لێکۆڵینەوەیەکی نوێ پزیشکیی هۆشداری دەدات لە کاریگەریی کەمخەوی لەسەر گەشەی منداڵانی تەمەنی خوێندنی سەرەتایی، بەوپێیەی دەرکەوتووە ئەو کەسانەی کە لەم قۆناغەدا ڕۆژانە کەمتر لە 9 کاتژمێر دەخەون، بە بەراورد بەو کەسانەی کە هەموو شەوێک 9 بۆ 12 کاتژمێر دەخەون، جیاوازیی لەو ناوچانەی مێشکیاندا هەیە کە بەرپرسن لە بیرەوەری ، زیرەکی و خۆشگوزەرانی.
توێژینەوەکە کە لە زانکۆی ماریلاند کراوە و لە گۆڤاری The Lancet بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم جیاوازیانە لە مێشکدا پەیوەندییان بە کێشەکانی تەندرووستیی دەروونییەوە هەیە، وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و ڕەفتارە ئیمپاڵسیڤەکان.
توێژەران پشکنینیان بۆ ئەو زانیاریانە کردووە کە لە 8300 منداڵی تەمەن 9 بۆ 10 ساڵ کۆکراونەتەوە کە لە بەرنامەیەکدا ناویان تۆمارکردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە گەشەکردنی مەعریفی مێشکی هەرزەکاران. لەوماوەیەدا منداڵەکان پشکنینی MRIی مێشکیان بۆ کراوە، هەروەها تۆمارە پزیشکییەکانیان کە لەلایەن دایک و باوکیانەوە ڕاپۆرت کراوە لەنێوان تەمەنی 2 بۆ 12 ساڵدا پێداچوونەوەیان بۆ کراوە.
باس لەوەکراوە کە وێنەکان ئەنجامێکی نیگەرانکەرییان پیشانداوە، بە جۆرێک بۆ یەکەمجار کاریگەریی درێژخایەنی کەمی خەو لەسەر گەشەی دەماریی زانینەکیی منداڵان نیشان دەدا.
ئەنجامی توێژینەوەکە هۆشداری داوەتە دایکان و باوکان بەوەی لە سەرەتای قۆناغی منداڵیدا چاوپۆشیی لە چالاکیی سیستەماتیک و بەرنامەی کات نەکەن، هەروەها کاریگەریی ئەمەش لەسەر ژمارەی ئەو کاتژمێرانەی منداڵەکە دەخەوێت، کە ڕۆڵی لەسەر گەشەکردنی دەماریی و لایەنی دەروونیی منداڵەکە دەبێت. [1]