گەڕانەوەی جوولەکەکانی دۆڵی ڕووست بۆ ئیسڕائیل
دیمانەساز: کرێکار ڕووستایی
$بەشی یەکەم$
مام حاجی ئەحمەد ڕووستایی لە ساڵی 1930 لە گوندی ڕووست لەدایکبووە، لە سەردەمی مەلیک فەیسەڵدا دوو ساڵ لەسەریەک سەربازیی کردووە، کەسێکی کۆمەڵایەتی و قسەخۆشە، مام حاجی ئەحمەد کەشکۆڵەکی پڕ لە زانیاریە هەر کە بیدوێنێ شارەزاییەکی تەواوی جوگرافی و مێژوویی هەیە لەسەر دۆڵی ڕووست.
$دەپرسین: کەی جوولەکەکانی دۆڵی ڕووست گەڕانەوە بۆ ئیسڕائیل ؟$
مام حاجی ئەحمەد ڕووستایی دەڵێت: گەڕانەوەی جوولەکەکانی دۆڵی ڕووست دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1948) ئاماژە بەوە دەکات و دەڵێت لە ساڵی پێش 1948 دا جوولەکەکانی دۆڵی ڕووست ساڵانە پارەیان کۆدەکردەوە، دواتر هەموو پارەی کۆکراوەیان دەدا بە حاخامێکی خۆیان کە ناوی (مالم دانێل) بوو، ئەو مالمە سەرجەم پارەی کۆکراوەی دەبردەوە بۆ فەلەستین بۆ درووستکردنی دەوڵەتی ئیسڕائیل.
مام حاجی ئەحمەد ڕووستایی لە درێژەی قسەکانییدا باس لەوەش دەکات دەڵێت: لە ساڵی 1948 کاتێ جوولەکەکان ڕۆیشتن، کۆچیان کرد لە دۆڵی ڕووست هەموو موڵک و ماڵی خۆیان هەرچی کەلوپەلی پێداویستی خۆیان بوو بەسواری (کەر و هێستر و ماین) گواستیانەوە بۆ #سۆران# لە سۆرانیشەوە بۆ #هەولێر# لەوێشەوە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی هەولێر گەڕانەوە بۆ فەلەستین، دواتر دەوڵەتی ئیسرائیل درووست بوو.
بەپێی بەڵگە مێژوویەکان جوولەکەکان هەموویان لە ساڵی 1948 گەڕانەوە بۆ ئیسڕائیل، تەنیا جوولەکەکانی ئێران نەبێ.
جوولەکەکانی دۆڵی ڕووست مێژووی نیشتەجێبوونیان بەدرووستی دیاری نەکراوە، ئەوەی باسی لێوەکراوە بۆ ئێمە لەسەر زمانی خەڵکی بەتەمەنی ئەم گوندە کەوا لەگەڵیان ژیاوون، نەقڵکراوە و ئێمەش نووسیومانەتەوە. بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەمان کردووە بۆ ئەوەی بزانین لەچ ساڵێک نیشتەجێ بوونە لە دۆڵی ڕووست، بەڵام هیچ سەرچاوەیەک درووست لەبەر دەست نییە تاوەکوو بزانرێ لەکەیەوە لەوێ نیشتەجێبوونە و ژیاوون.
$بەشی دووەم$
$گوندی ڕووست 23 ماڵە جوولەکەی لێ بووە کە بریتی بوون لە:$
دەپرسین چەند ماڵە جوولەکە لە دۆڵی ڕووست هەبوونە؟
مام حاجی ئەحمەد ڕووستایی: پیاوێکی بەتەمەنی گوندی ڕووستە، کاتی خۆی لەگەڵیان ژیاوە، دەڵێت 23 ماڵە جوولەکەی لێ بووە، ناوی زۆربەشیانی بیرماوە ئەوە خۆی دەڵێت ئەو بنەماڵانەی لەوێدا ژیاوون ناویان دێنێ و دەڵێت:
1، ماڵی موردەخای. کوڕەکانی ( ئاهودا، خالیلە ، میڕۆکە، خێزانەکەشی ناوی بولبول) بوو.
2، ماڵی ئاقۆنی. خێزانی ناوی نازێ بوو کوڕەکانی (حەنەن ، شەبەتا، گۆجە)
3، ماڵی شەمێری. خێزانەکەی ناوی شیرین بوو، کوڕەکانی ( بنیامین ، زەخۆ ، پنحاس ، جینجڕ)
4، ماڵی سۆنۆی. خێزانەکەی ناوی ستیرۆک بوو، کوڕەکانی (مالمە کۆر ، موتخایی)
5، ماڵی داوودە کۆری. خێزانەکەی ناوی لەیل بوو هیچ کوڕی نەبووینە.
6، ماڵی میکائیلۆک. خێزانەکەی ناوی ڕەفقە بوو، هیچ کوڕ و کچی نەبووینە.
7، ماڵی مالم دانێلی ناسراوە بە دانێلە زار گەورە، خێزانەکەی ناوی مەرکانۆک بوو هیچ کوڕ و کچی نەبووینە.
8،ماڵی جیڕشۆنی کوڕێکی هەبووە بەناوی ئینل یۆکە، هیچ کچی نەبووینە.
9، ماڵی برایمۆکی ئیسقێلی، کوڕێکی هەبووە بەناوی ئیسقیل و مالمە کۆر برایمۆک.
10، ماڵی دانێلە شێتی دوو ژنی بووە، ستیرۆک و زیانە کوڕێکی هه بووە بەناوی ئاقۆن
11، ماڵی عەیمی پێی ئەڵێن مالم عەیم. کوڕێکی هەبوو بەناوی حنوکە و ڕحیمۆک
12، ماڵی مالم زەفتی خێزانەکەی ناوی خوچ بوو. چوار کوڕی هەبوون بەناوی لاسۆک و ئۆسێ و ڕحیمۆک و شەلەمۆ.
13،ماڵە کریستیانەکی لێ بوو دکتۆر بوو لە گوندی بە ناوی زمیا. خێزانەکەی ناوی سینەم بوو کوڕی ناوی ئەپیرم و بیجان و جۆرج. کچێکی هەبوو بە ناوی شوشان، بەڵام لەسەردەستی کەسێکی دیندار و خواناس موسڵمان بوو. ناویانا گونام.
لە ساڵی 1948 ئەو (23) ماڵە جوولەکەیە لە گوندی ڕووست گەڕانەوە بۆ فەڵەستین، چونکە لەو ساڵەدا بوو دەوڵەتی ئیسڕائیل ڕاگەینرا و دامەزرا.
سەرچاوە: دیمانە لەگەڵ (مام حاجی ئەحمەد ڕووستایی) زانیارییەکانمان وەرگرتووە، بە نووسین تۆمارکراوە. [1]