان هێزە ئەوروپاییەکان بێتە دی، هەر لە ڤییەناوە هەتا ڤێرسای. لە هەمانکاتدا لە ڕۆژگارێکدا سازکراوە کە ڕۆژگاری کۆتایی سەردەمی ئیمپریالیزمی ئەوروپی بوە بە سەر دونیادا. هەرئەمەشە مێژونووسی ئینگلیزی ئەی ئی مۆنتممری سیڤەر بە لەبارچوو ناوی دەبات. نەک تەنیا لەبەر هەڵکشانی هێزەکانی کەمال، ئەتاتورک، بەڵکوو زیاتر لەبەر ململانێی نێوان هێزە کۆلۆنیالییەکان خۆیان.
لەم ڕوانگەیەوە د. بورهان یاسین، لێکۆڵەر و مێژونووسی کورد پەڕتووکێکی دەربارەی سیڤەر نووسیوە. بە جیاواز لە کارەکانی ڕابوردوو دەربارەی سیڤەر د. بورهان هەوڵدەدات ڕوانگەیەکی فراوانتری هەبێت بۆ سیڤەر. ئەو باس لەو ئەو ژینگەیە دەکات کە سیڤەری تیادا هاتە ئاراوە. هەروەها هەوڵدەدات کە پاشخانی کۆنفرانسەکە بخوێنێتەوە و لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنەکانی تری ئەو سەردەمەدا، بە تایبەتی پاش جەنگی جیهانی یەکەم بەراوردی بکات. لە ئاستی گریمانەدا بورهان یاسین باس لە ئەگەری جێبەجێکردنی دەکات. ئەم بوارە بە بواری what if ناسراوە بوارێکی گرنگی مێژوە، کە ئێمە هێندە پێی ڕانەهاتووین.
بورهان یاسین دەرئەنجامێکی هەتا ئاستێک دڵتەنگانەی هەیە، بەڵام واقیعی کاتێک باس لە دوانەیی سیڤەر دەکات لە پەیوەست بە کوردەوە. لە کاتێکدا سیڤەر کورد دەناسێنێت و دەیکاتە بابەت و هەتا ئاستێک ئەکتەری نێو پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بەڵام لە هەمانکاتدا ساتەوەختی شکستیشە. ئەم پێکەوەبوونەی شکست و سەرکەوتن لە یەک دیاردەی سیاسیدا، دەرخەری دۆخی ئالۆزی پرسی کوردە لە ناوچەکە و ڕۆڵی کاریگەریی زلهێزەکان و کۆمەڵگەی نەودەوڵەتی لە پەیوەست بەو پرسە.
لێرەدا حەز دەکەم بە کورتی باس لە سێ ڕەهەندی ئەم پرسە بکەم:سیڤەر وەک مێژوو، مێژووگەرێتی سیڤەر هەروەها سیڤەر وەک ڕوداوێکی فیکریی.
وەک مێژوو، سیڤەر ڕوداوێکە ڕویداوە. ساتەوەختی ئەم ڕوداوە ئێجگار ئالۆزە. ساتەوەختێکە دونیا تیایدا لەنێوان دوو جەنگدایە. سەرەتای سەردەمی کۆلۆنیالیزمی ڕاستەوخۆ بەرەو کۆتایی دەچێت. کەواتە سیڤەر دەتوانرێت مێژویەکی کۆلۆنیالی هەبێت. لە هەمانکاتدا ئیمپراتۆریەتەکان سەردەمیان بەرەو کۆتایی دەچێت و دەوڵەت نەتەوە سەرهەڵئەدات. سیڤەر ڕوداوێکی گرنگی هەناو پڕۆسەی دەوڵەتسازی تورکییە و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کورد و ئەرمەنەوە هەیە. بۆیە هەتا ئەمڕۆش سیڤەر وەک دێوەزمەیەک لە سیاسەتی ڕۆژانەی تورکیادا دەبینرێت. د. بورهان باس لە کۆدەرد، یان سیندرەمی سیڤەر دەکات لە پەڕتووکەکەیدا. لە هەمانکاتدا سیڤەر، بەشێکە لە پڕۆسەیەکی درێژ کە فردریک شومان دەڵێت وەک هەموو ڕێکەوتنە ئاشتییەکانی تر وەها دارێژراوە بۆ ئەوەی سەرکەوتن بچەسپێنێت، بەردەوامی بە دەستکەوتەکانی بدات، هەتا ئامانج و خواستەکانی لایەنی سەرکەتوو فەراهەم بکات بە سەر لایەنی دۆڕاودا، بە ئاستێک لایەنی دۆڕاو بگەیەنێتە ئاستی بێتوانایی و چۆکی پێدادات. هەروەها بۆ ئەوەی گەرەنتی باڵادەستی براوە بکات لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا لە داهاتودا.
بە ئاگابوون لەم خەسڵەتە بنەڕەتیانەی ڕێکەوتنەکانی ئەو سەردەمە ڕووناکییەکی زۆر دەخاتە سەر سرووشتی پەیماننامەکە. بە تایبەتی کاتێک لە سیڤەر دەڕوانین بە گشتی ڕێککەوتنی ئەوروپییەکانە لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ تورکەکاندا، ئەمەش دیرۆکێکی کۆنە، کە لە ئەدەبیاتی ئەوروپادا بە پرسی ڕۆژهەڵات ناسراوە. ئەم پرسە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە چۆن ئەوروپاییەکان بە دەست ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە ناڵاندویانە و ئەو خەونە لە لایان درووستبوە کە چۆن ئەو مەترسییە بۆ یەکجاری ڕیشەکێش بکەن، دانی پارچە خاکێک بە کورد، بەمەرجی ئەوەی بتوانن خۆیان بەڕێوەبەرن، لەم ڕوانگەیەوەیە.
سیڤەر ساتەوەختێکی ڕاستیی ڕەوشتی هێزە نێودەوڵەتییەکانە. دۆخی نێودەوڵەتی کە لە ڕوانگەی هەندێک قوتابخانەی فیکرییەوە بە پشێوی دەناسرێت لە سیڤەردا جوان ڕەنگ دەداتەوە. د.بورهان بە باشی هۆکارەکانی شکستی سیڤەر باس دەکات، لە سەروی هەمویەوە هەڵکشانی ئەتاتورک و شۆڕشی ئۆکتۆبەر و بوونی بەرژەوەندی جیاوازی هێزە هاوپەیمانەکان و هەروەها لاوازی نوخبەی کوردی و ئەرمەنی. هەرچەندە ئەرەمەنەکان بەبەراورد بە کوردەکان زۆر بەهێزتربوون. سیڤەر لێرەدا ئەو ساتەوەختە تراژیدیەیە کە ئەوانیتر لە میانەی بەکاربردنی خواستی گەلانی بچوکدا، تەنیا بەرژەوەندی و ڕێگری لە مەترسی و هاوسەنگی هێز بەلایانەوە گرنگە.
مەبەستم لە مێژوگەرێتی سیڤەر ئەوەیە کە چۆن لە مێژوودا باس لەم ڕوداوە کراوە. ئێمە دەزانین، تەنیا یەک مێژووو بوونی نییە.و بەردەوام مانا و تێگەیشتنمان بۆ ڕابوردوو دەگۆڕێت. لە کاتێکدا ئەوانەی کە لە ساتی ڕودانی ڕوادوەکەوە نزیکن ڕەنگە باشترین شایەدحاڵ بن، بەڵام لە لایەکی ترەوە لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا بەڵگەنامە و دۆکیومێنت و ئەرشیفەکان بەردەست دەبن و تێگەیشتنمان بۆ دیاردەکان دەگۆڕێت.
لە ڕوی ئەکادیمییەوە لێکۆڵینەوە و میتۆد و توێژینەوەکان دیدمان دەربارەی ڕوداوەکان دەگۆڕن. لە هەمانکاتدا ئێستا کاریگەریی هەیە لەسەر ئەوەی کە چۆن لە ساتەوەختە تایبەتەکانی ڕابوردوو دەڕوانیت. کورد هەتا ئەمڕۆ هیوایەکی زۆری بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، هەتا بێت ئەم پێکەوەبەستنەی نەوان کورد و کۆمەڵگەی نەودەوڵەتی فرە ئاست و ئاڵۆزتر دەبێت، لە کاتێکدا دەبینین کە هێزە نێودەوڵەتییەکان لە ساتەوەختی گۆرانی سرشتی مامەڵەیانن لەگەڵ یەکتر و دونیادا، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی دەبێت لەسەر ئێمە.
لە ڕوی فیکرییەوە سیڤەر ساتەوەختی دوفاقیی و ناسەقامگیری و پشێوی و بەرژەوەندییەکانە. ئەو ساتەوەختەیە کە هاوکاریمان دەکات چۆن لە دونیا بنواڕین. دەکرێت لە ڕوانگەی فەلسەفەییەوە وەک ڕوداوێکی سیاسی تەماشی بکەین. ڕوداوی سیاسی ئەو ساتەوەختەیە کە ڕاستی دۆخێک بەهۆی ڕوداوێکەوە دەردەکەوێت.
سیڤەر لە ئێستادا ئەوەمان پێدەڵێت کە مێژوی کورد لە سەد ساڵی ڕابوردودا لەسەر شانۆی جیهان، مێژویەکی هەژار و پەراوێز و تراژیدیییە. بەشی زۆری ئەمە بۆ نەبوونی بنکەکانی نوێنەرایەتی دەگەڕێتەوە، بەڵام لە هەمانکاتیشدا بۆ لاوازی نوخبەی کوردی و خۆخۆریی و نەبوونی توانای سوودبینین لە مەعریفە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دونیادا. ڕەنگە ژیاننامەی شەریف پاشا گەر بەوردی و زانستیانە بنووسرێتەوە هاوکاری باشمان بێت لەم بوارەدا. پەڕتووکەکەی د. بورهان هەوڵێکە شایستەی دەست خۆشی و خوێندنەوەیە بۆ ڕووناکی خستنە سەر ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم ڕوادوە سیاسییە گرنگە لە مێژوی کوردا. لە هەمانکاتدا لە تراژیدیای جۆری پەیوەندییەکان لە دونیادا. کورد پرسێکی هەیە، بۆ ئەوەی ئەم پرسە لە ئاستی دونیادا ئامادەیی هەبێت پێویستی بە هێزە. هێزەکانیش تەنیا لە کاتی قەیراندا ئامادەن پشتیوانی بکەن. قەیران و هێز هەردوو ناسەقامگیرن. [1]