ناونیشانی بابەت: خوێندنەوەیەکی کوورت بۆ کۆمەڵە چیرۆکی تاوانی پیرۆزی #بێهزاد قادری#
ناوی نووسەر: #ئەمیر سراجەدین#
کۆمەڵە چیرۆکی تاوانی پیرۆز لەلایەن وەشانخانەی 49books ەوە هاتووە وەشاندن و لە 12 کوورتە چیرۆک پێک دێت. بەر لەوەی بچمە نێو ناوەرۆکی پەڕتووکەکە، پێم خۆشە لەسەر ناوی پەڕتووکەکە بوەستم. تاوانی پیرۆز ناوی یەکێک لە چیرۆکەکان و ناوی خودی کۆمەڵە چیرۆکەکەشە، بژاردنی وەها ناوێک وا لە خوێنەر دەکات بەر لەوەی خوێنەری پەڕتووکەکە بێت، خێرا هەست بەوە بکات بڕیارە خوێنەری کۆمەڵە ڕووداوێک بێت. دیارە مەبەستی نووسەریش هەر ئەمە بووە؛ خوێنەر زووتر هەست بە کەشی کارەکان بکات و ئامادەی ڕووداوەکان بێت. بەڵام چ تاوانێک؟ وە چما پیرۆز؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا نووسەر خۆی پێشتر بۆ ڕۆژنامەی کوردستان وەهای نووسیوە: ..هەستم دەکرد ئەم ناوە دەیتوانی ناوی هەموو چیرۆکەکانی تری پەڕتووکەکەش بێت. لە زۆرینەی چیرۆکەکاندا ڕووداوگەلێک ڕوو دەدەن کە لە ڕوانگەی ئەویتری کوردەوە تاوانن، بەڵام لەلای منی کوردەوە ئەگەر تاوانیش بن، ئەوە تاوانێکی پیرۆزن!.
پرسی بێ نیشتمانی، پرسی بێ دەوڵەتی، ئاستەنگەکانی ژیانی تاکێکی کورد لەژێر چەتری ڕژێمێکی داگیرکار، هەروسا ژانگەلێک کە دەشێ گیانی مرۆڤێکی کۆلۆنیزەکراو بژانێ، کۆمەڵە وێنایەکن، کۆمەڵە ئاستەنگێکن جەستە و پێکهاتە و ناخنی ئەم کۆمەڵەچیرۆکە پێک دێنن. لۆکەیشن و جوگرافیای ڕووداوەکانی نێو چیرۆکەکان زۆربەیان و بگرە گشتیان سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خۆ دەگرن. بە حوکمی ئەوەی کە نووسەر خۆی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، زۆر بە باشی توانیویەتی هەموو وردەکارییەکان، هەموو ئەو نادادیانەی لە قاڵبی ڕووداوگەلی جیاوازدا لەوێ ڕوویانداوە، یا بەردەوام لە ڕووداندان، بنووسێ و بگێڕێتەوە.
بەشێک لە چیرۆکی تاوانی پیرۆز ل. 33:
پێیان دەوتم ئەو زمانە درێژەت دەبڕین؛ زمانێک کە بە کژ هیچ کەسدا نەچووە و تەنیا تاوانی ئەوەیە بە کوردی هەڵسووڕاوە. دەیانوت تۆ لەلایەن حزبێکەوە بەرنامەت پێ دراوە؛ لە حاڵێکدا هیچ بەڵگەیەکیان لەبەر دەستدا نەبوو. دەیانوت ئەو وانە کوردییەی کە تۆ دەیڵێیتەوە بەڵگەیە، ئەو جلە کوردییەی لەبەری دەکەی بەڵگەیە. تۆ تاوانباری، زمانت دەبڕین ئەی زماندرێژی جیاییخواز. تەلەفۆنیان بۆ دەهێنام کە لەگەڵ بنەماڵەکەم قسە بکەم. سێ باتۆم لە دەست و حیزبوڵڵایی لەسەر سەرم ڕادەوەستان، دەبا بە فارسی لەگەڵ بنەماڵەی کوردم قسەم کردبا، ئەگەرنا کەپۆمیان دەشکاند. ئەوە سەختترین ئەشکەنجە بوو بۆم، چۆن لەگەڵ دایکم بە فارسی قسە بکەم؟ دایکێک کە لایلایەی کوردیی بە گوێمدا چرپاندوو و کوردانە بەخێوی کردووم. چۆن ئەو زوڵمە لە مافی خۆم و دایکم بکەم و پێی بڵێم مادەر؟!.
لە وڵات و جوگرافیایەکی داگیرکراودا، داگیرکار دەشێ دەست بۆ هەموو ئازادییەک ببات، دەشێ ڕێ لە هەموو جوانییەک بگرێ و بیاخنکێنێ. تەنانەت دەست بۆ گۆڕینی زاتی مرۆڤی کۆلۆنیزەکراویش دەبردرێ؛ لە بوونەوەرێکی ئارام و جواندۆستەوە، بۆ زاتێکی دڕندە و یاخی، لە مرۆڤێکی ئەکتیڤ و چالاکەوە بۆ کەسێکی پەسیڤ و نەزۆک. لە نیگارکێشێکی ئارام و هونەر دۆستەوە بۆ بکوژێک کە بۆ ڕەنگکردنی نیگارەکانی خوێنی کوژراوەکان بەکار دێنێ! (چیرۆکی خوێنی عەجەم) ، لە کچە کوردێکی سەر بزێوەوە بۆ پیرەژنێکی کز و گۆشەگیر (چیرۆکی پوورە مەستوورە) ، لە مامۆستای زمانی کوردییەوە بۆ بەندکراوێکی هەتاهەتایی (چیرۆکی تاوانی پیرۆز) ... هتد. ئەم گۆڕانکارییانە لە کەسایەتی هەموو چیرۆکەکانی پەڕتووکەکەدا هەست پێ دەکرێ، بەو تایبەتمەندییە کارەکتەری چیرۆکەکانی بێهزاد قادری کەسگەلێکی ئاگاهن بە دۆخیان و گۆڕانکارییەکان بە جۆرێ لە جۆرەکان بژاردەی کەسی خۆیانە بۆ ئامانجێکی تایبەت، کە لە درێژەدا ئاماژەی پێ دەکەم.
بەشێک لە چیرۆکی بێدەنگی ل. 37:
خۆزگە خۆم بە دەم تێکەڵبوونی ئەو گوڵەوە دەدا. خۆزگە دەبووم بە پرۆتۆنێک و ئەلەکترۆنێکم شەیدای خۆم دەکرد. خۆزگە “بیگ بۆنگ”ێک نەدەبوو و هەمووان لەو هیچەدا دەماینەوە… بەڵام دەنگ دێت، بۆن دێت، بۆنی هەزاران مرۆڤ لە “هیرۆشیما” کە بوون بە هەڵم. لەو نزیکانمەوە بۆنی سێو و پرتەقاڵ دێت! بۆنێکی مەرگهێنەر، بۆنێکی دیکتاتۆر، بۆنێکی دڕندە. هەست بە فڕینی پێنج هەزار پەپوولە دەکەم. لێم نزیکن! هەست دەکەم جەستەم بووە بە پێنج هەزار پارچە و لە شارەزوورەوە ڕێگای کەشکەڵانیان گرتووەتە پێش. بە فڕینیان ئێشم پێ دەگات، هەست بە خنکان دەکەم، هەست بە مردن دەکەم. لەوڵاترەوە کچێک پەلکەکێش دەکەن، کوردێک لە خاچ دەدەن، نارنجۆکێک دەخەنە نێو ژێرخانێکەوە… ئەنفالە و ئەنفالە و ئەنفالە، زەیتوونە و زەیتوونە و زەیتوونە. وشە پیرۆزەکانیش لێمان بوونە بە دیکتاتۆر!
تەزوویەک بە ڕۆحمدا دێت. ئەوەی لەگەڵ زەوی دەسووڕێتەوە ئیدی دەنگی کۆیلەکانی میسر و چین نییە، نەڕەی سەربازە دڕندەکانی “چەنگیزخان” نییە. بێدەنگی لە خۆمەوە هەڵدەکوڵێت! دەنگی خۆمە کاتێک لەسێدارەم دەدەن، کاتێک تیربارانم دەکەن. دەنگی خۆمە لە سەرما و کڕێوەدا، لەژێر بارێکی گران لەسەر سنوورێکی دەستکرددا. دەنگ خۆمە تێکەڵ بە هەناسەی توندی ئەسپێکی مەست. ئەویش دەسووڕێتەوە، لەگەڵ زەوی، لەگەڵ خۆر و لەگەڵ کەشکەڵان. بێدەنگی لە خۆمەوە هەڵدەکوڵێت، هەموو ڕەشایی لێ داگیر کردووم و ئێستا تەنیا هەست بەوە دەکەم. حوکمە و دەبێ لەگەڵیدا بژیم و لەگەڵیدا بسووڕێمەوە، هەتا ئەبەد، هەتا خۆر دەتەقێتەوە و زەوی لە سووڕان دەکەوێت.
شتێک کە لە چیرۆکەکانی ئەم پەڕتووکەدا جێی سەرنجە؛ بە پێچەوانەی چیرۆک و گێڕانەوەکانی تری کوردی کە لەم تایپ مژارە نزیکن، ئەوەیە کە بەردەوام باس لە کارەساتێک یا بێدادییەک دەکرێ و هەر بەمەش کۆتاییان پێ دێت و کارەکتەری چیرۆکەکان لە قوربانییەک زیادتر هیچی تر نیین، هەروەها ئامانجی چیرۆکەکانیش تەنیا وێناندنی ڕووداوەکانە. لێ لە چیرۆکەکانی تاوانی پیرۆزدا قوربانی تەنیا قوربانییەک نییە و بەس، تاوانلێکراو بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بۆ تۆڵەسەندنەوە دەدات، هەوڵ بۆ بەرگری و خۆ ڕاگری دەدات. بە واتایەکی تر ئیدی ئەو ڕۆڵە خەسیو و پەسیڤە باوەی جاران ناگێڕێت، مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی لەم چیرۆکانەدا بە هەموو هێزییەوە، بە بیر و هزرییەوە لە دژ بێدادییەکان دەوستێ و بگرە لای ئاساییە گیان و ماڵی خۆی بەخت بکات لەپێناو بنبڕکردن و لەناوبردنی داگیرکار. کە من هەست دەکەم ئەم گۆرانکارییە ئەرێنییە و پێویستە هەبێت، ئیدی ئەوەی کە ئەم ئەکتە بە چ ڕەنگ و لەون و ڕادەیەک گونجاوترە، ئەمەیان خۆی نیقاشێکی تر هەڵدەگرێت.
بەشێک لە چیرۆکی تاوانی پیرۆز ل.29:
خۆیشم بمەوێ بچم، نە قاچەکانم لەگەڵمدا دێن، نە چاوەکانم و نە زمانم. قاچەکانم فێری ڕاوەستان لە پۆلی خوێندنن، چاوەکانم لە چاوەکانی قوتابییانم وزە و تین دەگرن، زمانیشم بۆ ئەوان نەبێت بۆ عەرز و ئاسمانیش هەڵناسووڕێن. دەمارەکانم خوێنیان تێدا نییە، ئەلفوبێی کوردی تێیدا هاتوچۆ دەکەن. ئیتر کاری دڵیشم تەنیا ناردنی خوێن بۆ هەموو خانەکانی لەشم نییە، من بە ئەوەوە زیندووم و ئەویش بە نیشتمانەوە.
بەشێک لە چیرۆکی دانی پیدانانێم ل.67:
چەندین جار پلانم بۆ داڕشت و سەری نەگرت. لە کۆتاییدا ئاڵایەکی جوان و گەورەی کوردستانم وەدەست کەوت. لە زەینمدا وێنام دەکرد: ئاڵای عێران فڕێ دەدەمە خوارەوە و ئاڵای کوردستان هەڵ دەکەم. حەک قەزای شکانەوەی لە من کەوێ.
بەشێک لە چیرۆکی تۆڵە ل.96:
هیچ کات وەک ئێستا سێبەری خۆم خۆش نەویستووە! کاتێک چەکم لەشانە، سەیری دەکەم، هەست دەکەم ئەو چەکە وەک ئێسکێک زیاد بووە بە لەشمەوە. بووەتە بەشێک لە بوونم. بوونمی بەخاکەوە گرێ داوە.
ئەدەبیات هەردەم ژانرێکی کاریگەر بووە، لە هەموو ڕوویەکەوە. بە درێژایی مێژوو ئەوە سەلمێنراوە کە دەقێکی ئەدەبی بە هەموو لقەکانییەوە بە ئاسانی توانیویەتی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ درووست بکات لەسەر خوێنەر و بەردەنگەکەی. ئەدەبیات بە گشتی و ئەدەبیاتی بەرگری بە تایبەتی لە مێژووی خەباتی کوردیدا ڕەنگ و دەنگێکی بە باندۆری بووە. ئەو خەباتەی پێشمەرگەیەک لە شاخەکان دەیکرد، نووسەر و شاعیرێک هاوچەشنی ئەو لە ڕێی دەقی ئەدەبی خۆیەوە دەیکرد. ئەدەبیاتی بەرگری لە جڤاکی کوردیدا، تەنیا دەقی نووسراو ناگرێت، بگرە زۆرێک لە بەرهەمە زارەکییەکانی ئێمەش، بە هەموو بەشەکانی تری کوردستان تەژییە لە وێنای هونەری و جوان بۆ بەرەنگار بوونەوە لە دژ داگیرکار و داگیرکاری. لەوما بە دڵنیاییەوە ئێمە بە بەردەوامی پێویستیمان بە وەها نڤیسگەلێک هەیە، بۆ ئەوەی هەست و ورەی بەرەنگاربوونەوەمان تێدا ساخ بێڵێتەوە. مادامێک کە تا ئەم چرکەیەش نەتەوەی کورد، نەتەوەیەکی کۆلۆنیزەکراوە، خاک و جوگرافیاکەی داگیرکراوە، ئەدەبیاتی بەرگی، ژانرێکی پێویست و پیرۆزە. دەتوانم بڵێم ئەم کۆمەڵە چیرۆکە و دەقی هاوچەشنی ئەو بۆ دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمان ڕۆڵ دەگێڕن، کە من بە هەنگاوی باش و پێویست دەبینم.
گەر لە ڕووی تەکنیک و فۆرمی گێڕانەوەش ئاوڕێک لە تاوانی پیرۆز بدەین؛ ئەم کۆمەڵە چیرۆکە پەیڕەوی فۆرمێکی نوێی گێڕانەوە نییە، ئەوەی لەم کۆمەڵە چیرۆکەدا بەدی دەکرێت زیادتر لە هەموو شتێک ناوەرۆک و ئامانجی پشتەوەی چیرۆکەکانە. کە دەشێ ئەم خاڵە وەک خالێکی لاوازیش بژمێردرێ بۆ ئەم کۆمەڵە نڤیسە. لێ من پێم وایە ئامانجی نووسەر زیادتر ئەوە بووە؛ بتوانی لە ڕێێ ئەم کۆمەڵە چیرۆکە ئەو پەیام و ئامانجانە بپێکێ کە مەرەمییەتی، تا ئەزموون کردنی فۆڕمێکی نوێی گێڕانەوە لە چیرۆکەکاندا. [1]