#شکور قادر حەمەدەمین#
ئەزموونم لەگەڵ شیعردا
هەر کەسەو خولیایەکی هەیە و بەشێک لە ژیانی خۆی پێ دەبەخشێ و بەلایەوە جێی بایەخە. منیش بەش حاڵی خۆم هەر لە تەمەنی منداڵییەوە وردەوردە ئاشنای شیعر بووم و لەو ڕێیەوە بەپێی توانا و بە ئاستی ئەو بەهرە خواییە هەوڵمداوە هەستی ناخم بەخۆشی و ناخۆشییەکانیەوە و کاریگەریی دەوروبەر بەسەرمەوە بۆ کەسانێ دەربڕم کە پێم وابووە لێم تێدەگەن. شیعر دنیایەکی تایبەتەو هەر شاعیر و شیعردۆستان ئەو دنیایە وەک خۆی دەناسن و قەدری دەزانن.
لەبیرمە یەکەمین شیعرم چەند دێڕێکی سادە و ساکار بوون بە ناونیشانی (چیاکانی کوردستان) کە ئەو کات لە پۆلی شەشەمی سەرەتایی بووم لە قوتابخانەی خەزنەی دەشتی هەولێر لە ساڵی 1977 کە هەر ئەو ساڵە وەک هۆنراوەیەکی بەرهەمی منداڵان لە بڵاوکراوەی دیوار - النشرة الجدارية - ی قوتابخانەدا بڵاوکرایەوە. ئەمە لەکاتێکدا کە هێشتا شاخ و ژیانی ناوچە شاخاوییەکان بۆ منی منداڵێکی دەشتەکی نامۆ بوون و تەنیا لە وێنەی نێو لاپەڕەی پەڕتووکاندا بە دیتنی دیمەنە جوان و دڵڕفێنەکانیان سەرسام بووبووم.
ئینجا لە قۆناغی خوێندنی ناوەندی و لە ساڵانی 1978-1980 لە هەولێر کۆمەڵێک شیعری زۆر سادە و سەرەتاییم نووسین و لە دەفتەرێکدا کۆم کردنەوە پاشان ئەگەرچی پێم وایە هەڵەش بووم لەبەر ئەوەی زۆر بەدڵم نەبوون دەفتەرەکەم دڕاند.
لە 1981-1984 کە سەردەمی قۆناغی ئامادەییم بوو، هیچ شیعرێکم نەنووسی، بەڵام لە بواری خوێندنەوەی دیوانە شیعری شاعیرانی کۆن دوور نەکەوتمەوە و لەو ماوەیەدا دیوانەکانی مەحوی و مەولەوی و نالی و سالم و حەمدی و مستەفا بەگی کوردی و وەفایی و بێخود و بێسارانی و حاجی قادری کۆیی و گۆران و دڵدار و قانیع و بێکەس و ئەوانیتریشم خوێندەوە کە لەبیرمە ئەگەر نەشمکڕیبان دەچووم لە پەڕتووکخانەی ناوەندی - المکتبة المرکزية - وەرمدەگرتن و دەمهێنانەوە و دوای خوێندنەوەیان بۆم دەگەڕاندنەوە. هەروەها دواتر بەرهەمە شیعرییەکانی حەمەعەلی مەدهۆش و لەتیف هەڵمەت و هەندێکی ترم خوێندنەوەو لەو ماوەیەو دواتریش شارەزای قوتابخانە شیعرییەکانی مێژووی ئەدەبی کوردی و بەرهەمەکانی سەردەمانی کلاسیک و ڕۆمانتیک و ڕیالیزمیش بووم. دواجاریش تا ئاستێکی زۆر لەگەڵ شیعرەکانی شاعیری دەرکەوتووی حەفتاکان و دیاری ئەم سەردەمە #عەبدوڵڵا پەشێو# تێکەڵ بووم و کاریگەریی زۆری بەسەر ڕێچکەی شیعریمدا هەبوو و دەتوانم بڵێم ئێستاش لەسەر شێواز و ئیقاعی ئەو دەنووسم، هەرچەندە کاتی خۆی لە نەوەدەکان کاک قوبادی جەلی زادەی شاعیر لە هەڵسەنگاندنێکی دەستنووسی خۆیدا بۆ هەوڵە شیعرییەکانم پێی باش بوو کە لەو ڕێچکەیە و خۆبەستنەوە بە ئیقاع و موفرەداتی حەفتاکان دوورکەومەوە و لەجیاتی شیعارات و بابەتە نەتەوەیی و بۆ مەسەلە چینایەتییەکان خودییەکان بنووسم، وەلێ شاعیرانی ڕوانگە کاریگەریی زۆریان بەسەرمەوە هەبوو. لەبیرم نەچێ لەپاڵ پەشێودا شیعرەکانی #جەوهەر کرمانج#یش کە ئەوسا لە شاخ بوو مۆرک و کاریگەریی دیاریان بەسەرمەوە جێهێشتبوو، بەڵام پەشێو بە پلەی یەکەم بوو بە پێشەنگی شیعریم و بەتایبەت بەرهەمەکانی (شەونامەی شاعیرێکی تینوو) و (شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم) هەمیشە لە پشت سەرم بوون.
ساڵانی 1985-1990 کە ساڵانی زانکۆم بوون لە مووسڵ بە دابڕان و فەسڵبوونی دووساڵیشمەوە کە لەو ماوەیەدا ڕووکردنە شاخ و چەکداریشم تاقیکردەوە ساڵانی تەقینەوەی کانیاوی شیعرم بوون، لەو ماوەیەدا کۆمەڵە شیعرێکم نووسی و دواتر لەژێر ناوی - کۆڵەگە - کۆمکردنەوە کە دیارترینی شیعرەکانی ئەو سەردەمەم - شاری پەیکەر - بوو کە لای دۆست و هاوڕێیانی نزیکم ناسراوە بە شیعری - هەڵەبجە - کە لە ساڵی 1988 و لەگەرمەی کارەساتی ناخهەژێنی کیمیابارانی هەڵەبجەدا نووسیومە و لەبیرمە کاتی خۆی لە مووسڵ لە شوێنێکی گشتیدا بۆ هەندێک لە برادەرانم خوێندەوە کە لەوێدا بەتەنیا لە سووچێک دانیشتبووین، زۆر بەدڵیان بوو بەڵام هەر زوو وتیان دەنگت نزمکەو لە مەترسیی گرتن ئاگاداریان کردمەوە. جارێکیش لە شاخ بۆ کۆمەڵێک پێشمەرگەو دوای ڕاپەڕینیش لە ئاهەنگێکدا خوێندمەوە، پاشان لە 1998 و لە ڕۆژی 3/16دا لە یەکێک لە ڕۆژنامە کوردییە سەرەکییەکان بڵاوکرایەوە. هەڵبەت لە دووتوێی ئەو کۆمەڵە شیعرەدا بێجگە لە شیعرە نیشتمانییەکان، چەندین شیعری سۆزداریش دەبینرێن کە دیارترینیان هەردوو شیعری (فرمێسکی ماڵاوایی) و (میوانم بە) ن.
جێی داخە و قەت لەبیرم ناچێ چەند شیعرێکی دەستنووسی هەشتاکانم لەگەڵ دەیان پەڕتووکی پەڕتووکخانەکەم لە هەڵمەتی خاپوور کردنی گوندەکان لە 1987 فەوتان و فریای دەربازکردنیان نەکەوتم.
لە ساڵانی 1991-2000 بۆ ماوەی دە ساڵ هیچ شیعرێکم نەنووسیوە، دیارە من لە شیعر زویر نابم، بەڵکوو ئەوە شیعرە کە جار وایە بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ لە من زویر دەبێ و درەنگ لەگەڵم ئاشت دەبێتەوە. ساڵی 2001 تەنیا دوو شیعرم نووسیوە و دیسان لە 2002-2013 هیچم نەنووسیوە ئەگەرچی لەو ماوەیەدا بابەتی تری جگە لە شیعرم نووسیوە بەتایبەت بابەتی یاسایی و لە ڕۆژنامە و گۆڤارە ناوخۆییەکاندا بڵاوم کردوونەتەوە.
لە ساڵانی 2014-2020 کۆمەڵە شیعرێکی ترم بە نەفەسێکی دیندارانەوە نووسیوە کە لەژێر ناونیشانی (ژیانەوە) دا کۆمکردوونەتەوە و هەردوو شیعرەکەی ساڵی 2001 یشی گرتۆتە خۆ بەو پێیەی ئەوانیش بە هەمان نەفەس نووسراونەتەوە و ڕەنگدانەوەی وەرچەرخانی فیکەریمن کە لە 1996- ەوە دەست پێدەکات. دیارە بەرهەمەکانی ساڵانی ئەو نەفەسەش خاڵی نییە لە بەرهەمی تری ئاوێتە کە مۆرکی ئەزموون و ئیمانی بەسەرەوە دیارە.
لە کۆتاییشدا جێی ئاماژەیە کە بڵێم دواشیعرم لە مانگی9 /2020 نووسیوە کە لەبارەی سرووشتە و بێ ناونیشانە، لەم سێ مانگەی ئەمساڵیشدا 2021 هێشتا هیچم نەنووسیوە.
ڕەنگە ئێوەی بەڕێز بپرسن بۆچی ئەو بەرهەمانەت وەک پەڕتووکی شیعری بەچاپ نەگەیاندوون؟ ئەوەی ڕاستی بێ هەر دوای ڕاپەڕین بە ساڵانێکی کەم برای بەڕێزو هاوڕێی دێرینی ساڵانی زانکۆم کاک #هاوڕێ باخەوان# کە تەمەنێکە نیشتەجێی هۆڵەندایە وەک وەفایەک لەڕێی نامەیەکی برایانەوە کە بۆی هەناردبووم پێشنیاری کردبوو کە تەواوی شیعرەکانی تا ئەوسام کۆبکەمەوە و بۆی بنێرم بەڵکوو لەوێ بتوانێ بە شێوازێکی جوان بۆم چاپ بکات بەڵام من ئەوکات بەهەر هۆیەک بێخەمم لێ نەخوارد و نەمنارد.
ئێستا دوای زیاتر لە 25ساڵ کە ئەو هەڵوێستەی ئەو برا ئازیزەم باس دەکەم تەنیا بۆ لەبیرنەکردنی چاکەی ئەوە بەسەرمەوە کە جێی ڕێز و سوپاسە. پاشان هەرچەند ناوەناوە هەندێک لە شیعرەکانم لە ئەکاونتی خۆم لە فەیسبووک دابەزاندووە بەڵام دیسان هەوڵم نەداوە لێرەش بەچاپیان بگەیەنم چونکە پێم وایە لە دید و دنیابینی ئێستامەوە ناکرێت هەموو شتێک بڵاو بکرێتەوە ئەگەرچی هی قۆناغێکی ڕابردووی ژیانم بوون، جگە لەمەش کورد دەڵێت: کەنگر و ماست بە وەختی خۆی، پێم وایە ئەوانی کۆن ئێستا نە خوێنەری تامەزرۆ و نە سوودی واشیان دەبێت چونکە کاتیان بەسەرچووە هەروەک چۆن لەم دۆخەدا خەڵک تەنانەت تاقەتی خوێندنەوەی شیعری کەڵەشاعیرانی ئەم میللەتەیشی نەماوە چجای بابایەکی شیعردۆستی نەناسراوی وەک من، سەبارەت بەوانی تازەش ئەگەر دەرفەت بوو بەهیوام بتوانم بەچاپیان بگەیەنم . ئیدی گرنگ ئەوەیە مرۆڤ لە نووسین و دەربڕینی هەستەکانی سڵ نەکاتەوەو ئامانجی زۆر و بۆر و ناو و شۆرەت نەبێت. هەموو هەستێکی ڕاستگۆیانەش سوود و سەدای خۆی هەر دەبێت.
تێبینی: ببوورن بابەتەکە خۆی درێژ بوو، بۆیە نەکرا چەند کۆپلەیەک وەک نموونە بئاخنمە نێو باسەکەوە کە درێژتری دەکردەوە، بەڵام پشتیوان بەخوا لە پۆستەکانی داهاتوودا قەرەبووی دەکەمەوە ٳن شاء اللە.[1]