#قوباد تاڵەبانی#، پێشوازیکرد لە عوساف سەعید سکرتێری وەزارەتی دەرەوەی هیندستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیان تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتی هیندستان کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی سێ شەمە #21-02-2023# لە #هەولێر# بەڕێوەچوو و تیایدا دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و باڵیۆز و کونسوڵی هیندستان ئامادەی بوون، باس لە چاکسازی و پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکانی حکومەت کرا.
لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە پێشکەوتنەکانی هیندستان لە بواری حکومەتی ئەلیکترۆنی کرد و ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان بۆ سەرخستنی هەنگاوەکانی پڕۆسەی حکومەتی ئەلیکترۆنی لەپێناو نەهێشتنی ڕۆتین و گەندەڵی پێویستیی بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی دەوڵەمەندی هیندستان هەیە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە پێویستیی ڕێکخستنەوە و بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستمی بانکی کرد و لەم چوارچێوەیەشدا کە وڵاتی هیندستان زۆر پێشکەوتوون، داوای هەماهەنگی لێکردن.
سکرتێری وەزارەتی دەرەوەی هیندستانیش لە کۆبوونەوەکەدا ویستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕاشیگەیاند؛ ئامادەن بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێم لەڕووی گواستنەوەی ئەزموونی ئەو وڵاتە بۆ سەرخستن و بەرەوپێشبردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی. [1]