کۆمەڵە و پارتەکانی #سلێمانی# 1907 تا 1977
شاهۆ عوسمان سەید قادر
بەگرتنبەری ڕێبازی سەردەمیانە و پشتکردنە دیاردەیی چەکداری و شۆڕشی خوێناوی کە لە سەرەتای سەدەی ڕابردوو مۆدێلێکی تازەبوو لەم شارەدا گیراوەتەبەر.
هەڵبەتە ئەم شێوازی کارکردنە لەسەرەتای درووست بوونیدا هاندانی ئینگلیزەکانی تیادا بووە بۆ ئەوەی خەڵکی سلێمانی سەرقاڵی مۆدێلێکی تازەی سیاسەت بکات کە خۆیان بتوانن لەنزیکەوە چاودێری بکەن، خۆیان و وڵاتەکەش لەشەڕ و ئاژاوەی گەورە بپارێزن، چونکە تێچووی هەر ڕۆژێکی شەڕکردن لەگەڵ خەڵکی شۆڕشگیڕی ئەم شارە زۆر زەرەری لێداون و زۆرکەوتووە لەسەر میزانیەی ڕۆژێکی دوای جەنگی جیهانی یەکەم.
ئەمە جگە لەزڕاندن و لەکەدارکردنی ناوبانگی سیاسەتی ئینگلیز لەناو کۆمەڵەی گەلان، باشترین ڕێکار بڵاوکردنەوەی بیری دامەزراندن و خەباتی مەدەنی بووە لە ڕێگەی کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی جۆرێک لەپەرتەوازەی لە بیروڕای خەڵکی درووستکردووە و بەشێک لەخەڵکی ئەم شارە لەگەڵ دژایەتی ئینگلیزەکان بوون و هەندێکیش ئینگلیزەکانیان بەفریاد ڕەس و بەشداری لە ئێراقی عەرەبی بەچارەنووسساز داناوە.
بوونی بیرورای جیاواز بەرهەمی کاری جیاوازی لێبۆتەوە و ئەمەش وایکردووە لە کوردستاندا نەتوانرێت ستراتیجێکی نیشتمانی و نەتەوەی دابنرێت، لەگەڵ ئەوەی هەرکەسە خۆی و گرووپ و دەستەکەی بەدڵسۆزی خاک و وڵات زانیووە، بەڵام نەبوونی ستراتیج ئەوەیە لەپێشدا شۆڕش و دژایەتی کردنی ئینگلیز و ئێراق و پاشان وازهێنان و پشتگیری نەکردنی شۆڕش بەشێوەیەکی گشتی لەدوای ئەوە دامەزراندنی کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان و داکۆکی بەشێوازی مەدەنی دەبینین، بەڵام لە دوای نیو سەدە لەخەباتی مەدەنی دیسانەوە ڕێکخراوی چەکداری درووست بۆتەوە، پەنایان بردۆتەوە بۆ شۆڕش و خەباتی چەکداری دژی دەسەڵات لە بەغدا.
درووستبوونی دیاردەی چەکداری و شۆڕش دوای شۆڕشی شێخ مەحمود لای من شکستێکی تێگەشتن و سیاسەت و بەشداری ئیدارەی کورد بووە لەبەغدا ئەمان ئەوەندەی شێخ مەحمودیان پێنەکراوە، چونکە شەڕی نێوانیان لە شۆڕشی ئەیلولی ساڵانی شەست گەشتە ئەوەی لولەی تفەنگ بکەنە یەکتر و بەئاشکرا یەکتری ناشرینکەن و دیاردەی چەکداری زیاتر بڵاوکرایەوە لەناو خەڵکدا لەڕووکاری بەرهەمەوە نەیانتوانی بەقەد ئەوەی شێخ مەحمود ڕێکەوتن و تێگەیشتن بکەن لەگەڵ زلهێزێکی وەکوو بەڕیتانیا و حکومەتی ئێراقی، بەڵام هەرئەوانەی دوای شێخ مەحمود بەشداربوون لە ناشرینکردن و بێ بەهاکردنی ئەو دەسکەوتانەی شیخ مەحمود بەدەستی هێنا لە چەندین ڕێکەوتننامە لەگەڵ حکومەتی مەلیکی و ئینگلیزکان، کاتێک خەڵکی لەناو کوردا بوونە کەوا سوورەی بەر لەشکری حکومەت. پاشان ئەو کاسانە نەیانتوانی گەشە بەو مافانە بدەن و داکۆکی لێبکەن و زیادی بکەن، حکومەتیی ئێراقی لەباری بردن…
بۆ ئەو مەبەستەی هەمانە دەبینین کە مێژووی دامەزراندنی یەکەم کۆمەڵە لە سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵەکانی بیستی ئەم سەدەیە، ئەوەش ڕەنگدانەوەی ئەو کۆمەڵە و پارتانە بوو کە لە تورکیای عوسمانی هاتبوونە ئاراوە، لەئەنجامی هەڵکردنی شەماڵی دیموکراسی کە لە ئەوروپاوە بەرەو شاری (ئەستەمبوڵ) هەڵی کردبوو.
ئەو کەسانەی لە تورکیاوە گەڕابوونەوە بۆ سلێمانی ناودەبران بە (منەوەر) ئەم کەسانە زۆربەیان بیروڕای نوێیان لا گەڵاڵە ببوو ئەیانوویست لە شارەکەدا بڵاویکەنەوە و ئیشوکاری پێبکەن و شتێکی نوی بهێننە ئاراوە، لەو کەسانە (مستەفا پاشای یاموڵکی، پیرەمێرد، ئەمین زەکی بەگ، تۆفیق وەهبی، ڕەفیق حلمی، حسێن نازم…) .
(شێخ لەتیفی شێخ مەحمود) لە یاداشتەکەیدا باس لەوە دەکات کە دوو پارت لە سلێمانی هەبوون لەو ڕۆژگارەدا، ئەوانیش بریتی بوون لە (پارتی نیشتمانی کوردی) کە مەبەست لەدەستەی منەوەرەکانە، گوایە داوای دامەزراندنی حکومەتێکی کوردیان کردووە کە پەیوەندیان لەگەڵ ئینگلیز باش بێ، ئەمانەش پێکهاتوون لەکۆمەڵێک خەڵکی جیاواز لەپیشە و ئیش و کاردا وەکوو بازرگان و ژمارەیەک لەئەفسەر و منەوەری سەردەمی تورک و ئینگلیز کەپێشتر لە بواری سیاسەت و دەوڵەتداری عوسمانلی فەرمانبەر بوون و ئیش و کاریانکردبوو.
دەستەی دووەم بریتیبوون لە (پارتی ئیسلامی کوردی) کە مەبەستی تورک خواکانە و دژ بە ئینگلیزبوون و ئەیانویست لەگەڵ تورکدا ڕێکەون، بە مەرجێک دان بەسەربەخۆیی کوردا بنێت، ئەندامانی ئەم پارتە لە پیاوانی ئایین ی وعەشایەر و (شێخ مەحمود) و ژمارەیەک لەکۆنە ئەفسەری کوردی نێو سوپای تورک پێکهاتبوون.
ململانێی نێوان ئەم دوو دەستەیە لە سلێمانی دا زۆر قوڵبۆتەوە تەنیا لە بواری سیاسەتدا نەبووە بەڵکوو لایەنی تری گرتۆتەوە. پێویستە ئەوەش بیڵێین جگە لەوەی کەسانی هەڵپەرست و بەکرێگیراو و کاسەلێس لەدەوروبەری ئەوانەی خاوەن فکرە بوون کۆبوونەتەوە، تاکو بگەنە مەرامی تایبەتی خۆیان کە بە پێچەوانەی ئەو کەسانە بوون کەخوازیاری ئەوەبوون کوردستان ڕزگارکەن و ببنە خاوەنی حکومەت و دەسەڵاتی خۆماڵی.
واتە سەد ساڵ لەمەوبەر بەشێک لەخەڵکی ئەم شارە بەشێوەیەک وایان بەباش زانیووە خۆیان لەگەڵ ئینگلیزکان بگونجێنن، یاخود هەندێکی تر بە پێچەوانەوە وایان بەباش زانیووە لەگەڵ تورکەکان ڕێکەون و هاوکاری وەرگرن بۆ درووستکردنی حکومەتێکی کوردی.
لەم بوارەدا هەندێ هەوڵدراوە بۆ درووستکردنی کۆمەڵە و ڕێکخراو بۆ خزمەتی کورد و کوردستان و شارەکە، لەوانە مەبەستیان داوای مافی ڕەوا بووە، بەڵام ئینگلیزەکان و حکومەتی ئێراقی ڕێگایان پێ نەداون.
وەک (جەمعیەتی پێشکەوتنی کوردان) کەهەر زوو لەلایەن سیخوڕەکانی ئینگلیزەوە ئاشکرا دەکرێ و لەباردەبرێ ئەم هەوڵەش لە (7 کانوونی دووەمی ساڵی 1926) دابووە.
سەرەڕای ئەو هەموو فشارە زۆرەی حکومەت خستوێتیە سەر شاری سلێمانی لە ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوو، بەڵام هێشتا سلێمانی ناوەندێکی ڕکابەری جموجوڵی سیاسی بووە.
تەنانەت لەنێوان هەردوو جەنگی جیهانی واتە لە 1914 بۆ 1946 نزیکەی (10) کۆمەڵە و ڕێکخراوی سیاسی لەباشووری کوردستان هەبوون، کەناوەندی درووستبوونی زۆربەیان لە شاری سلێمانی بووە، تەنانەت زۆربەیان سنووری چالاکیان شاری سلێمانی بووە، تەنیا کۆمەڵەی (هیوا، دارکەر) نەبێت لەسەرەتای دامەزراندنیان لە #کەرکووک# هاتونەتە ئاراوە و پاشان سلێمانی گۆڕەپانی چالاکیان بووە.
لەم بوارەدا مامۆستا (ئەحمەد خواجە) ڕێکخراوە نهێنییەکان بە پێنج دەستە دائەنێ کە بەپرۆگرامەوە کەوتونەتەکار بۆ بەرهەڵستی ئینگلیزەکان و (جەمال عیرفان) سەرۆکایەتی کردوون کە ئەمانەش بریتی بوون لە ڕێکخراوەکانی (بەرزی وڵات، کوردستان، گزنگ، فیداکارانی کورد، وەتەن پەروەران) واتە کاری ڕێکخراوەیی و ژیانی سیاسی و پارتایەتی لە سلێمانی و باشووری کوردستان لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم و پاشان قۆناغێکی تازە و بیروڕای ئازادی و چەپگەرای لەدوای جەنگی جیهانی دووەم سەری هەڵداوە.
هەوڵدەدەین ئەو کۆمەڵە و پارت و ڕێکخراوانە بەپێی مێژووی درووست بوونیان یان کردنەوەی لقیان دەستنیشان بکەین و ئامانجمان دەرخستنی بیروڕا و مەبەستی دامەزراندنیان بخەینەڕوو وەک لە بەڵگەکاندا چۆن هاتووە ئاوا وەکوو خۆی بینووسینەوە بەکوورتکراوەیی، لەم بابەتەدا مەبەستم جووڵانەوەی مەدەنی و فکریە زیاتر نەک ناوبردن و پێداهەڵدان یاخود بەپێچەوانەوە.
1- کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی- لقی سلێمانی:
کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی لەسەردەمی خەلافەتی عوسمانی شۆڕشی مەشروتەیان بەرپاکردوو ئەم کۆمەڵەیە لقیان لە هەموو شارەکانی دەوڵەتی عوسمانی هەبووە و بەشێوەی ئۆپۆزسیۆن بوون. لقێکیان لە سلێمانی کردۆتەوە بەفەرمانێکی هەرێمی موسڵی کۆمەڵەی ئیتحاد وتەرەقی لە 20-12-1908 دەستەی دووەمی دەست بەکاربوون لە سلێمانی، بەڵام مۆرەکەی سلێمانی ڕۆژی 11-07-1908 لەسەرە، ئەم کۆمەڵەیە لە دەوڵەتدا توانیان کۆتایی بەدەسەڵاتی خەلافەت و دەوڵەتی عوسمانی بێنن و لە ساڵی 1909سوڵتان (عەبدولحەمید) یان لەسەر کورسی دەسەڵات لابردوو ناچاریانکرد دەست لە کار بکێشێتەوە. لە دەستەی دامەزرێنەری ئەم کۆمەڵەیە (ئیسماعیل مافی بابان) بووە لە ساڵی 1908 پۆستی وەزیری مەعەریفی لە دەوڵەتی عوسمانلی وەرگرتووە، لایەنگری ئەو سیاسەتە بووە کە دەبێت دەوڵەتی عوسمانی لەچوارچیوەی دەوڵەتی دەستووری بمێنێتەوە ڕیگە نەدرێت بزووتنەوە ناسیونالستەکان سەربەرزکەنەوە بەئاشکرا لە (رۆژی کورد) بیروڕای خۆی لەوبارەیەوە نووسیووە.
لە سەرەتادا داوایان لە شیخ سەعیدی حەفید کردووە بچێتە ڕیزی ئەم کۆمەڵەیە و بێتە سەرۆکی لقی سلێمانی، بەڵام قبووڵی نەکردووە و ڕەزامەند نەبووە لەبەرئەوەی خۆی بەوەلا و دۆستی سوڵتان زاینیوە، چونکە مۆری ڕێگەپێدانی سوڵتانی لابووە وەک ئەو پەیوەندییەی هەیانبوو پێشتر لای نەنگ بووە، لەئێستادا پشتی تێبکات کە گڵۆڵەی سوڵتان کەوتۆتە لێژی و دژی بێ و بچێتە ناو کۆمەڵەیەکەوە کە دژی سوڵتانن… بۆیە ئەوانەی دژی شیخ سەعید بوون بەفرسەتیان زانی چونە کۆمەڵەکەوە و لەوێوە بەرەنگاری بوونەوە.
دەم ڕاستی ئەم کۆمەڵەیە ئاغا فەتحوڵڵای چەلەبی بووە، ئەندانەمەکانیان بەزۆری بازرگانان و فەرمانبەران بوون. ئەندامانی ئەم کۆمەڵەیە لەسەرئاستی ناوخۆی سلێمانی ئەو کەسانەبوون کە یەکەمین هەوڵیان بۆ ئەوە بووە بەزۆری و بەتایبەتی کاریان لەسەر دژایەتی شێخ سەعیدی حەفید و بنەماڵەکەیان کردووە.
2- کۆمەڵەی سەربەخۆیی کوردستان (جمعیە أستقلال کردستان)
مامۆستا ڕەفیق حیلمی لەیاداشتەکەیدا دەڵێ ئەم کۆمەڵەیە لەکاتی دوورخستنەوەی (شێخ مەحمود) دا پێکهاتووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆ شاییەی لە سلێمانی لەئەنجامی ئاوارەبوونی شێخدا پەیدابووە. شیخ لەتیفی حەفید هەلبژێراوە بەسەرۆکی کۆمەڵە.
3- جەمعیەتی کردستان:
وەک سەرچاوە ئاماژەدەکەین بەڕۆژنامەی (بانگی کوردستان) ژمارە (1) ڕۆژی02-08-1922 هەروەها ژمارە (118) ی ڕۆژنامەی “پێشکوتن” لە27-07-2022 دا هاتووە:
دامەزرێنەری ئەم ڕێکخراوە (مستەفا پاشای یاموڵکی) بووە، ئەو ڕاستیەی نەشاردۆتەوە کە (جەمعیەتی کوردستان) بەیارمەتیی و ڕێگەپێدانی بەڕیتانیا لە سلێمانی پێکهێنراوە، یەکەم کۆمەڵە بووە لە کوردستانی باشوور دامەزراوە ئیمتیازی ڕۆژنامەیەکیشیان وەرگرتووە بەناوی (بانگی کوردستان) لە ڕۆژی 21-07-1922 لە مزگەوتی (سەید حەسەنی موفتی) کۆبوونەوەکراوە و لە هەڵبژاردنێکی نهێنی دا 13 کەس بەنهێنی دەرچوون.
4- جەمعیەتی مودافەعەی وەتەن:
وەک ئەوەی ئاماژەی بۆ کراوە لە (ژیانەوە) ی ژمارە (17-16) لە ڕۆژی 19-02-1925 بە هاندانی بەڕیتانیا کۆمەڵەیەکی سیاسی ئاشکرا لە سلێمانی درووست بووە، بە مەبەستی بەرگریکردن و ڕێگرتن لەداخوازیەکانی تورکیا لەولایەتی موسڵ، لەهەڵبژاردنێکی ئاشکرا (ئەحمەد بەگی توفیق بەگ) بە سەرۆکایەتی هەڵبژێراوە و بەئەندامێتی 17 کەسایەتی شاری سلێمانی، لە پرۆگرامەکەیاندا بەئاشکرا داوای پارێزگاری سنووری نیشتمانی ئێراقیان کردووە، کە ویلایەتی موسڵ تەواوکەریەتی، بانگەواز و بەیاننامەیان بڵاوکردۆتەوە و داواکاری چونە پاڵ ئێراقیان کردووە.
داواکاریان لە خەڵکی شار و ناوچەکە کردووە گۆێڕایەڵیان بکەن، هەرکەسێکیش ئەم بیروڕایەی نەبووایە بەسەرپێچی کار و خائن و دوژمنی نیشتمان لە قەڵەمیان داوە، ئەم کۆمەڵەیە دوای تەواوبوونی کێشەی موسڵ هەڵوەشاوەتەوە و نەماوە. لەخۆیدا دامەزراندنی ئەم کۆمەڵەیە بە ڕێنمایی و هاندانی ئینگلیزەکان بووە.
ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئەوەیە، ئەوەی لەگەڵ گرووپێکی دیاریکراو نەبووایە بە پێچەوانەوە بیروڕای هەبوایە بەدوژمنی گەل ناویان بردووە کە بەداخەوە تاکو ئێستا ئەو بۆچونە هەر بەردەوامە لەناو کایەی حیزبی و سیاسیەکەدا.
5- جەمعیەتی پێشکەوتنی کوردان:
دوای هەڵوەشاندنەوەی جەمعیەتی مودافەعەی وەتەن لە ساڵی 1926 ئەم کۆمەڵەیە وەک کۆمەڵەیەکی سیاسی نهێنی لەپڕۆگرامەکەیاندا باسی (حقوقی مەشروعە) یانکردووە، ئامانجیان بەدیهێنانی مافی ڕەوای گەلی کورد بووە و سەرەڕای بڵاوکردنەوەی زانست و ڕووناکبیری. دەوڵەتی بەڕیتانیایان بەڕابەری خۆیان زانیووە، بەڵام هەر زوو ئاشکرابوون و نووسخەی پرۆگرامەکەیان دراوە بە موتەسەریف.
6- کۆمەڵەی زانستی کوردان:
ئەم کۆمەڵەیە ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە لە خوێندەوارکردنی خەڵکی کاسب و بەتەمەنەکان، توانیویانە خزمەتێکی زۆربکەن لە پەروەردە و فێرکردنی خەڵکی ئەم شارە بەبێ جیاوازی تەمەن و ڕەگەزی، وەکوو ئەوەی پیاوان و ژنان، کوڕان و کچانیان فێری خوێندەواری کردووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی خولی فێربوونی پیشەیی وەکوو دارتاشی و بەرگدووریان کردۆتەوە و زۆربەی کاتی فێربوونیان لەگەڵ دەرفەتی خەڵکی گونجاندووە وەکوو ئەوەی ئیواران تاکو شەوان خولی فێربوونیان بۆخەڵکی کاسب و ئەهلی بازاڕ کردۆتەوە.
وەک بەڵگەی دامەزراندنی لە ڕۆژنامەی (ژیان) ی ژمارە (11) ڕۆژی یەکی نیسانی ساڵی 1926 مژدەی پێکهێنانی (جمعیەتی زانستی کوردی) تیادایە بەمجۆرە ئاماژەی بۆ دەکات:
(پرۆگرامی جەمعیە:
1- ناوی جەمعیەت (جمعیەتی زانستی کوردانە و مرکزی لیوای سلێمانییە)
2- مقصد جەمعیەت: تعمیم و علم و معرفتە لە کوردستان بەپێ ی ئەم وسائتە:
بەنشری غزتەو ڕسالی موقتە
بەترجمە و تالیف و کتیب نووسینەوە و سائرە.
مکتب کردنەوە و اجرای تدریسات بە ڕۆژ و شەو
بە صورەتی محازەرە اهالی تنویرکردن
بو اکمال تحصیل بۆ ممالک مترقیە قوتابی ناردن
جمعیەت احوالی تاریخیە، جغرافیە، انتوغرافیەی کوردان بەصورەت مخصوصە تدقیق و محصولی مساعی نشر دەکا.
جمعیەت بۆ تامینی محبت و موانست لە مابەینی اهالی و حکومەتدا و بو تقویە ڕوح اتاعت بە صورت مخصوصە و بە واستە و واعزان مخصوص پندونصیحەت اجرا دەکات.
جمعیەت بە هیچ صورەتێک لەگەڵ سیاسەتدا خەریک نابی.
تبلیخ حزرتی متصرف بۆ جنابی ڕمزی افندی حاجی فەتاح، ڕفیق افندی محامی، فائق بگ معروف بگ.
اوا صورت تحریرات وزارت جلیلە داخلیە ژمارە (2571 ) ڕۆژی 24 شباتی 1926 لگل صورەتێکی ئەو پرۆغرامە کەوا تصدیق اعادە کراوەتەوە بە پێچراوەی نیچراوەی نێرا.بە پێی مغادی مساعدە فەرموراوە بۆ تاسیسی جمعیەتی زانستی بنائ علیە موافق أ و أمر و پرۆغرامە أتوانن مباشرت بفرمو ن ایتر احترام. متصرفی لوای سلێمانی
صورەتێکی بو: وزارت، معالی وەزیری داخلیە، سعادتما ب جنابی مفتشی أداری، جناب معاون مدیر پولیس.
هیئەتی أدارەی ام جمعیەتە لە شەوی 13 نیسان 926 لە دائرەی بلدیە اجتماعی کرد ئەمانە هەڵبژێران:
ڕئیس: أحمد بگی متصرف.
نائب: حاکم متفرد جمال بگ بابان.
اعزا: شێخ مصتفی قازی، حمەی اورحمان اغا، عزت بگ، وسمان پاشا، غفور اغا، ڕمزی افندی، محاسب فائق بگ مارف بگ، معتمد ڕفیق افندی محامی.)
جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەهەوڵی کۆمەڵەی زانستی کوردان و هەوڵی چەند کەسێک بکەین وەک ئەوەی لە هەفتەنامەی (ژیان) ی ژمارە 15 ڕۆژی 6 مایسی 1926 ئاماژەیکردووە بە:
(أگاداری جمعیتی زانستی لەروژی جمعەوە کە أکاتە 7 مایس926 بە کمال شرف دەرگای درسخانەی بۆ خویندەوارانی کوردان أکاتەوە. اوکسانەی ارزو ومیلی تحصیلیان هیە لەو تأریخەوە هەمو ڕۆژیک لە سعات 9 ڕۆژئاوایی یەوە هتا سعات 12 بو قید و قبول مراجعت بە مرکز جمعیت کە “خانوی حمەامین بگە بکات… بەشەو تدریسات و درس ادری… اوکەسانەی ارزوی تدریس و فیربوونیان هیە ابی عمریان لە هەژدە سال کمتر نەبی صاحب حسن اخلاق بی …) .
ئیش و کار و خزمەتگوزاری تری (جمعیتی زانستی) لە بواری ڕۆشنبیریی و پێویستی خەڵکی بۆ فێربوونی زمانی عەرەبی هەوڵی داوە لەو بوارەدا وانەی عەرەبی بڵێنەوە. وەک ئەوەی هاتووە لە ژمارە 24ی هەفتەنامەی (ژیان) لە نووسراوێکی بە ناونیشانی: (اعلان لەجمعیتی زانستی دا درسخانەیک اکریتەوە بۆ فێرکردنی زمانی عربی هرکس تالبە فیری ام زمانە بیت مراجعت بە مرکز جمعیت بکات. معتمد جمعیت.)
لە ساڵی1930دا (جەمعیەتی زانستی کوردان) لە قوتابخانەی (زانستی ئێواران) هەوڵیانداوە ژنان و کچان فێری خوێندەواری و ئیشی دەست بکەن، هەر لەناو ئەم بینایەدا، بەڵام شێوازی دووەم کە خەمخۆرانی شار وەک داهێنانێک کردویان کردنەوەی (مەکتەبی زانستی شەوان) بووە، خەڵکی بەشێوەیەکی گشتی تیایدا فێری خوێندن و نووسین بوون، بەتایبەتی ئەو کەسانەی بەڕۆژ خەریکی ئیش و کار و کاسپی بوون، یاخود تەمەنیان ڕێگەی نەداوە لەخوێندنگەکانی میری بە ڕۆژ بخوێنن.
لە ساڵی1936 تاوەکو 1938 مامۆستا سالح قەفتان سەرۆکی کۆمەڵەکە و بەڕێوەبەری قوتابخانەی زانستی بووە، بەڵام حکومەت کێشە و گیر و گرفتی بۆ کۆمەڵەی زانستی درووستکردوە و لەکۆتایی ساڵی 1938 لەسەر دەستی موتەسەرفی سلێمانی (مەجید یەعقوبی) کە کەسێکی بەڕەگەز تورکمان بوو ئەم مەکتەبە (قوتابخانە) یەشی لەگەڵ کۆمەڵەکەدا داخستووە.
7- کۆمەڵەی زەردەشتی:
لەسەر دامەزراندنی ئەم کۆمەڵەیە دوو بۆچوونی جیاواز هەیە کە ئاماژەی بۆ دەکەین:
یەکەم: مستەفا سائیب دەڵێ ئەندازیار بووم لە بەغدا گەڕامەوە سلێمانی ساڵی 1926 لەگەڵ چەند لاوێکی نیشتمانپەروەر کۆمەڵەیەکی نهێنیمان دامەزراند (کۆمەڵەی زەردەشتی) خۆم بوم بە موعتەمید.
دووەم: شێخ سەلام-ی شاعیر دەڵێ ئەم کۆمەڵەیە لە ساڵی 1928 دامەزراوە و من بوومە موعتەمید.
دوای ئەوەی (شێخ مەحمود) بەدانانی ئەم کۆمەڵەیەی زانی داوای لێکردن ببێتە ئەندام لە کۆمەڵەکە، ئەوانیش کردیان بە سەرۆکی فەخری کۆمەڵەکە، مەڵبەندی سەرەکیان لە بەغدا بووە.
لقی لە سلێمانی و #هەولێر# هەبووە، ئامانجی سەرەکیان خود موختارێتی ئیدارە بووە، وایان بەباش زانیوە جموجوڵ و چالاکی ڕێکخراوەکەیان بگوازنەوە بۆ شاری #سنە# لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەنیازیش بوون ڕۆژنامەی زمان حاڵی کۆمەڵەکەیان لە شاری سنە چاپ بکەن بەناوی (سخن) پەیوەندییەکی فراوانیان هەبووە لەگەڵ کوردەکانی بەشی ئێران و سووریا و لوبنان، ئەم کۆمەڵەیە لە ساڵی 1929 ئاشکرا کراوە لەلایەن ئینگلیزەکانەوە. قەدەغەیانکردووە و کەوتونەتە دوورخستنەوەی ئەندامەکانیان.
8- لقی خۆیبوون لە سلێمانی:
ساڵی 1927 لەهاوینە هەواری (بحمدون) لە لوبنان سەرانی چەند ڕێکخراوێک و چەند کەسایەتییەکی کورد و ئەرمەن کۆنگرەیەکیان بەست و ماوەی 45 ڕۆژی خایاند، لە ئەنجامدا ڕێکخراوی خۆیبوون درووست بوو، کە ڕێکخراوێکی سیاسی گەورە بوو هەوڵی دا لەسەر بنەمایەکی نەتەوایەتی خەبات بکات. دوو کەس لە دامەزرێنەری ڕێکخراوەکە خەڵکی شاری سلێمانی بوون (کەریم شەلوم و کامیل حەسەن) کە یەکێکیان ئەفسەرێکی سوپای ئێراقی بووە لە بەغداوە بەڕێکەوتووە بەرەو ئەوێ، خۆیبوون لە زۆر شوێن لقی هەبووە.
خۆیبوون لە شاری سلێمانی لقێکی هەبووە کەناوە نهێنییەکەی (شوعبەی فیدائی ژمارە یەک) بووە، ئەندامانی لق زیاتر لە هەژدە کەس بوون و نهێنی خۆیان هەبووە بۆ ئەوەی ئەندامەکان یەکتری بناسن.
9- کۆمەڵەی فیدای وەتەن (فدائی وطن) :
ئەم کۆمەڵەیە لە ساڵی 1935 بەسەرۆکایەتی (حەمەی ئەوڕەحمان ئاغا) لە سلێمانی درووست بووە، تاکو ساڵی 1936 بەردەوام بووە.
10- کۆمەڵەی برایەتی (برایی)
لە ڕۆژی 10ی ئازاری ساڵی 1937 لە ماڵی شێخ لەتیفی شێخ مەحمود دامەزراوە، لەوکاتەدا (شێخ مەحمود) لەبەغدا دەستبەسەر بووە، بەڵام دەستەی دامەزرێنەر بەسەرۆکی فەخری دایانناوە. دروشمی ئەم کۆمەڵەیە لەناو بەیداخەکەدا بریتی بووە لە (دوو خەنجەری دەسک ماهی ڕاست و چەپ، گوڵە گەنمێک لە سەرەوە و گەڵا توتنیک لەخوارەوەی خەنجەرەکان) بووە، لەسەر بەیداخەکە (ئاڵا) کە نووسراوە کۆمەڵەی برایەتیی کوردستان.
هەڵبژاردنی ناوی برایەتی لەو ڕۆژگارەدا بۆ یەکخستنی چین و توێژەکانی ناو سلێمانی و کوردستان بوو. هەرچەندە چالاکییەکانی لە سنووری شاری سلێمانی دەرنەچووبێت. لەگەڵ ئەوەی دەڵێن حوزنی موکریانی پەیوەندی بەچەند ئەفسەرێکی هەولێری یەوە کردووە.
ئامانجی سەرەکی کۆمەڵەکە بریتی بووە لە کوردستانێکی سەربەخۆ و بەدیهێنانی مافەکانی کورد. کۆمەڵەیەکی نهێنی بوون، شێوازی ڕێکخستنیان بەشێوەی شانە و پۆل بووە. ئەم کۆمەڵەیە سەرۆکی بەردەوام و جێگیریان نەبووە، لە هەرکۆبوونەوەیەکدا کەسێک بەڕێوەی بردووە و ڕۆڵی سەرۆکی بینیوە. ئەمەش باشترین شێوازی دیموکراسیە. هەوڵیانداوە چەند کەسێکیان بگەنە ئینگلیزەکان و داواکاری کۆمەڵەکەیان بگەیەنن، بەڵام ئەمەش بێ کەڵک بووە، چونکە ئینگلیزەکان پێیان وتون ناتوانن هیچ بۆ کورد بکەن.
لە بواری چالاکیدا جاروبار بەیاننامەیان بڵاوکردۆتەوە بەشێوەی دەستنووس دژی حکومەت و هەر دیاردەیەکی ناشرینی ناوشار، وەک بەیاننامە دژی بازرگانەکانی سلێمانی کە لە ساڵانی جەنگی جیهانی دووەم هەڵساون بەگران فرۆشتنی ئازوقەو کەلوپەل.
هەروەها داواکاربوون لەخەڵکی کەناوی کوردی بۆ شوێنەکانیان بەکاربێنن و بە زمانی کوردی بنووسن نەک بە زمانی عەرەبی، هەروەها لە بواری کاری ڕووناکبیری و ڕۆشنبیریدا لە کۆتایی ساڵی چلەکاندا پەڕتووکخانەی (ئازادی) یان لەبەردەرکی سەرای سلێمانی دامەزراندووە.
لەم پەڕتووکخانەیەدا سەرجەم ڕۆژنامە و گۆڤار و پەڕتووکی ئەو سەردەمە دەستکەوتووە، ڕۆشنبیران و نیشتمانپەروەران لێرەدا چاویان بەیەک کەوتووە. بەڵام لە ساڵی 1945 خاوەنی پەڕتووکخانە (مەحمود ئەحمەد) گیرا و پەڕتووکخانەکەش داخراوە. هەوڵێکی تری ئەم کۆمەڵەیە هاوکاریکردن و ئازادکردنی (حەمەرەشید خانی بانە و مەحمود خانی دزڵی و چەند کەسێکی تر و مەلا مستەفای بارزانی) بووە کە دەستبەسەر بوون لە سلێمانی.
هەرئەندامێک مانگی (پەنجا) فلس ئابوونەی داوە، هۆکاری لاوازی و پوکانەوەی کۆمەڵەی برایەتی دەگەڕێتەوە بۆ گرتن و دوورخستنەوەی ئەندامەکانیان، هەروەها شکستی بزووتنەوەکەی شێخ مەحمود و دانیشتن و چاودێری کردنی بووە لە داریکەلی. دورکەوتنەوەی شێخ لەتیف و مەلا ئەسعەدی مەحوی بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات. سەرەڕایی کوژانەوەی مۆمی حەوتەمی تەمەنی زۆربەی ئەندامەکانی چونە ڕیزەکانی ڕێکخستنێکی تازە ئەویش ڕیزەکانی (هیوا، کۆمەڵەی ژ.ک) .
11- کۆمەڵەی ئازادی کورد:
کۆمەڵەیەکی نهێنی بووە لە سلێمانی دامەزراوە، مامۆستایەکی قوتابخانەی ناوەندی بەناوی (مەحمودی ئازادی) دایمەزراندووە لەکاتی پرۆڤەکردنی شانۆگەریەک بەناوی (مەم و زین) کە پیرەمێرد دانەریبووە، لەسەر بنەمای شاکاری (ئەحمەدی خانی) و توێژ لەگەڵ خویندکارەکانی و چەند کەسێک دەکات و هەر لەویادا بڕیاری پێکەوەنانی کۆمەڵەکە دەکەن، لەنێوان مانگی تشرینی یەکەم و کانونی دووەمی ساڵی 1935 یەکەم کۆبوونەوە لە ماڵی مامۆستا مەحمود سازکراوە، مامۆستا خۆی لەبەر لێهاتووی و زیرەکی لە قسەکردن دەبێتە سەرۆکی کۆمەڵە.
ئەم ڕێکخراوە خاوەن دیدێکی کوردستانی بووە، ئامانجی ستراتیجی سەربەخۆی کوردستان و یەکخستنی کوردستان بووە، بەڵام وەک تاکتیکی ئەو سەردەمەی بە دیهێنانی مافی کلتوری کوردی و مافی خوێندن بە زمانی کوردی و بەڕەسمی کردنی زمانی کوردی بووە لە فەرمانگەکانی حکومەت. هەروەها داواکاری ئیدارەیەکی خۆجێیی کوردیان کردووە کەهەر چوار لیوەکە (مووسڵ، کەرکووک، هەولێر، سلێمانی و #خانەقین#) بگرێتەوە، موتەسەریف و مودیری پۆلیس سەر بەو ئیدارەیەبن و مەڵبەندی ئیدارەکەش لە کوردستان بێت.
سەرەڕای ئەوەی داوای چاککردنی باری بژێوی و گوزەرانی خەڵکی کوردستانیان کردووە، بەتایبەتی چاکردنی باری ژیانی جوتیاران و دابەشکردنی زەوی بەسەریاندا، هەروەها داواکاری ئەوەی مافی گەلی کوردیش وەک عەرەب بێت لە ئێراقدا بە یەکسانی.
شێوەی چالاکی ئەم کۆمەڵەیە ڕۆشنبیری و هونەری بووە، لە دەسکەوتە مادیەکانییان یارمەتیی مەکتەبی زانستی شەوانیانداوە. هەوڵیانداوە ئاگری نەورۆز بکەنەوە و پیرەمێرد جەژنی نەورۆزی ڕێکدەخست و ئەمان بیکەنە بۆنەیەکی نەتەوەیی و سیاسی، جگە لەوەی ئاگری نەورۆزیان لەگردی مامەیارە کردۆتەوە، ئەمان لەکۆڵانەکانی ناوشاریش ئاگریان کردۆتەوە وەک بەرهەڵستیەکی موتەسەریف (مەجید یەعقوبی) کە فەرمانی قەدەغەکردنی ئاگر کردنەوەی کرد بوو.
ئەم کۆمەڵەیە بۆنەکانیان دەقۆستەوە و بەشێوەیەکی فراوان بەشدار دەبوون تیایدا، وەک ئەوەی تەرمی (مستەفا پاشای یاموڵکی) هێنرایەوە بۆ سلێمانی ئەندامانی ئەم کۆمەڵەیە کردیانە خۆپیشاندانێکی گەورە.
چالاکیەکی بەرچاوی سیاسی ئەوەبووە بۆ سەر کۆنەکرن و دژیاتی پەیمانی (سەعد ئاباد) بووە، کە ئەم پەیمانە لە ساڵی1937 مۆرکراوە، ئەوکات ئەندامانی ئەم کۆمەڵەیە چەندین بەیانامەیان بەقەد دیوارەکانی سلێمانییەوە هەڵواسی، نەک کوچە و کۆڵان و بازاڕ تەنانەت بەدیواری سەراوە هەڵیان واسی و لە هەمانکاتا و لەیەک شەودا توانیان لەشارەکانی تری وەک (کەرکووک، هەولێر، #هەڵەبجە#) بڵاویبکەنەوە بە هەمان شێوە. ئەمەش بۆ خۆی نیشانەی فراوانی ڕێکخستن و چالاکی ئەم کۆمەڵەیە بووە، بەڵام لە ساڵی 1938وە ئەم کۆمەڵەیە ناوی نەما و چالاکییەکانی کزبوون و ئەندامەکانی چونە ناو ئەو کۆمەڵە و ڕێکخراوانەی کەدواتر درووستکراوە.
12- کۆمەڵەی دارکەر لقی سلێمانی:
لەبەر ئەوەی لەساڵانی سییەکان جگە لە شاری کەرکووک لە سلێمانی و ئەم ناوچەیە قۆناخی خوێندنی ئامادەیی نەبووە، بۆ تەواوکردنی قۆناغی خوێندن دەبوایە قوتابییانی سلێمانی و کوردستان ڕوویان بکردایەتە کەرکووک یان بەغدا، لەنیوەی یەکەمی ساڵی1937 یەکەم کۆبوونەوەی ڕێکخراوەکە کراوە لە کەرکووک، لەکۆبوونەوەیەکدا ناونراوە (کۆمەڵەی دارکەر) ناوەکە لەڕێکخراوی (کاربۆنار) ی ئیتاڵییەوە وەرگیراوە، کە ماناکەی خەڵوز فرۆشی یان ڕەژووکەری گەیاندووە. ئەوەی جێگەی ئاماژەیە ئەم کۆمەڵەیە تەنیا گەنجان و قوتابییانی لە ڕیزەکانی خۆیدا وەرگرتووە.
لەکاتی بوون بە ئەندام دەبوایە سوێند بە (خودا و قورئانی پیرۆز و خەنجەری کوردی و دڵسۆزی بۆ گەلی کورد و ئامادەیی فیداکاری لەپێناو نیشتمانی کوردستانی گەورە) بخۆن.
کاری ڕێکخستنی کۆمەڵە بەشێوەی نهێنی و شانەی پێنج کەسی بووە، توانیویانە لەشارو شارۆچکەکانی تری کوردستان لق بکەنەوە ئەویش لە ڕێگەی ئەو قوتابییانەی ئەندام بوون لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ شوێنی خۆیان پاش وەرگرتنی پشوو یان کۆتایی ساڵی خوێندن لەشوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان ئەو بیروڕایانەیان بڵاوکردۆتەوە و ڕێکخستنیان درووست کردووە.
ئامانجی ئەم کۆمەڵەیە ڕزگارکردنی پارچەکانی کوردستان و یەکخستنەوەیان و پێکەوەنانی قەوارەیەکی سەربەخۆ بووە بۆ کوردستان. پاش نۆ مانگ لە ساڵی 1938 یەکەم کۆنفرانسی خۆیان بەستووە، لەو کاتەدا قوتابییان و خویندکاران تێکڕا گەڕابوونەوە بۆ کەرکووک بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ، لەکۆنفرانسەکەدا (دڵدار) ی شاعیر وەک سەرۆکی کۆمەڵەکە پێشنیاری کرد (دارکەر بگۆڕێت بۆ پارتێکی سیاسی فراوانتر ، چەندین کەسایەتی ئەو سەردەمە ڕابکێشنە ناو کۆمەڵەکە) .
بەم شێوەیە لەئەنجامدا سەرکردایەتیەکەی درایە دەست مامۆستا (ڕەفیق حیلمی) کە مامۆستا و کەسایەتییەکی ناسراوی ئەو سەردەمە بوو، بەتایبەتی لەناو قوتابییان و خوێندکاراندا ناسراو بوو، ناوی کۆمەڵەکە لەدارکەرەوە گۆڕاوە بۆ (هیوا) ئەم ناوەش بۆ ڕێزلێنانی کۆمەڵەی (هێڤی) بوو، کە لە ئەستەمبووڵ دامەزرابوو کە تیایدا مامۆستا ڕەفیق حلمی ئەندام بوو لەو کۆمەڵەیە.
13- کۆمەڵەی هیوا لقی سلێمانی:
کۆمەڵە یاخود پارتی هیوا درێژکراوەی کۆمەڵەی (دارکەر) بووە، لەبەر ئەوەی مامۆستا ڕەفیق حیلمی کەسێکی بە ئەزموون بوو لە بواری ڕۆشنبیری و سیاسەت و شۆڕش بەشداری تەواوی هەبووە، توانیویەتی پەیوەندی بە کۆمەڵێک کەسایەتی ناوداری کوردستانەوە بکات و پارتەکەی فراوان بکات.
ئەم کۆمەڵەیە هەموو چین و توێژێکی گرتۆتەوە و بە جۆرێکی وا توانیویەتی لە ساڵی 1939-1943 ببێتە بەهێزترین ڕێکخراوی سەر گۆڕەپانی کوردستان، لەزۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان لقی کردۆتەوە و ئەندامی هەبووە.
لقی سلێمانی لە ساڵی 1939 لە ماڵی (جەلالی ئەمین بەگ) دامەزراوە، ئەوەی جێگەی ئاماژەیە لە ساڵی 2001 بۆ چەند جاریک سەردانی بەرێزیانم کردووە چەندین زانیاری گرنگی مێژووی لە سینەدا بوو، کاتی خۆی لەو ئەفسەرانە بووە بەشداری لەسوپای کۆماری #مەهاباد# و شۆڕشی بارزان کردووە.
لەگەڵ ئەوەی سلێمانی ناوەندی سەرەکی و شوێنی دامەزراندنی ئەم پارتە نەبووە، بەڵام ناوەندێکی گرنگی جموجوڵی ئەم بزاوتە بووە لقێکی چالاکیان هەبووە.
ئامانجی یەکخستنی پارچەکانی کوردستان و دامەزراندنی قەوارەیەکی سەربەخۆی کوردی بووە. داکۆکی لەبیری نەتەوەیی کردووە، پەیمانی ئەندامبوون بریتی بووە لە (سوێند خواردن بەقورئان و بەخەنجەری کوردی و وەفاداری بۆ نیشتمان و گیانفدایی) . قوتابی قۆناغی ناوەندیش کراوەتە ئەندام و ناوبراون بە (بێچووە شێرانی هیوا) ، بەڵکوو لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هیوا ڕۆلێکی بەرچاوی هەبووە لەدرووست بوونی کۆمەڵەی (ژ.ک) .
ئەندامانی هیوا بۆ ناسینەوەی یەکتری لەناو خەڵکدا دەستەسڕی سپیان گرتووە بەدەستەوە، هەوڵیانداوە لە بۆنە نیشتمانییەکان و ڕۆژە ناهەموارەکاندا چالاکیان هەبێت، ئەم ڕۆژانەیان بەهەلزانیوە و دەرفەتیان قۆستۆتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و هەڵواسینی بەدیوارەکانی شاردا، ئەمجۆرە کارانە یەکێک بووە لە چالاکییەکانیان، جگە لەمە بڵاوکراوەیەکی دەستنووسیان هەبووە بەناوی (ئازادی) یەوە.
ئەندامانی ئەم حیزبە لەناو خەڵکی دا بەهیوایی ناوبراون. پاشان دوو باڵی سەرەکی لەکۆمەڵەی هیوادا سەریهەڵداوە، یەکەمیان باڵێکی نەتەوەیی میانڕەو کە باوەڕی بە پشتگیری و هاوکاریی بەڕیتانیا بووە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد، باڵی دووەمی چەپڕەوی کۆمەنیستیانە بوو ئەمانە باوەڕیان بە بەڕیتانیا نەبووە، بەڵکوو دەیان وت پێویستە پشت بە یەکێتی سۆڤیەت ببەسترێت بۆ کۆمەک و هاوکاری.
ئەم پارتە بەهەموو شێوەیەک یارمەتیی بارزانی دا لەهەڵگیرسانی شۆڕشەکەی، ئەوەی جێگەی ئاماژەیە ئەم پارتە کۆتایهات و لە ساڵی 1944 کۆنفرانسی خۆی بەست و تیایدا هیوا دوو باڵەکەی لێکترازا و جیابوونەوە، باڵە چەپەکەی چونە ناو ڕیزەکانی (یەکێتی تێکۆشین) و هەندێکیان بوونە ئەندامی (حشع) پارتی کۆمۆنیست و هەنێکی تریان پارتی کۆمۆنیستی کوردیان درووستکرد.
ئەندامانی باڵە ڕاستەکەی ماوەیەک بەناوی هیواوە کاریانکرد، بەڵام دواتر بەشێک لەئەندامانی چوونە ڕیزەکانی کۆمەڵەی (ژ.ک) ژمارەیەکی کەمیشیان بەناوی (ڕێی ڕاست) کۆمەڵەیەکیان درووستکرد، بەڵام سەرۆکی کۆمەڵەکە (ڕەفیق حیلمی) دەستی لە کارکێشایەوە واتە لە ساڵی 1945 ئەم پارتە نەماو ئەندامەکانی پەرتەوازە بوون و تووشی لێکترازان و هەڵوەشانەوە و دابەشکاری بوون بەسەر (حشع، پدک، کۆمەڵەی هاوار، ڕێی ڕاست) .
14- لقی (ژ.ک) لە سلێمانی:
لە شاری مەهابادی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە 16ی ئابی 1942 کۆمەڵەی (ژ.ک) دامەزراوە، لە پەیمانی (سێ سنوور) کە لە ناوچەی مەرگەوەڕ بەسترا بڕیاردرا کە (ژ.ک) بە پێی بارودۆخ لقی لەناوچەکانی سلێمانی، ڕواندز، #شەقڵاوە# بکاتەوە و پارتی هیواش لق لە (قەسری شیرین، #کرماشان#) بکاتەوە.
سەبارەت بەدامەزراندنی لقی (ژ.ک) لە باشووری کوردستان (سلێمانی) سەرکردایەتی (ژ.ک) لە ڕۆژهەڵاتەوە نامەیان بۆ چەند کەسایەتییەک ناردووە بە مەبەستی بەشداری و هاتنە ناو کۆمەڵەکەیان، پێدەچێت بۆ ئەو کەسایەتییانەیان ناردبێ تاکو ئەوکاتە لە هیچ پارت و کۆمەڵەیەکی تردا ئەندام نەبووبێتن.
لە ئەیلولی ساڵی 1944 ئەندامانی سلێمانی کۆبوونەوەیەکیان سازکرد و دامەزراندنی لقی باشووری کوردستان (سلێمانی) کۆمەڵەی (ژ.ک) یان ڕاگەیاند و بەشێوەی نهێنی کاری خۆیانکردووە، بڵاوکراوەی (دەنگی ڕاستی) یان بەشێوەی نهێنی بڵاوکردۆتەوە، لە سلێمانی ئەندامی ژن یان هەبووە، لە #زاخۆ# وە تا وەکوو بەغدا کۆمیتەی سەر بەولقەیان دامەزاندوە و ئەندامیان وەرگرتووە. واتە سنووری چالاکیان تاکو ئەو ئاستە فراوان بووە.
ئەو کەسانەی بوونەتە ئەندام پێویست بووە حەوت جار سوێند بە قورئان بخوات کە خیانەت لە (ژ.ک) و کوردستان نەکات و واز لە (ژ.ک) نەهێنێت. لەبەر ئەوەی ئەم کۆمەڵەیە بیروڕای نەتەوەیی هەبوو بە شێوەیەکی خێرا و بەرچاو گەشەی کردووە.
پاش هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی هیوا زۆربەی ئەندامانی هیوا هاتنە ڕیزی (ژ.ک) وە. لەمهاباتەوە مۆرێکی هەڵکەنراوی فەڕمی نێراوە بۆ لقی باشوور بۆ ڕایکردنی ئیش و کارەکانیان. هەروەها پەیوەندی بەردەوام هەبووە لەنێوان سلێمانی و مەهاباد و گۆڤاری (نیشتمان) کە بڵاوکراوەیەکی فەڕمی (ژ.ک) بووە و گەشتۆتە دەست ئەندامانی باشوور.
لقی سلێمانی لە دامەزراندنی کۆماری مەهاباد ئامادەیی خۆی پشانداوە بە هاوکاری و کۆمەککردن. وەکوو ناردنی خەڵکی چەکدار و مامۆستا و دکتۆر و برین پێچ، بەڵام وەڵام دراونەتەوە کە تەنیا دکتۆر و برین پێچەکانیان پێویستە، بەڵام پاش لەباربردن و نەمانی کۆماری مەهاباد ئەم پارتەش لەباشوور بەرەو کزی چووە، هەر بۆیە لقی سلێمانی لە ساڵی 1947 لە کەرکووک کۆنفرانسی خۆی بەستووە و نوێنەری کۆمیتە و لقەکانی تری تیادا بەشداربووە، بڕیاریانداوە هیچ جۆرە پارتێک درووست نەکەن بۆ پەرش و بڵاونەبوونەوەی ئەندامان و خەڵکی بەشداربووی سیاسی ئەم ڕێکخستنە لە کوردستاندا، بۆ ئەو مەبەستە بڕیاردەدەن ئەندامانیان بچنە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کورد و پارتی کۆمۆنیستی ئێراق. واتە خۆیان هەڵوەشاندەوە، بەڵام لەم دانیشتنەدا بەشداربووان ڕێک نەکەوتوون بچنە ناو کام لایەنیان، بەڵام پاشتر کۆبوونەوەیەک دەکەن و ئەم کەیسە دەخەنە دەنگدانەوە 6 کەس دەنگ دەدەن بچنە ناو پارتی کۆمنیست، هەروەها 6 کەس دەنگ دەدەن بچنە ناو پارتی دیموکراتی کورد. لە ئەنجامدا بە دەنگی کەسێکی تر کۆتایی بەوە دێ کەتێکڕای ئەندامان بچنە ناو پارتی دیموکراتی کورد، بەڵام بەو شێوەیە نابێ و سەیر لەوەدایە بە پێچەوانەوە دەنگە یەکلاکەروەکە بۆچوونە ناو پارتی دیموکراتی کورد خۆی و ئەندامانی #کفری# کە نزیکی خۆی بوون دەچنە ناو پارتی کۆمۆنیستی ئێراقەوە.
15- کۆمەڵەی زەردەواڵە:
کۆمەڵەیەکی نهێنی بووە و لە ساڵی 1945 دامەزراوە و ئەندامانی ئەم کۆمەڵەیە ویستوویانە وەک زەردەواڵە بەحکومەت و کاربەدەستانەوە بدەن، واتە دژی حکومەت بوون و حکومەتیان لە سلێمانی تەنگەتاو و سەغڵەت کردووە و پێ ئەچێت کاری کوشتنی پیاوی حکومەتیان ئەنجام دابێت. هەر بەو ناوی زەردەواڵەوە پەخشنامەیان هەبووە پانزە ڕۆژ جارێک بڵاویانکردۆتەوە و لە ڕێگەی پۆستەوە گەیاندویانە تە دەرەوەی سلێمانی بەناوی (دەنگی کۆمەڵەی زەردەواڵە) .
ئەو بڵاوکراوەیە جگە لەهەواڵی سلێمانی، شیعری گاڵتە و گەپ و کاریکاتێریشی تیادا بڵاوکردۆتەوە بە مەبەستی خۆیان. چەندین بەیاننامەیان دژی حکومەت بڵاوکردۆتەوە. ئامانجیان هەوڵی بەدەستهێنانی مافی لامەرکەزی بووە بۆ کورد.
16- لقی پارتی شۆڕش:
حیزبێکی چەپڕەوی کوردی بووە، لەلایەن ژمارەیەک لەکەسایەتی ڕۆشنبیر و سیاسەتمەداری چەپڕەوەوە پێکهێنراوە، ئامانجیان خود موختاری کارگێڕی بووە لەباشووری کوردستان و ناساندنی دۆزی کورد بە جیهانی دەرەوە. هەروەها درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ حیزبەکانی تر بە تایبەتی (حشع) .
دروشمی دژی ئیستعمار و سەروەری و سەربەخۆی بۆ ئێراقیان هەڵگرتووە، وێڕای بوژاندنەوەی زمان و ئەدەب و کەلەپوری کوردی، پڕۆژەی چاکسازی گشتگیریانەیان لەسەرجەم بوارەکانی ئابووری کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و سیاسی لە کوردستاندا هەبووە.
پارتی کۆمۆنیستی کوردستانی ئێراق (شۆڕش) لە شاری هەولێر لە ساڵی 1945 ڕیکخراوی (وحدە النضال) لەگەڵ باڵەکەی فەهد یەکیان نەگرتەوە، بەڵام یەکێتی تێکۆشین لەگەڵ فەهد نەگەشتنە ئەنجام و لقەکەی حزبی شیوعی کوردستانیان هەڵوەشاندەوە، ڕێکخراوێکی نوێیان پیکەوەنا بەناوی (حیزبی شیوعی کوردستانی ئێراق) و ئەم ڕێکخراوە لە سلێمانی ئەندامی چالاک و لقیان هەبووە. ئەوەی جێگەی ئاماژەیە کۆمیتە یان ناوچەی حیزبی شیوعی لە سلێمانی زۆرچالاک بووە و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی خەڵکی سلێمانی بووە لەسەر بیروباوەڕی کوردایەتی چەند جار تووشی ململانێ و کێبڕکێ و جیابوونەوە بوونەتەوە لەگەڵ کۆمیتەی ناوەندی و سەرو خۆیان.
17- حیزبی ڕزگاری کورد:
لە ساڵی 1945 ئەم حیزبە لە ئەنجامی یەکگرتنەوەی حیزبەکانی تری وەکوو (ژ.ک، هیوا، ڕێی ڕاست، ئازادی) هاتە مەیدانەوە. بەرنامە و ئامانجی مافی ڕەوای گەلی کورد بووە، هەر لەیەکگرتنی کوردستانی گەورە و چەسپاندنی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردی ئێراق، لابردنی هەموو زوڵم و چەوسانەوەیەک لەسەر کورد. ئەم حیزبە کەسایەتیە نیشتمانی و نەتەوەیی و پێشکەوتنخوازی لەدەوری خۆی کۆکردووەتەوە. لقی کردۆتەوە لە ناوچەکانی کوردستان و خەڵکی زۆر پەیوەندیان پێوەکردوون.
لەم شارەدا پەڕتووکخانەیەکیان هەبووە بە ناوی پەڕتووکخانەی (ڕووناکی) کە کاریگەریی هەبووە لەسەر چالاکیە سیاسی و ڕۆشنبیریەکان و پەخشکردنی زمانحاڵی حیزب.
دواجار هەردوو حیزبی (شۆڕش و ڕزگاری) لە مانگی ئابی 1946 ئەم دوو حیزبە کۆنگرەی خۆیان بەست و تیایدا بڕیاری خۆ هەڵوەشاندنەوەیانداو ئەندامەکانیان دابەش بوون بەسەر (حشع و پ.د.ک) کە زۆربەی ئەندامانی سلێمانیان چوونە ڕیزی پارتی دیموکراتی کورد.
18- کۆمەڵەی ڕێی ڕاست:
ئەم کۆمەڵەیە دوای هەڵوەشانەوەی حیزبی هیوا لە سلێمانی دامەزراوە لەلایەن کۆمەڵێک لە لاوان و گەنجان و ڕۆشنبیرانی شار لەهەردوو ڕەگەزی نێر و مێ و کۆنە ئەندامانی هیوا. لەگەڵ هەندێک لەو قوتابییانەی شار کە لە بەغدا خوێندویانە. کۆمەڵەکە هەڵگری بیرورای چەپگەری بووە، ئەم کۆمەڵەیە گۆڤارێکی تایبەت بەخۆیان هەبووە بەناوی (تروسکە) ، ئەم کۆمەڵەیە تەمەنی کوورت بووە ڕەنگە تا ساڵی 1945 خایاند بێت.
19- کۆمەڵەی هاوار:
کۆمەڵەیەکی نهێنی بووە و لەناو شاری سلێمانی درووست بووە، مامۆستا (عەبدولستار تاهیر شەریف) دەڵێت: ساڵی دامەزراندنی لەناوەڕاستی ساڵی 1945 بووە، ئەم کۆمەڵەیە گۆڤارێکی بڵاوکراوەی بەشێوەی دەستنووسی بەناوی (پشکۆ) وە هەبووە. ئەم کۆمەڵەیە بڕیاری هەڵوەشاندەوەی خۆی داوە لە ساڵی 1946 و چوونەتە ناو ڕیزەکانی پارتی ڕزگاری خوازی نیشتمانی (حزبی تحرر) .
لەبەر یەکهەڵوەشانەوەی پارتی هیوا و پەرتەوازەبوونی ئەندامەکانی چەند کۆمەڵە و ڕێکخراوێکی تر هاتونەتە ئاراوە.بەوتەی بەڕێز (کەمال مەزهەر) ساڵی 1945 ئەم کۆمەڵەیە پێکهاتووە و بڵاوکراوەیەکیان هەبووە و ئەندامانی کۆمەڵە دژی بەڕیتانیەکان بوون، یەکێک لەچالاکییەکانیان شکاندنی سینەمای گەڕۆک بوو لە سلێمانی. کە فیلمی سەرکەوتنی سوپای بەڕیتانیای پشان داوە و بانگەشەی سەرکەوتنی لەجەنگی جیهانی دووەم کردووە، لەڕووکاری بیروباوەڕەوە کۆمەڵەیەکی چەپڕەو بوون.
هەروەها لەشوێنێکی تر ئاماژەکراوە بەوەی کاریانکردووە بۆ ڕاگرتنی هێرشی سوپا بۆ سەر بارزانیەکان و ڕاگرتنی شەڕو چارەسەکردنی کێشەی بارزانیەکان، هەوڵی پتەوکردنی برایەتی و هاریکاری نێوان کورد و عەرەبیان داوە، لەسەر بنەمای بوژاندنەوەی ژیانی دیموکراسی و پاراستنی ئازادیەکان کاریانکردووە.
20- لقی پارتی ڕزگاری کورد:
ئەم پارتە نوێنەرایەتی بەرەیەکی فراوانی یەکگرتووی نیشتمان پەروەرانی کوردستانی کردووە، لە شوباتی ساڵی 1945 دامەزراوە، ئەندامانی کۆمەڵەی هیوا و کۆمەڵەی ڕێی ڕاست ڕۆڵیان لە پێکهێنانی ئەم پارتە هەبووە.
ئەم پارتە بڵاوکراوەیەکی هەبووە کە زمانحاڵی پارتەکە بووە بە ناوی (ڕزگاری) کە بەشێوەی چاپکرا و و ڕێکوپێک بڵاوکراوەتەوە، ئامانجی نزیکی بۆ سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبردنی کوردستانی ئێراق بووە، ئامانجی دوور و ستراتیجیان بۆ یەکخستنەوەی پارچەکانی کوردستان و پێکەوەنانی قەوارەیەکی کوردی سەربەخۆ بووە. هەوڵی درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی دیموکراسی و پارتەکانی کوردستاندا داوە.
ئەم پارتە لقی لەشار و شارۆچکەکانی کوردستان (سلێمانی، هەولێر، کەرکووک، ڕەواندز، #ئامێدی#، زاخۆ) هەبووە. تاوەکو مانگی ئابی ساڵی 1946 چالاکی هەبووە، بەڵام هەردوو پارتی ڕزگاری و شۆڕش بڕیاریانداوە خۆیان هەڵوەشێننەوە و ئامادەکاری بۆ پارتێکی یەکگرتووی نەتەوەی کوردی بکەن. ئەویش پێکهێنانی (پارتی دیموکراتی کورد) بووە. ئەوەی شایەنی باسە زۆربەی ئەندامانی پارتی شۆڕش دوای هەڵوەشانەوەی پارتەکەیان چوونەتە ڕیزەکانی پارتی کۆمۆنیستی ئێراق و ئەندامانی پارتی ڕزگاری چونە ناو ڕیزەکانی (پارتی دیموکراتی کورد) لە ڕۆژی 16ی ئابی 1946 لەبەغدا یەکەم کۆنگرەی خۆیان بەست و پارتی تازەیان ڕاگەیاند. پاش چەندین گۆڕانکاری و ململانێی ناوخۆ ناوی گۆڕا بۆ #پارتی دیموکراتی کوردستان#.
21- پارتی دیموکراتی کورد لقی سلێمانی:
ئەو بارەدۆخەی هاتە ئاراوە بۆ دامەزراندنی کۆماری کوردستان بووە هۆکاری بوژانەوەی هەستی نەتەوایەتی، لەلایەکی تر بیرۆکەی یەکخستنەوەی پارتەکانی تری باشووری کوردستان و بیرۆکەی دامەزراندنی پارتێکی تر لە کوردستانی ئێراق. ڕۆشنبیرانی سلێمانی ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە دامەزراندنی ئەم پارتە و لەدەسەتەی دامەزراندنی بوون، سلێمانی بووە و وێستگەی یەکەم بۆ دانانی بەردی بناغەی ئەم پارتە.
وەک ئەوەی (هەمزە عەبدوڵڵا) لە ساڵی 1946 گەیشتۆتە سلێمانی و وتووێژی کردووە لەگەڵ پارتەکانی شۆڕش و ڕزگاری و حیزبی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، (پ.د.ک) لە دامەزراندنیەوە تاکو ساڵی 1958 سێ کۆنگرەی ئەنجامداوە لەم کۆنگرانەدا ڕۆڵی سیاسییەکان و کەسایەتییەکانی سلێمانی بەئاشکرا دیاربووە.
وەک ئەوەی لەکۆنگرەی یەکەم (شێخ لەتیفی شێخ مەحمود) جێگری یەکەمی (پ.د.ک) بووە. لەڕووی چۆنایەتیەوە ئەو کەسایەتیانەی بەشداربوون لەسەر ئاستی سلێمانی بەتواناتربوون لەسەر ئاستی کوردستان. بە جۆرێک پێشکەتووتر بوون لەکاروباری حیزبی و نووسراو و نووسین، هەتاکو ئێستا لەنێو فەرهەنگی ڕۆشنبیری و سیاسی کوردیدا بەگرینگ دانراوە.
تەنانەت لیژنەی سلێمانی شوێنی چالاکی ئەم پارتە بووە، سلێمانی ناوەندێکی گرینگی ئەم پارتە بووە لە ماوەیەکدا زمانحاڵی حیزبەکەش (ڕزگاری) لە سلێمانی بووە.
پارتی تووشی ئەزمەی بێ سەرۆکی بووە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان کۆنگرەی دووەمیان بەستووە لە ساڵی 1951، بەڵام پارتی لەم کۆنگرەیەدا نەیتوانیووە کێشەکانی چارەسەر بکات، لەئەنجامدا دووکەرت بوون و بەشێکیان بڕیاری پێکهێنانی (بەرەی پێشکەوتوی پارتی دیموکراتی کورد ئێراق) دا. ڕۆژنامەیەکیان بەناوی (ڕزگاری) بە زمانی کوردی و عەرەبی دەرکرد.
ئەم بەرەیە سلێمانیان کردە بارەگای سەرەکی خۆیان و زۆربەی ئەندامەکانیشی خەڵکی سلێمانی بوون. ئەم بەرەیە ڕۆڵی هەبوو لە پێشخستن و برەودان بەکاری سیاسی.
لەبەرانبەر ئەماندا مەکتەبی سیاسی بڵاوکراوەی (ڕێگای نوێ) ی دەرکرد و بەتوندی هێرشی کردۆتە سەریان، پاش چەندین هەوڵ و کۆشش بۆ یکگرتنەوەیان دراوە لە ساڵی 1956 بەرەی پێشکەوتووی دیموکراتی کورد خۆیان هەڵوەشاندەوە و چوونەوە ناو ڕیزەکانی (پ.د.ک) لەگەڵ یەکگرتنەوادا چەندین کەسایەتی چەپڕەو هاتنە ناویان.
ئەم ڕووداوانەش وایکرد ناوی (پ.د.ک) بگۆڕرێت بۆ (پارتی دیموکراتی یەکگرتوویی کوردستان) پارتی پێی نایە قۆناغێکی نوێوە و لیژنەی نوێی درووستکرد جگە لەسکرتێر (ئیبراهیم ئەحمەد) سێ کەسیان لەکۆی 10 کەس خەڵکی سلێمانی بوون.
لە ساڵی1957 ئەندامانی لیژنەی سلێمانی (حشع) هاتنە ناو ڕیزەکانی (.پ.د.ک) وە. بەمەش سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیرانی خەڵکی سلێمانی لە ناو سەرکردایەتی پارتی زیادی کردووە لە کۆی 14 ئەندام 6 ئەندامیان خەڵکی سلێمانی بوون. لە بواری ڕۆشنبیریدا پەڕتووکخانەی ڕووناکی کەپێشتر بڵاوکراوەی حیزبی ڕزگاری بوو لەم ساڵانەدا بۆتە بڵاوکراوەی پارتی، ئەم پارتە لەوساڵانەدا هاندەری چەندین خۆپیشاندان و مانگرتن بوون لەم شارەدا.
22- (جماعە الاخوان المسلمین) کۆمەڵەی برایانی موسڵمان لقی سلێمانی:
هەڵبەتە میللەتی کورد بەشێوەیەکی گشتی موسڵمان بووە و ڕەوتی ئیسلامی سیاسی بەشێوەی جۆراوجۆر لەدوای جەنگی جیهانی دووەم سەری هەڵداوە، بەڵام حکومەتی مەلیکی لە ڕێگەی #وەزارەتی ئەوقاف#ەوە چاوی خستۆتە سەر مینەبەر و حوجرەی مزگەوتەکان کە نابێت وتار و بیری سیاسی ئیسلامی تیادا بڵاوبکرێتەوە، بەڵام لە ساڵی 1946 (کۆمەڵەی ئادابی ئیسلامی) دامەزراوە کە لە پاشاندا بۆتە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی بیری ئیخوان لە کوردستان و ئێراق. سەرۆکی کۆمەڵەکە لە 06-01-1947 نامەیەکی ئاڕاستەی مەلا و زانایانی ئایینی کوردستان و بەتایبەتی خەڵکی سلێمانی (مەلا حسێن پیسکەندی) کردووە، کەداوای کردنەوەی لقی کۆمەڵەکەی لێکردووە لە سلێمانی. پاشان لەنامەی دووەمدا سەرۆکی کۆمەڵە (شێخ ئەمجەد زەهاوی) ئاگاداری (مەلا حسێن پیسکەندی) دەکاتەوە کە #وەزارەتی ناوخۆ# ڕەزامەندی داوە بە نووسراوی ژمارە 11846 لە 26-08-1947 بە کردنەوەی لقی کۆمەڵەی ئادابی ئیسلامی لە سلێمانی. هەر بەو بۆنەیەوە داوا دەکات دەستەی کارگێڕی لق هەڵبژێرن و لە ئەنجامەکەی ئاگاداری بکەنەوە.
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە هەر زۆر زوو ئەندامانی ئەم کۆمەڵەیە گەشەی کردووە و لە هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی شار پێکهاتوون. ئەم کۆمەڵەیە بەڕێژەیەکی کەم بیری ئیخوانی هەڵگرتبوو تا وەکوو ئەو کاتەی سەواف و هاوکارانی کەوتونەتە چالاکی لەم کۆمەڵەیەدا و پاشان (کۆمەڵەی برایەتی ئیسلامی) لە ساڵی 1949 دامەزراوە کە دیوێکی ئیخوان بووە.
سەواف سکرتێری کۆمەڵەکە بووە و مامۆستای زانکۆ بوو لەکۆلیژی شەریعە، لەگەڵ ئەوەی وتاربێژێکی لێهاتوو بووە. سەبارەت بەگەشتنی بانگەوازی ئیخوان بوو سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1946 لە ڕێگەی فەرمانبەرێکی ئاماری سلێمانی (نیزامەدین عەبدولحەمید) ئەویش لە ڕێگەی ناساندنی بانگەوازی ئیخوان بۆ کۆمەڵێک لە مەلا و زانایانی ئایینی.
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە ئیخوانەکانی کەرکووک لە ساڵی 1952 هەوڵی ئەوەیانداوە کار و چالاکی زۆر بخەنە سلێمانی و دوو پەڕتووکخانەیان کردۆتەوە، بەڵام پاش چەند کاتژمێرێک لەلایەن چەپەکانەوە پەڕتووکخانەکان سوتێنراوون. کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ یەکتر قبووڵ نەکردن و دژایەتی کردن بەتایبەتی لەلایەن کەسانی هەڵگری بیروباوەڕی چەپڕەوی توندڕەو.
لە ساڵی 1954 بەدواوە کاری ئیخوان بەفەڕمی قەدەغەکراوە و کۆمەڵەی برایەتی ئیسلامی هەڵوەشاوەتەوە. واتە لە سەرەتای ساڵانی پەنجا کاریگەریان خستۆتە سەرچەندین مامۆستا و قوتابی ئایینی. تاکو ساڵانی شەستەکان کارکردنیان بەشێوەی ڕێکخراوەی نەبووە، بەڵکوو بەشێوەی نهێنی بووە. لە بانگەوازیاندا جەختیان لەسەر بیرو بۆچونەکانی جەمالەدینی ئەفغانی و محەمەد عەبدە و حەسەن بەنا کردووە.
لە دوای شۆڕشی ساڵی 1958 قۆناغیکی نوێ لەژیانی سیاسی و ئابووری لە ئێراقدا هاتۆتە ئاراوە و لەو سەروبەندەدا لە سلێمانی کۆمەڵەیەکی ئایینی بەناوی پیاوانی ئایینی ئازاد (جمعیە (رجال) الدین الاحرار فی السلیمانیە) دامەزراوە.
لەم ساڵانەدا ململانێ و دژایەتی نێوان بیروڕای ئیسلامی و (حشع) لە پەرەسەندن و لوتکەدابووە، دژی یەکتری تەنانەت خۆپیشاندان و توندو تیژیان ئەنجامداوە بەرانبەر بە یەکتری.
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە ئیخوانەکان هیچ کات بەدەم کێشە و مافی ڕەوای گەلی کوردەوە نەبوون ئەمەش زیاتر وایکردووە دژایەتی بکرێن، هەر ئەو هۆکارەش بووە لە قۆناغی دواتر بەرەو لاوازی چوون.
لە ڕۆژی 04-04-1971 بەفەڕمی کاری ئیخوانەکان لەسەرتاپای ئێراق وەستێنراوە. ئەوەی جێگەی ئاماژەیە بەنهێنی وەک هەوڵی تاکەکەسی کاری بانگخوازیان کردووە، پاشان چەند کەسێک و کۆمەڵێکیان هەوڵیانداوە لەسەردەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکگرتووی ئیسلامیان درووستکردووە.
23 بزاڤی ئاشتیخوازان:
پاش کۆتای هاتنی جەنگی جیهانی دووەم 1939-1945 کۆنگرەی (براغ) لە ساڵی 1949 بەسترا و ئەم کۆنگرەیە ڕێکخرابوو لەلایەن کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیرانی جیهان، پاشان لە ساڵی 1950 لە (وارشۆ) ی پایتەختی پۆلەندا کۆنگرەی دووەم بەسترا. بڕیاری پێکهێنانی (ئەنجوومەنی ئاشتیخوازانی جیهانی) درا. لەم ساڵە بەدواوە ئەم بزاڤە لە ئێراقدا بڵاوبۆتەوە لەهەمان ساڵدا لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی (محەمەد مەهدی جواهیری) پێکهێنراوە، بە مەبەستی بزاڤی ئاشتیخوازی ئێراقی.
لە سلێمانی گۆرانی شاعیر و دیلان و… بەشداربوون لەم بزووتنەوەیە، لەسەرەتای پەنجاکاندا کۆمیتەی ئاشتیخوازی سلێمانی دامەزراوە لە چەندین کەسایەتی ڕۆشنبیر و شاعیر و تەنانەت ژنانیش بوونەتە ئەندام تیایدا وەکوو (زەکیە خۆشناو، خانم زوهدی و مەلیحە زوهدی) سەرەڕای لیژنەی سەرەکی چەندین لیژنەی تایبەت بەگەڕەکەکان و چین و توێژەکان دامەزراوە لە سلێمانی. لەکۆنگرەی تایبەتی ئاشتیخوازانی جیهان بەشداربوون و خاوەنی وتە و قسەی خۆیان بوون. وەک بەشداری بوونی (حمەساڵح دیلان) وەک نوینەری سلێمانی لەکۆنگرەی (ڤێینا) لە ساڵی1953. هەروەها کۆنگرەی ئاشتیخوازانی ئێراق لە ساڵی 1954 بە نوێنەرایەتی (گۆران و ئیبراهیم ئەحمەد و نەژادی عەزیز ئاغا) بووە.
ئەم بزاڤە لە سلێمانیدا پەرەی سەندووە بۆتە هۆکارێکی نزیکبوونەوەی پارتە سەرەکییەکانی ئەوکاتە (پ.د.ک، حشع) گۆڕەپانی سیاسی سلێمانی. لە سلێمانی چەندین چالاکی و ڤیستڤاڵی جۆراوجۆریان کردووە بە ئامانجی ئاشتیخوازانە. هەروەها کۆکردنەوەی ئیمزا دژی شەڕی کۆریا لە ساڵی 1953، بەڵام حکومەتی ئێراقی بەڕێکخراوێکی ناڕەوای دانان و هەندێک لەئەندامەکانی گرتن و زیندانیکردن وەکوو گۆران و محمەدی مەلا کەریم…
24 کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوە و یەکێتی کورد (کاژیک)
دامەزرێنەری ئەم کۆمەڵەیە لەو باوەڕەدابوون ئەو کۆمەڵە و حیزبانەی لە کوردستاندا بوون خاوەنی بناغەی نەتەوەیی ڕەسەن نەبوون، نامیلکەی (کاژیکنامە) یان بڵاوکردۆتەوە، کە پەیڕەوو و پرۆگرامی کاژیکی تیادا بووە. دروشمی (کوردستان بۆ کورد، یەکسانی بۆ گەل) یان بەرزکردۆتەوە. لە ساڵی 1959 بریاری کۆنگرەیان داوە.
داواکاری و پیادەکردنی سیستمی خۆجێی و فیدراڵیان بەسڕکردنی نەتەوەی کورد داناوە. کاژیک خاوەنی ڕێکخستن و پەیکەری تایبەتی خۆی بووە وەکوو ئۆرگانی (سەرکردایەتی، لیژنەکان، لقەکان، ناوچەکان، شانەکان) . ڕێکخستنەکانی کاژیک بەشداری شۆڕشی ئەیلولیان کردووە و لایەنگری پارتی بوون، بە تایبەتی باڵی بارزانی، لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسی کۆک و ڕێک نەبوون.
پاشان بەشێک لە ئەندام و هاوبیرانی کاژیک بەشداربوون لەدرووستبوونی (پاسۆک) کە بەشداری چەکداری و ژیانی پێشمەرگایەتی خۆیان بوون لە ساڵانی دوای نسکۆ تاکو ڕاپەرین، پارتی سەربەخۆیی دیموکراسی کوردستان (پاسۆک) یەکەم کۆنفرانسی حیزب لە سلێمانی کراوە و پاشان یەکەم مەفەرزەی پاسۆک لە شاری سلێمانییەوە ڕوودەکەنە شاخ و خەباتی چەکداری دەستپێدەکەن بەسەرکردایەتی مامۆستا (جەلالی حاجی حسێن) ناسراو بە (جەلالی حسەکەلۆش، ملازم شوان، فەرهاد خەفاف، مامۆستا سمکۆ، فەرهادی سدیق مەلا سەعید) ئەم مەفرەزەیە لەمانگی 5 ساڵی1977. لە شاخ بنکە و بارەگای تایبەت بەخۆیان هەبووە و لەسەر بنەما و فەلسەفە و ستراتیجی خۆیان کاریانکردووە بەڕاشکاوانە جەختیان لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی کردووە.
چالاکی شاخیان لەلایەن پێشمەرگەکانیانەوە ئەنجام ئەداو لە ناوشاردا هاوبیران و ڕێکخستنەکانیان کاریان کردووە بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکەیان و هۆشیارکردنەوەی خەڵکی.
خاوەنی گۆڤاری (ئاڵای سووری کوردایەتی) بوون. ئەم گۆڤارە ئۆرگانی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی پاسۆک یەکەم ژمارەی لەمانگی شوباتی ساڵی 1981 بڵاوکردۆتەوە بەدروشمی (پێش ئەوەی هەرشتێ بین…دەبێکوردبین) . لەدوای وەستانی ئەم گۆڤارە ئۆرگانی ناوەندی پاسۆک بڵاوکراوەی (سەربەخۆیی) دەرکردووە بەدروشمی (کوردستان تەنیا موڵکی کوردە) پاشان بوونە خاوەنی گۆڤاری (خوێندکاری کورد) لەدەرەوەی کوردستان.
پێشمەرگەکانیان بەشداری شەڕی دژ بە ڕژێمی بەعسیان کردووە و زۆرجار هاوکاری مەفرەزە و پێشمەرگەی لایەنەکانی تری کوردستانیان کردووە لەشەڕەکانیان دژی سوپای ئیراق و جاش و بەعسییەکان, پەیوەندیان لەگەڵ وڵاتانی دەروە هەبووە بەتایبەتی لەوڵاتە عەرەبەیەکاندا لەگەڵ وڵاتی لیبیا. لەدوایی ڕاپەرین لەمانگی ئەیلولی ساڵی 1991 یەکەمین کۆنگرەی خۆیان بەستووە. پاشان (#حسک# و پاسۆک) یەکیانگرت و بەشداری هەڵبژاردنی پەڕڵەمانیانکرد بەناوی (یەکگرتن) ، بەڵام ڕێژەی %7 ی دەنگی هەڵبژاردنیان بەدەست نەهێنا و سەرککەوتوو نەبوون، پاشان لەگەڵ (پارتی گەل) کە ئەمانیش ڕێژەی دەنگی پێویستی هەڵبژاردنیان نەهێنا و یەکیان گرت و بۆ ماوەی ساڵێک پێکەوە هەرسێکیان بەردەوامبوون (پاسۆک، حسک، پارتی گەل) واتە (یەکگرتن) کە ناوێکی تازەی ئەو سێ لایەنە بوو.
لەپێش وادەی بەستنی کۆنگرەی 11، پارتی دیموکراتی کوردستان لەمانگی ئابی 1993 ئەو سێ لایەنە (یەکگرتن) و پارتی کۆنگرەی یەکگرتنەوەیان ئەنجامداو بۆ ماوەیەک (پارتی دیموکراتی کوردستان- یەکگرتن) دەنووسراو پاشان پارتی وشەی یەکگرتنەکەیان لابرد. ئەم کۆنگرەیە ئەو بڕگەیەی لە پرۆگرامی پارتی لابرد (الحزب ینتفع من النظریە المارکسیە اللینینیە) .
هەندێک کەسایەتی لەیەکگرتنەوە چوونە ناو #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و پاشان حەمەی حاجی مەحمود لە پارتی هاتەدەرێ و حیزبی (حسک) حیزبی سۆشیالستی کوردستانی بنیاتنایەوە.
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە ئەوە لە مێژووی پارتی دیموکرات کوردستان دووەم جارە زاراوەی سیاسی (یەکگرتن) بلکێندرێت بە پارتیەوە و پاشان لێی بکەنەوە و بەکاری نەهێنن واتە ئەو یەکگرتنەوە و ڕێکەوتن نامانە لە لای ئەم پارتەیە جێگەی پرسیارە؟ لە کاتی بەکارهێنانی هەر زاراوەیەک لەرێکەوتنداو لەپاشاندا نامێنی.
بەم شێوەیە ئەو پارت و ڕێکخراوانەی لەسەربنەمای نەتەوەیی و هاوبیرانی کاژیک و پاسۆک کاریان دەکرد نەگەشتنە ئامانج و بنەما فەلەسەفیەکەشیان نەچەسپاند لەخودی خۆیاندا و توانەوە لەبۆتەقەی ئەو حیزبانەی کە لەسەرەتاوە لەگەڵیاندا نەبوون و هاوڕا نەبوون. گەر لەسەرەتاوە مەلایی و جەلالی بوونایە ڕەنگە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردی باشتر بووایە. یاخود گەر شەهیدەکانیان زیندوو بوونایە ئەو هەڵوێستانەیان ئەبوو کە ئەمان نواندیان.
25- کۆمەڵەی مارکسی لینینی (رەنجدەرانی) کوردستان:
ئەوەی زانراوە لەسەرەتاوە #مام جەلال# سکرتێری کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان بووە، کە سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی سەرهەڵدانی جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی لەپارتی دیموکراتی کوردستان، لەوسەردەمەدا مام جەلال ئایدۆلۆجیای ماویزم و پرەنسیپەکانی سۆسیالیزمی چین کاری تێکرد بوو.
لە ڕۆژی 10-06-1970 کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان بەشێوەی نهێنی درووستبووە و وەکوو بیر و باوەڕ و ئایدۆلژیا ڕێکخستنی خۆیکردووە لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدەرەوەی پارتی و ناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی لە سنووری سلێمانی کە ناوەندی کۆمەڵە بەزۆری خەڵکی سلێمانی بوون، لە ساڵی 1970 وە تاکو 1975 مام جەلال سکرتێری کۆمەڵە بووە.
بیرۆکەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن مام جەلالەوە دەستی پێکردووە. بە نامە ڕاوێژی لەگەڵ زۆرکەسایەتیدا کردووە، بەنامە و تووێژی لەگەڵ کردوون کەڕێکخراوێکی نیشتمانی فراوانبێت و کۆمەڵە داینەمۆی بێت. لە مارتی 1975 کۆبوونەوەیان کردووە و پێشنیاری دەستپیکردنەوەی شۆڕشیان کردووە. لە دیمەشق لەڕیستۆرانتێک لە گەڕەکی (أبورمانە) یەکەم کۆبوونەوەی دەستەی دامەزرینەری یەکیتی کراوە، کە مام جەلال بەیانی دامەزراندنەکەی نووسیووە و چاپ و بڵاوکراوەتەوە جگە لە کوردستان لە وڵاتانی لوبنان و سووریا و میسر. هەر ئەو بڵاوکراوەیە لە 01-06-1975 لە ئەوروپا بەچەندین زمانی جیاواز بڵاوکراوەتەوە، کە ئەو ڕۆژە کرایە ڕۆژی دامەزراندنی یەکێتی.
لەدەستەی دامەزراندنی یەکیتی نیشتمانی کوردستان دوو کەسیان خەڵکی سلێمانی بوون کە (د.کەمال فوئاد و #نەوشیروان مستەفا#) کە بنەمای یەکیتی نیشتمانی کوردستان پێکهاتبوو لە (کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان، بزووتنەوەی سۆسیالستی کوردستان، هێڵی گشتی ی.ن.ک) کە زۆربەی زۆری ڕێکخستن و ئەندامانی کۆمەڵە ئاگاداری ڕێکخستنەکانی تر نەبوون و پەیوەندی و کاری ڕێکخەرییان لەلایەن مام جەلالەوە کراوە لە هەندەرانەوە.
ئەم گرووپانە سێ ئایدیا و ڕێکخراوی جیاواز بوون. سەرکردەکانیان هەریەکەی لە شوێنێک نیشتەجێبوون لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان. ئەوەی جێگەی ئاماژەیە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان (کۆمەڵە) ڕێکخراوێکی مارکسی لینینی بووە، هەموو هاووڵاتیەکی کوردستان بۆی هەبووە ببێتە ئەندام پاش بەسەربردنی ماوەی پاڵاوتن.
وەکو ئەوەی لە کۆنگرەی دووەمدا پەیکەری ڕێکخستنی بەم شێوەیە داڕێژراوە کە بەکوورتی ئاماژەی بۆ دەکەم:
شانە کە لە 3-5 ئەندام پیکدێت، شانەی سەرەکی کەچەند شانەیەک لەخۆدەگرێت، پۆل کە چەند شانەیەکی سەرەکی لە خۆ دەگرێت، کەرت بەرپرسە لە چەندین پۆل، دەتوانێت ئەندام وەربگرێت، ڕێکخراو کەسەرجەم ڕیکخستنەکانە لەناوچەیەکی دیاریکراو. کۆمیتەی سەرکردایەتی بەرزترین دەسەلاتە لە کۆمەڵە لە چالاکی سیاسی، ڕیکخراوەیی، پێشمەرگایەتی ناوەندی کۆمەڵە بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی سەرکردایەتی کۆمەڵە و ڕابەرایەتی دەکات. سکرتێر لێپرسراوی یەکەمی کۆمیتەی سەرکردایەتیە و بەرپرسە لە بەڕێوەبەردنی کۆمەڵە.
لەئەیلولی 1975 هەندێک لەڕێکخستنەکانی کۆمەڵە ئاشکرا بوون و دەستگیرکراون، کە شێوازی ڕێکخستنی هەرێمیان درووستکردووە لەسەر ئاستی پارێزگا. ڕێکخستنەکانیان لەسەر بنەمای شانەی بچوک و بەشێوەی هێشووی واتە چەند شانەیەک پێکەوە، لە کۆمیتە و لیژنەی باڵا و سەرکردایەتی ناوخۆ ڕێکخراو بوون لە ئۆرگانی ناوەندی. ئەندامی کۆمەڵە کۆبوونەوەی ڕێکخستن و ئابوونەی ئەندامانە و ڕاپۆرتیان داوە بەسەر و خۆیان.
یەکیتی لەبەیاننامەی یەکەمیدا داوای (سەلماندنی مافی گەلی کورد لەئۆتۆنۆمی ڕاستەقینە لەچوارچێوەی کۆمارێکی ئێراقی دیموکراتی سەربەخۆ) .
ڕێکحستنەکانی کۆمەڵە لە ساڵی 1976 دەستەی چەکداری پێکدەهێنن و هەرێمی سلێمانی بەشداریەکی بەرچاوی هەبوو لە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ، ڕێکخستنەکان خۆیان دەگەیەننە شاخ بەسەرکردایەتی کاک ئارام (شاسوارجەلال) .
ڕێکخستنەکانی تری ناو یەکێتی بەهەمان شێوە لق و کۆمیتەیان هەبووە، بەڵام زۆر کاریگەریان نەبووە وەکوو ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە لەناو شاری سلێمانیدا.
سەبارەت بە خەباتی چەکداری و چۆنیەتی پێکهێنانی هێزی پێشمەرگە و چالاکی پێشمەرگە کاک ئارام بیروڕاو بۆچونی جیاوازی هەبووە لەگەڵ سەرکردەکانی تری ناو کۆمەڵە و یەکێتی.
هەمیشە ناکۆکی و ململانێ هەبووە لەسەر بیروبۆچوون و کاری چەکداری و درووستکردنی مەفرەزەکانی پێشمەرگە و دیاریکردنی ئەرکی پێشمەرگە لە قۆناغەکەدا.
هەروەک ئەوەی کاکە عادل موراد (هەڵکەوت) بۆی گیڕاومەتەوە کە لەڕێکخستنەکانی کۆمەڵ و مەفەرزە سەرەتاییەکانی یەکێتی بوو دەیوت تیڕوانین و لێکدانەوەی جیاوازی هەبووە لە شێوازی سەرکردایەتی کردنی شۆڕشی نوێ، وای داناوە کە سەرکردایەتی کردن ئەبێت لەناو خەڵک و ڕێکخستن و پیشمەرگە دا بێت. سەرکردایەتی وەکوو کوێخا و براگەورە نەبێت لە دورەوە فەرمانبکات و خۆ پارێز بێت. هەروەها سەرنجی هەبوو لە ڕێگەی ئەنجامدانی کاری ڕێکخستنەکانی ناوشار.
لە ڕووی ڕێکخستنەوە کۆمەڵە ڕێکخستن و جەماوەری خۆی جیاواز بوو لەگرووپەکانی تری (سۆشیالست و هێلی گشتی) ، چونکە کۆمەڵە چەندین ساڵ بوو پەروەردە و ڕێکخستنی خۆی بەشێوەی نهێنی هەبوو. پێکهێنانی کارکردن لەنیمچە بەرەیەکی فراوان هەموویانی کۆکرد بۆوە لەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
یەکێتی زمنحاڵی هەبووە کەڕۆژنامەی (الشرارە) لە سووریا چاپکراوە بەتیراژی 2000 دانە بە زمانی عەرەبی، ناونیشانەکەی لەوتەیەکی ماوتسی تۆنگ (ومن الشرارە یندلع االهیب) وەرگیراوە. بە زمانی کوردی ڕۆژنامەی (ڕێبازی نوێ) یان بڵاوکردۆتەوە، یەکەمین ژمارەی لە کانوونی دووەمی 1976 لە لوبنان چاپکراوە. هەروەها لقی ئەوروپای یەکێتی ناوبەناو (الاتحاد) لە ڕۆژی 01-06-1976 بڵاوکردۆتەوە، لە پاشدا چەندین بڵاوکراوەی تریان هەبووە.
کادرەکانی کۆمەڵە لەناو شاردا تایپی بڵاوکراوەکانیان کردوەو پاشان ئەم کارەیان گواستۆتەوە بۆ شاخ. یەکەمین بڵاوکراوەیان لە نووسینی کاک ئارام بووە لە شاخ. ئەوەی جێگەی ئاماژەیە و پەیوەستە بە کرۆکی بابەتەکەی ئێمەوە ئەوەیە کەشاری سلێمانی ناوەندی جموجوڵی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە لەساڵانی حەفتاو هەشتاکان.
لەم شارەدا کۆمەڵە دۆست و لایەنگر و ئەندامی زۆریان هەبووە، پشتیوانی و بەشداری خەباتی چەکداریان کردووە، لاوانی شار بەشداری شانەی چەکداری و پێشمەرگایەتی و خەباتیان کردووە و کاری گیان فیدایی و شەهیدیان داوە.
خەڵکێکی زۆریش لە ئەندامان و دۆستان و نیشتمان پەروەران زیندانی بەعسیان چێشت و زیندانی کران جابەشێوەی کۆمەڵ و تاکەکەسی، یاخود بەشێوەی گیرانی خێزانی وەکوو گیران و دەسبەسەرکردنی کەسوکاری پێشمەرگە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە.
ئەمە سەرەڕای ماڵوێرانی و زەرەرو زیانی گیانی و مادی زۆربەی ئەوکەسانەی بەشداربوون لەم شۆڕشە. جائەندام بوبێتن یان دۆست و لایەنگری شۆڕش. یاخود لەبەر هەڵوێستی مەردایەتیان و کوردایەتیان کە ئامادەنەبوون ببنە چاوساغی بەعس و جاشێتی و بەعسێتیان قبووڵ نەبووە. هەندێک لەوانەی بەشداربوون لەخەبات و بەرخۆدانی ساڵانی حەفتا و هەشتاکان و تاکو ڕاپەڕین بەبیروباوەڕو دڵسۆزیەوە کاریان کردووە لە حکومەتی هەرێم لەدیاردە ناشرینەکانی دوای ڕاپەڕین بەشدارنەبوون و بگرە پاشە کشەیان کرد لە مەیدانەکە و دورکەتنەوە.
قوتابییان و خویندکاران ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو لە گەشەکردنی ئەم ڕێکخستانانە هەر بۆیە لە 26-04-1976 یەکێتی خویندکارانی کوردستان درووستدەکرێت لەلایەن شەهید ئارام و شەهید شامیل.
چەندین قوتابی و خویندکار بەشداری شۆڕشیانکردووە و چەندین قوتابی چونە بەرپەتی سێدارە و زۆریشیان تاڵاوی لێدان و گیران و زیندانیان چێشت. چەندین قوتابی نەیانتوانی پڕۆسەی خوێندن تەواوکەن بەهۆکاری بەشداریان لەم ڕێکخستنانە و بەهۆی زیندانی یاخود چونە شاخ، کەئەمانەش هۆکاری ئەوەبوون کە لەخوێندن دورکەوتنەوە.
لە ئەیلولی ساڵی1977 لە گوندی گوڕبازی قەرەداغ ڕۆژنامەی (ئاڵای شۆڕش) ی دەرکرد کەتیایدا خەباتی چینایەتی و نیشتمانی لە دیدگای مارکسیەتەوە شرۆڤەی جیهانی تیاداکردووە.
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە لەساڵانی 1983 وە ڕەوت و ڕێکخستنێکی تایبەت و تاکو ئاستێکیش نهێنی کاریاندەکرد لەناو یەکێتی و درووستبوون بەناوی ئاڵای شۆڕشەوە کە لەوتوێژی ساڵی 1984 وساڵانی دواتر بەئاشکرا دەرکەوتن لە ساڵی1987 ئەمانە پەرتەوازەکران و گیران، یاخود بەزۆرەملێ و ناچاری هاتنەوە و خۆیان دابەدەست ڕژێمەوە.
دەتوانین بڵێم لەناو سەرکردەکانی کۆمەڵە کاک ئارام توانیبووی کاریگەریی پەروەردەیی و فیکری لەسەر هەندێک لە پێشمەرگە و ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە و ئەو کەسانەی لەژیانیاندا چاویان پێکەوتووە بە جێبهێڵێت. کە لەئێستادا 42 ساڵ تێپەڕبووە بەسەر شەهید بوونی بەدەستی جاش و خۆفرۆشی ئەو ساو خانەنشینی پلە باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێستا. لە ڕۆژی 31 کانونی دووەمی ساڵی 1978 لە گوندی تەنگی سەر لەقەرەداغ شەهیدیان کرد.
هەڵبەتە پێش شەهیدبوونی چەند برادەرێکی وەکوو کاک عادل هەلکەوت لە گوندی (گڵەزەردە) سەردانیان کرد بوو تکایان لێکرد بوو کە لەم ناوچەیە نەمێنێتەوە و بگێڕێتەوە سەر سنوور یاخود لەگەڵ ئەمانە بگەڕێتەوە بۆ ناوچەی شارباژێڕ، یاخود ئەوان بمێنەوە لەگەڵیدا، بەڵام ڕەتی کردبۆوە وتبووی دەبێت لەناو خەڵکدا بمێنینەوە و لەم سنوورەش کاربکەین وەکوو سەرکردایەتی. ئێوەش بچن بەلای کارەکانی خۆتان.
دەبینین کۆنگرەی فەڕمی زۆر دواکەوتووە گەر بلێن زۆربەی ئەو کادرانەی بەشداربوون لە درووستبوونی کۆمەڵە تاکو ئەو ساڵە شەهید و زیندانی بوون بەشداری ئەم کۆنگرانە نەبوون. وەکوو ئەوەی لە مانگی ئایاری ساڵی 1981 یەکەمین کۆنفرانس لەمالیمۆس بەبەشداری 185 ئەندام بووە، کەنوێنەری 8000 ئەندام و لایەنگر بووە، کۆنگرەی دووەمی لە ساڵی 1982 لە ناوزەنگ بە بەشداری 232 ئەندام بەستراوە، کۆنگرەی سێیەمی لە ساڵی 1984 لەمێرگەپان بەبەشداری287 ئەندام بەستراوە. ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە لەو سێ کۆنگرەیەدا نەوشیروان مستەفا وەکوو سکرتێری کۆمەڵە هەڵبژێراوەتەوە. ئەوەی من بۆ دەرکەتووە لەبەرێزیان خۆی باوەڕی بەکۆمەڵە نەبووە، بەڵکوو بۆ کۆکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئەو لاوە خوێن گەرمانە بووە کە کۆمەڵە بوون، کۆمەڵە چەندین پەخشنامە و بڵاوکراوەیی هەبووە بەشێوەی نهێنی.
سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، لە کۆنگرەی دووەمی یەکیتی نیشتمانی کوردستان لەدوای ڕاپەڕین بانگەشەی هەڵوەشانەوەی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی ڕاگەیاند لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. بێ گوێدانە خواستی ئەندامان و کادرانی کۆمەڵە.[1]