ناونیشانی بابەت: لەم ساڵدا (2023) بەڵگەنامە و دەستنووسە کۆنەکان دەگەڕێندرێنەوە بەنداوی دەربەندیخان
ئامادەکردنی: هەڵمەت بتوێنی
دوای دەیان ساڵ لە بردنی بەڵگەنامە و دەستنووسە کۆنەکانی #بەنداوی دەربەندیخان#، لەلایەن بەغداوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ کارگێڕی بەنداوەکە، کە دەتوانرێ لە بەرەوپێشچوونی کارەکانی بەنداوەکە پشتیان پێ ببەسترێت.
سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: ئەو بەڵگەنامە و دەستنووسە کۆنانە بریتین لە نەخشە و داتا و ڕاپۆرتی شارەزایانی ناوەخۆ و بیانی، کە سەردانی بەنداوەکەیان کردووە. وتیشی: لە سەدەی ڕابردوودا ڕژێمی بەعسی لەناوچوو، بە هۆکاری شەڕکردنی لەگەڵ ئێران و بەهۆی ترسی لە لەناوچوون و بردنیان، بەڵگەنامە و دەستنووسە کۆنەکانی دەربەندیخانی گواستوونەتەوە بۆ بەنداوێکی دیکەی ئێراق.
#سامان ئیسماعیل# ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: هەرچەندە دوای تەواوبوونی شەڕەکە، ئێراق ئەوکات هەندێک بەڵگەنامەی هێناونەتەوە بۆ بەنداوی دەربەندیخان، بەڵام زۆریان نەگەڕێنرابوونەوە، بۆیە دوای هەوڵێکی زۆر، توانیمان بیانگەڕێنینەوە بۆ بەنداوەکە. باسی لەوەش کرد: ”بەڵگەنامەکان هی مێژووی حەفتا ساڵەی درووستکردنی بەنداوەکەن، کە دەتوانین لە بەرەوپێچوونی کارەکانمان پشتیان پێ ببەستین.
بەنداوی دەربەندیخان لە ساڵی 1956، لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتیی ئێراقەوە، لەلایەن کۆمپانیایەکی بیانی درووست کراوە و چوارەم بەنداوی گەورەی ئێراقە و سێ ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێ.[1]