ناو: ئەحمەد
نازناو: ئیمامی
ناوی باوک: مەحمود
ڕۆژی شەهیدبوون: #05-02-1947#
شوێنی لەدایکبوون: #ورمێ#، #نەغەدە#
$ژیاننامە$
کەس نییە کە جارێک چاوی بە ئەحمەدی ئیمامی نەکەوتبێت و پەرۆشی نەبێت، لاوێکی (22) ساڵە، جوان چاک، ژیر، بەئەدەب، تێکۆشەر و نیشتمان پەروەربوو. ئەم لاوە تێکۆشەرە یەکێکی دیکە بوو لە شەهیدەکانی گەلی کورد بە دەستی دەرەبەگە خائینەکانی عەشیرەتی مامەش (بەرەی حەمەدئاغا) کوژرا.
ئەحمەدی ئیمامی کوڕی (مەحمود کەرشین) لە خێزانێکی کاسبکار لە نەغەدە لەدایکبووە، پۆلی شەشی سەرەتایی هەر لە نەغەدە تەواوکردووە. پاشان دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت و لە کار و کاسبیدا یارمەتیی باوکی دەدات و ئەو تاقە کوڕی خۆشەویستی دایک و باوکی بوو.
ئەحمەدیش وەک سەدان لاوی خوێن گەرمی دیکە ڕووی کردە کۆمەڵەی (ژ.ک) وە پاشان هاتە ژێر ئاڵای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە. کاتێک لقی ڕێکخراوەی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە نەغەدە کراییەوە، ئەحمەد لەبەر تێکۆشان و چالاکی بەردەوامی، بوو بە ئەندامی کۆمیتەی مەحەلی لاوانی دیموکراتی کوردستان.
پاشان ئەحمەدی ئیمامی لە ڕیزی ئەو لاوانەدا خۆی ناونووس کرد کە بە پارەی خۆیان چەکیان دەکڕی، وە لە ڕیزەکانی گاردی میللی (پاسەوانی میللی) دا خزمەتی حکوومەتی میللی و نیشتمانیان دەکرد.
ئەحمەدی ئیمامی لە گاردی میللی لقی نەغەدەدا بە مەعموری سوار نووسرا و بەوپەڕی دڵسۆزی خزمەتی دەکرد و فەرمان و بڕیارەکانی حکوومەتی میللی و کۆمیتەی مەحەلی بە دێهات ڕادەگەیاند.
لە مانگی سەرماوەرزی (1946) دا، کۆمیتەی ناوەندی (حدکا) و حکوومەتی میللی فەرمانێکیان دەرکرد کە هەر کەسێک چەکی هەبوایە دەبووایە ناوی خۆی بنووسێ و بۆ جەبهەی سەقز بڕوا ( سەید ئەحمەدی کوری سەید تەها ئەفەندی کە بەناهەق و بێ جێ کرابوو بە سەرۆکی کۆمیتەی نەغەدە و سندوس، ئەحمەدی ئیمامی و دووسەد سوارێکی دیکەی هەڵگرت و بەناوی ئەوەی گوایە بۆ جەبهە دەچێت بەرەو مەهاباد کەوتەڕێ، هەر ئەو ئێوارەیەی کە دەگەنە مەهاباد، سەید ئەحمەد فەرماندەی ئەم دووسەد سوارە و سەرۆکی کۆمیتەی نەغەدە، هەست بەوە دەکات کە حکوومەتی میللی ئازەرباینجان شکاوە، وە حکوومەتی کوردستانیش لەسەر ئەو باوەڕەیە کە شەڕ نەکرێ، خۆی لە سوارەکانی دەشارێتەوە و لۆریەکی حکوومەتی میللی لە مەهابادەوە هەڵدەگرێ و دەچێتەوە نەغەدە، هەر بەوشەوە بارگە و بنی خۆی تێک دەپێچێ و خێزانی هەڵدەگرێ و بەرەو ئێراق ڕادەکا و دەچێتەوە ئامێزی نوری سەعید و ئاغاکانی.
سەید ئەحمەد لە کاتێکدا لەنەغەدە ڕای کرد ورەی خەڵکی خستە ترس و لەرزەوە، کە هێشتا بارزانییە قارەمانەکان تازە لە جەبهەی سەقزەوە بەرەو مەهاباد کەوتبوونە ڕێ، قشونی حکوومەتی ئێران پێنج مانگ پاش ڕاکردنی سەید ئەحمەد گەیشتەوە نەغەدە و سندوس. سەید ئەحمەد لە کاتی ڕاکردنیدا چەند، چەند کەسیش لە چەکدارەکانی گاردی میللی لەگەڵ خۆی دەبات. بەڵام پاش ئەوەی دەگاتە سەر سنووری ئێراق وە خۆی ڕادەستی پۆلیس و عەسکەری نوری سەعید دەکا، لەو پەڕی نامەردیدا پاسەوانەکانی حکوومەتی میلی چەک دەکا و بەڕەڵایان دەکات.
پاش هەڵاتنی سەید ئەحمەد لە مەهاباد، ئەم سوارانەی کەلەگەڵی بوون سەریان لێدەشێوێ و هەرکەسە بەلایەکدا هەڵوەدا ئەبێت.
ئەحمەدی ئیمامی سواری ئەسپی خۆی دەبێ و بەرەو نەغەدە دەکەوێتە ڕێ، لەنێوان گوندی (بەگم قەڵا و دزە) نیزیکی نەغەدە تووشی سەد سواری چەکداری عەشیرەتی (مامەش) دەبێ کە خەبەری شکانی حکوومەتی میللیان زانیوە، بۆ پێشوازی قشونی ئێران بەرەو مەهاباد دەچوون، ئەم سوارانە لە تایفەی (حەمەد ئاغا خزم و برا و برازای قەرەنی ئاغای مامەش) بوون، ئەحمەدی ئیمامی کە هێشتا نیشآنەی پاسەوانی حکوومەتی میللی لە قۆڵیدابوو، لەبەر ناسیاری لەگەڵ ئەوانە لێیان لانادا و دەچێتە ناویان، لێی کۆدەبنەوە و دەنگ و باست لێ دەپرسن. پاشان دەڵێن سەید ئەحمەد لە نەغەدە هەڵاتووە و حکوومەتی میللی نەماوە تفەنگ و ئەسپەکەت هی میریە و دەبێ بیدەی بە ئێمە.
ئەحمەدی ئیمامیش لە وەڵامدا دەڵێت: سەید ئەحمەد کابرایەکی خائین بووە ڕای کردووە، حکوومەتی میللی کوردستان هەرماوە و تفەنگ و ئەسپی خۆشم نادەم بە ئێوە.
پاشان ڕکێف لە ئەسپەکەی دەدا کە لەناویان دەربچێتە دەرێ بەڵام بەهووان دەستدڕێژی لێ دەکەن و زۆر بە نامەردی شەهیدی دەکەن.
بەم جۆرە لاوێکی دیکەی دڵسۆزی نیشتمان پەروەر، بە دەستی خائینەکانی میللەت شەهیدکرا. [1] [2] [3]