بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی دامەزراوەی هارڤارد هێلس، خۆشوشتن بە ئاوی سارد کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ هەیە، بەوپێیەی ڕەنگە ببێتە هۆی تووشبوون بە نۆرەدڵێ یان ناڕێکی لێدانی دڵ.
دامەزراوەکە دەڵێت: شۆکبوون بە ئاوی سارد لە کەشی گەرمدا دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی لوولە خوێنەکانی پێست، ئەمەش وادەکات بەرەنگاری هاتن و چوونی خوێن لەناو جەستەدا بکات، لە ئەنجامدا تێکڕای لێدانی دڵ بەرزدەبێتەوە و دڵیش ناتوانێت وەک پێویست خوێن ڕەوانەی هەموو بەشەکانی جەستە بکات.
هارڤارد هێلس لەلێکۆڵینەوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، خۆشووشتن بە ئاوی سارد بەشێوەیەکی ڕێژەیی ڕەنگە گەنجانیش و ئەوانەشی کە تەندرووستییەکی باشیشیان هەیە تووشی جەڵتە بکات.
هەروەک کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا ئاماژەی بە لێکۆڵینەوەیەک کردووە کە دەریدەخات خۆشووشتن بە ئاوی سارد لە کەشی گەرمدا، دەبێتە هۆی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ لای کەسانی گەنج و تەندرووست.
لێکۆڵینەوەکە باسی لەوەکردووە، مەلەکردن و بەکتوپڕی خۆخستنە ناو ئاوی سارد لە کەشی سارددا زیان بە جەستە دەگەیەنێت.
کۆمەڵە ئەمریکییەکە دەڵێت: وەڵامدانەوەی جەستە بۆ شۆکی ئاوی سارد بریتی دەبێت لە خێراکردنی لێدانی دڵ و خێرا هەناسەدان، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی نائاسایبوونی ڕیتمی دڵ و لە هەندێک حاڵەتدا تووشبوون بە مردنی کتوپڕ. [1]