(ماڵ وێران خۆم)
ساڵی 1984 کچێک و کوڕێک لە پەیمانگایەک یەکتری دەناسن و عاشقی یەکدەبن.
کچەکە ماڵیان لە کانێسکان دەبێ و کوڕەکەش ماڵیان لە کارێزەوشک دەبێ، بەرانبەر ماڵی کچەکە دارتوویەکی گەورە دەبێ، زۆربەی ئێواران لەژێر ئەم دارە یەکتری دەبینن و یەکتریان زۆر خۆش دەوێ.
ماوەیەکی زۆر کوڕە بزر دەبێت و ناچێتەوە پەیمانگاش، دوای ماوەیەک کچە دەچێ سۆراغی لە جیرانەکانی دەپرسێ، جیرانەکانی دەڵێن: ئەوە ماوەی دە ڕۆژ دەبێ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە سێدارەدراوە.
کچە تووشی نەخۆشی دەبێت، ناتوانێ بچێتەوە بۆ پەیمانگا وەک شێتی لێ دێت پەنا بۆ شاعیر (#ئیسماعیل خورماڵی#) دەبات و بەسەرهاتی خۆی و خۆشەویستەکەی بۆ دەگێڕێتەوە و ئەویش ئەم شیعرەی بۆ دەنووسێت.
ماڵ وێران خۆم
ماڵ وێران خۆم سەرنج وەری ئاوی چاوم وشکایی هات
سەری کاسم چاوەڕوانی کۆشی تۆ بوو ئەی بۆچی نەهات
بۆ چی نایەت خۆ بڕیار بوو بن ئەم دارە جێ ژووان بێ
وەکو ڕۆژان گەڵای وەریو لە تەرزەی ماچ هەراسان بێ
ئەی ئەمێستا هەوارت کوا هەوری سەوزی ئەم دڵەی من
خۆ بەبێ تۆ لێڵە چاوم وشکە کێڵگەی ئەم دڵەی من
ئەی ئەمێستا کە تۆ ونی دەستی هانا بۆ کێ بەرم
لە ڕەهێڵەی ئەم غوربەتا چی بکەمە چەتری سەرم
هۆ دەریاچەی ئەوینی من لەهەر کوێ هەی دەنگ هەڵبڕە
بە دڵی کام بیابانا ڕۆیشتی سەر هەڵبڕە
سەر هەڵبڕە و گۆمی سووری چاوەڕوانیم بهەژێنە
سەر هەڵبڕە و ماسی ڕۆحم لەم زۆنگاوە دەربهێنە [1]