ناونیشانی بابەت: ئایینی مەسیحییەت و شوێنەوارەکانی لە #کوردستان#دا/ بەشی پێنجم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
پاش مار تۆما، مار ئەدای و مار ماری لەگەڵدا بەرەو ناوچەکانی کوردستان هاتووە. کەسایەتیی مار ئەدای بەهۆی کارە باشەکانی و ئەو دڵسۆزییەی لە چارەسەرکردنی نەخۆشەکاندا هەیبووە، توانیویە سەرنجی خەڵک بەرەو ئایینی مەسیحی ڕابکیشێت و زۆر خەڵک باوەڕیان پێ هێناووە و بوون بە بڕواداری ئایینی مەسیحی.
یەکێک لەو کەسانەی لە مێژوودا ناوی هاتووە و چووەتە سەر ئایینی مەسیحی و بووە بە یەکەم مەتڕان لە #حەدیاب#، ئافرەتێک بووە بە ناوی باکیدە.
کەسایەتیی ماری بە دامەزرێنەری فەرمیی کورسیی کەنیسەی ڕۆژهەڵات دادەنرێت لە سالیق و قەتەیسفون (تیسفوون) ، کە دروستکەری کەنیسەی دایک لە (کوخی) لە ناوچەی بوعیسا لەنزیک دۆرەی بەغدایە.
پاشان ئایینی کریستیان دەگاتە ناوچەکانی دیکەی کوردستان، وەک کەرکووک، شەقڵاوە، ئاکرێ و ناوچە چیاییەکان.
سەبارەت بە ناوچەی حەدیاب و بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحی لەم ناوچەیەدا، لە ژمارە هەشتی گۆڤاری (سوبارتو) ، لە توێژینەوەیەکدا کە لە ئامادەکردنی مامۆستا ڕێزان غەفوورە، لەبارەی ئایینی مەسیحی لە شانشینی حەدیاب، وا باس دەکرێ کە: دوای ئەوەی شاژن هێلینا و بنەماڵەی شاهانە ئایینەکەی خۆیان، کە فرە خواوەندی بووە، دەگۆڕن بە ئایینێکی یەکتاپەرەستی، کە ئایینی جوو بووە، لەدوای بڵاوبوونەوەی ئایینی جوو وەک ئایینی بنەماڵەی پاشا، شاژن هێلینا سەفەر دەکات بەرەو فەڵەستین، هەر لەو کاتەوە بووە، کە پەیامهێن مەسیح لەدایک بووەوە و ئایینی مەسیحیش دەرکەوتووە و بانگەوازیی بۆ کراوە، بەڵام نازاندرێت کە شاژن هێلینا و بنەماڵەکەی چ پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئایینی مەسیحیدا بووە، ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە، کە بە بڕیاری گۆڕینی ئایینی ئەم بنەماڵەیە بۆ ئایینی جوو، کاریگەریی کردووەتە سەر هەرێمی حەدیابین، بۆ وەرگرتنی ئایینی تاک خواوەندی و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی هەرێمی حەدیابین ئەم ئایینەیان قبووڵ کردووە.
ڕێگای دووەم: ئەو مەسیحییانە بوون، کە بەزۆر کۆچیان لە زێدی خۆیان پێ کرابوو و لەگەڵ هاتنیان بۆ کوردستان بووبوونە هۆی زیاتر بڵاوبوونەی ئەم ئایینە، ئەو دەستەیە بە سەرۆکایەتیی (بەرکۆکبا) لە ساڵی 67ی زایینی، دوای ئەوەی شارەکەیان لەلایەن فەرماندەی ڕۆمانی (تەیتەس) کاول کرا و سووتا، لە فەلەستین بەرەو ناوچەکانی میزۆپۆتامیا بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی کۆچیان کردبوو و لەدوای نیشتەجێبوونیان و تێکەڵاوییان لەگەڵ خەڵک، ئایینی مەسیحیش بەرەبەرە لەناو خەڵک بڵاو بووە و ژمارەی پەیڕەوانی زۆر بووە.
ڕووداوێکی مێژوویی دیکە، کە کاریگەریی گەورەی هەبووە لەسەر هاتن و بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحییەت لە ناوچە ناوبراوەکان، شەڕەکانی ئیمپراتۆری ساسانی بوو لەگەڵ ئیمپراتۆری ڕۆمەکان، کە بەهۆی ئەم شەڕانەوە ژمارەیەکی زۆر لە مەسیحییەکانی نیشتەجێ لە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری ڕۆما، دیلی سوپای ساسانی بوون و دواتر بەهۆی گواستنەوەیان بۆ وڵاتەکانی سەر سنوور وەک نێوان دوو ڕووبار و ئەنتاکیا و سووریا و شارە جیاوازەکانی ئێران، ببوونە هۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی ئەم ئایینە لە ناوچەکانی میزۆپۆتامیا و ئێرانی کۆن.[1]