$ئەسپێی و ڕەشەبای زوڵم$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
لە دەفتەری سێیەمی مەسنەوییدا هاتووە جارێک ئەسپێیەک دادی یەئسی خۆی دێنێتە لای حەزرەتی سولەیمان و شکایەتی ئەوەی دەبێت کە ڕەشەبا ناهێڵێت تاوێک لەسەر گوڵێک، تەپۆڵکەیەک یان درەختێک ئۆقرە بگرێت و سکونەت کات، وای لێکردووە هەمیشە دەربەدەر بێت و کۆبەکۆ بڕوات، ئیسراحەتی بەتەواوەتی لێبڕیوە. ئەسپێ دەزانێت سولەیمان دەسەڵاتی بەسەر بادا دەشکێت و موسەخەرە بۆی، بۆیە داوای لێکرد کێشەکەی بۆ چارەسەر بکات. سولەیمان وتی من ناتوانم تەنیا گوێ لەلایەنێک بگرم و حوکم بدەم، دەبێ هەردووکتان پێکەوە دانیشن و گوێ بۆ هەردووکتان بگرم، دەبێ بزانم ڕەشەباش چ دەڵێت سەبارەت بەم باسە. سولەیمان ڕەشەبای داواکرد بێتە مەحکەمە و گوێ بۆ ئەویش بگرێت لەسەر داوای ئەسپێ. کە ڕەشەبا خۆی کرد بە مەحکەمەکەدا ئەسپێی هەزاران فەرسەخ فڕێ دا و وەک پیشەی هەمیشەی خۆ دووری خستەوە. سولەیمان هاواری لە ئەسپێ کرد من هاتووم گوێ بۆ هەردوکتان بگرم تۆ بۆچی لەگەڵ هاتنی ڕەشەبا ڕاتکرد؟ ئەسپێ لەوەڵامدا وتی قوربان دادی یەئسی من و کێشەکەشم هەر ئەمەیە کە ئەو هات من نابێ هەبم، من و ئەو کوا کۆبوونەوەمان پێکەوە مومکینە!
دەسەڵاتی موتڵەق و عەدالەتیش بەهەمان شێوەی ئەسپێ و ڕەشەبان. وەک شەوو ڕۆژ دووشتی موتەناقیزن. کۆبوونەوەیان نامومکینە.مانیعولجەمعی زانستی سیاسیین. نابێت چاوەڕێی باشبوون، عەدالەت، ویژدان و موحاکەمەی عەقڵانی لەکەسێک بکرێت کە خۆت دەسەڵاتێکی موتڵەقت داوەتێ. دەسەڵاتی زۆر و عەدالەت ئافتاب و سایە تیمسالن، جەنابی دەسەڵات کە دەرکەوت دەبێ تەشریفی عەدالەت بارگەو بنەی بپێچێتەوە و لەو شوێنە بڕوات:
وتی مەحوی من و تۆ ئافتاب و سایە تیمسالین
جەنابی من کەدەرکەوتم دەبێ تەشریفی تۆ بڕوا
دیموکراسی لە سادەترین واتایدا واتە لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتی دادوەری لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن، پارچەپارچەکردنی دەسەڵات و کۆنەکردنەوەی لای سوڵتان، پادشا یان براگەورەیەک. دیموکراسی نەحوکمی خەڵکە نە سندوقێک و چوار دەنگی تەزویری ناوی، هەڵبژاردن و حوکمی خەڵک میوەی دیموکراسین نەک پایەو ڕەگ و ڕیشەکانی.. ئەوەی دیموکراسیی دەخاتەسەر ڕێگە ڕاستەقینەکەی خۆی لێکهەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتەکان و کۆنەکردنەوەیانە لە دەستی ئاغایەک یان سوڵتانێکدا.
دیکارت پێچەوانەی هەموو ڕۆشنبیر و نووسەرانی پێش خۆی پێی وابوو کۆکردنەوەی دەسەڵاتی موتڵەق لەدەستی تەنیا کەسێکدا زوڵمی موتڵەق لەگەڵ خۆی دەهێنێت. دەسەڵاتی موتڵەق و زوڵمی موتڵەق دال و مەدلولی یەکن، دووڕووی یەک دراون، بۆیە پێشنیاری تەفکیک و لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی بە یەکەمین هەنگاوی دیموکراسی لێکدایەوە. ئەم داهێنانەی دیکارت هیچی لە دۆزینەوەی ئەتۆم و فیزیای کوانتەم کەمتر نەبوو. سێسەد ساڵ پاش دیکارت ڕۆشنبیرەکانی دیوەخانی پترۆقەڵەم و نووسەرەکانی دەربار لای ئێمە تازە بەتازەیی دەهاتن واژۆیان کۆدکردەوە بۆ مانەوەی قائیدی زەرورە لە پۆستەکەی و ڕجایان لێدەکرد خاوەنشکۆ وازنەهێنێت پاش تەواوبوونی وادەی ویلایەت وحوکمڕانییەکەی و لە ئەلیف بۆ نونی یای حوکمڕانی لەدەست خۆیدا کۆکاتەوە، چونکە پێیان وابوو بە وازهێنان و نەمانی ئەو دیموکراسی و سیاسەتیش وەختی خوێندنی فاتیحایان دێت. گەر وانییە ئەو هەموو نسکۆو ئاشبەتاڵە یەک لە دوای یەکە چۆن و بۆچی ڕوویاندا لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، کە ڕوشیاندا بۆ کەس نەیتوانی موقەسیران و کەمتەرخەمان دادگایی بکات؟
ئەوە کاری نووسەران و عاقڵمەندان و ڕۆشنبیران و خاوەن بۆچوونەکان بوو لە سی ساڵی ڕابردوودا کە نەهێڵن ئەمڕۆی دادگاییکردنی بادینان درووست ببێت. یەکەمین هەنگاو لەتەسلیم نەبوونیانەوە دەستی پێدەکرد بڵام داخەکەم. هەزاران عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک مومکینە ڕادەست بن و زۆر لە موعادەلەکە ناگۆڕن، بەڵام ڕادەست بوونی یەک قەڵەم دەشێت لە بری درووستکردنی کۆماری فەرەنسا بتگەڕێنێتەوە بۆ درووستکردنی کوبا و ڤەنزوێلاو ئەفغانستان. ئەو وێرانەیەی قەڵەمێکی دەستەمۆ درووستی دەکات، زۆر مەترسیدارترە لەو وێرانەیەی کە هەزار کڵاشینکۆف و تۆپ و تەیارە سەرڕێی دەخەن. ئەمان بینا دەڕوخێینن بەڵام قەڵەمەکان ئینسان تێکدەشکێنن کە بوار بە هەستانەوەی دووبارە نادەن. تەماشای فەرەنسای دوای نازییەکان بکە چەند خێرا خۆی دەگرێتەوە، بۆچی؟ چونکە قەڵەمەکان بەرگری دەکەن و ئینسانەکان تێکنەشکێندراون و ئیرادەکان ئازدن. دادەوەران لای ئێمە لەبری کاری خۆیان لەم هەلومەرجە پڕ دڵڕەقیی و بێماڵیی و ناعەدالەتییەدا هاتوون لە دەسەڵاتێکی نزمتر لە دەسەڵاتەکەی خۆیان دەپاڕێنەوە و دەلاڵێنەوە مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا پێبدرێت و لێی قارس نەکرێت لەکاتێکدا دەبوو بە هێزەوە ڕووبەڕووی ببنەوە.
بەو حوکمە قەرەقوشییەی دەسەڵاتی تەمیز و دادوەریی لە هەولێر سەبارەت بە بەندکراوانی بادینان، ئەمڕۆ درەختی فیکر و ڕۆشنبیریی ڕۆشنبیرانی ئێمە یەکەمین میوەی خۆی بەخشی و دیارە باخی فیکر و بیرکردنەوەشیان پڕ سەمەرتر دەبێت و ڕۆژێک دێت هەموومان هەمان چارەنووسمان دەبێت. دیکارت فەرەنسای لەپاش بەجێما، ڕۆشنبیرەکانی ئێمە ئەم زەلکاوە!
ئەوەی دەمێنێتەوە هەڵوێستە نەوەک هێز. [1]