مۆڕفۆلۆژیی (وشەسازیی) ، لێکسیکۆلۆژیی (زانستی وشە – وشەناسیی) .
ئارام ئیسماعیل کەریم
خوێندکاری بەشی زمانی کوردیی زانکۆی هەڵەبجە کۆلێژی پەروەردەی شارەزوور.
-مۆڕفۆلۆژیی چییە ؟
-ئەرکی چییە ؟
-لێکسیکۆلۆژیی چییە ؟
-ئەرکی چییە ؟
-سنووری لێکۆڵینەوەیان.
$مۆرفۆلۆژیی$: زانستی وشەسازیی لەو زانستانەیە کە تیۆرەکانی ناتواندرێت بە تەواوی پیادە بکرێت لە هیچ زمانێکدا ئەگەر بێت و سەیری لێکۆڵینەوە مۆرفۆلۆژییەکان بکەین بە زەقی هەست بەکێشەکان و جیاوازی بۆچونی نووسەرەکان دەکەین، بەڕادەیەک ئەم جیاوازی بۆچوونانە بۆتە کێشە بۆ فێرخوازانی زانکۆ، کە خۆیان لەنێو دوو ڕییانێک دەبینەوە زۆر جار ناچاردەبن چ بەڕاست و چ بەچەوت خۆیان بەلایەکدا ساغبکەنەوە بەپێی بەرژەوەندی خودی نەک زانستی، مۆڕفۆلۆژی لقێکی ڕێزمانە و یەکێکە لە لێکۆڵینەوە زمانەوانییە وەسفییەکان و لەگەڵ پەیدابوونی قوتابخانەی ڕۆنان کاری سەری هەڵدا، لەم زانستەدا جەخت لەسەر ڕواڵەتی مۆڕف و وشە دەکرێت، کەواتە مۆرفۆلوژیی بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە بارەی وشەوە لە ڕووی پێکهاتن و گۆڕانەوە.
مۆڕفۆلۆژیی چەند ئەرکێکی هەیە کە بریتین لە:
1-دەستنیشانکردنی کەرستە خاوەکان، واتە پێکهاتەکانی مۆڕفۆلۆژیی.
2-دەستنیشانکردنی مۆڕفەکان، واتە بەستنەوەی فۆنۆلۆژیی بە مۆڕفۆلۆژیی.
3-چۆنییەتی ڕیزبوونی مۆڕفێمەکان لە سنووری ڕستە و گرێ.
$لێکسیکۆلۆژیی$: یەکێکە لەو زانستانەی کە لە زمانی کوردییدا کەمی لێکۆڵدراوەتەوە، ئەم زانستە ناتواندرێت فەرامۆشبکرێت لە لێکۆڵینەوە زمانەوانییەکاندا و هەنگاوێکی گرنکە بۆ دانانی فەرهەنگ، لێکسیکۆلۆژیی زمانی کوردیی یاسای وتووێژی ئەمڕۆ و دوێنێ و شێوەی پەیدابوون و پێشکەوتن و گەشەکردنی زمانەکەمان و پەیوەندی لەگەڵ مێژوی گەلی کوردمان بۆ دەردەخات و ڕوون دەکاتەوە. لێکسیکۆلۆژی وەک زانستێکی زمان گرنگی بە وشە دەدات لەڕووی داڕشتن و گەشە و گۆڕانی واتا و فرە واتا و هاوبێژەکانی.
$ئەرکی لێکسیکۆلۆژیی لێکۆڵینەوەیە لە وشەکانی زمان لەڕووی$:
1-واتا.
2-شوێنیان لە یاسای گشتی زماندا.
3-پەیدابوونی.
4-بەکارهێنانی.
5-دەرفەتی جێکردنەوەیان لە ئاخاوتن.
$سنووری لێکۆڵینەوەیان$:
کاکڵ و کەرستەی لێکۆڵینەوەی لێکسیکۆلۆژیی بەر لە هەمووشتێک وشەیە، وەک ئاشکرایە مۆڕفۆلۆژییش هەر لە وشە دەدوێت، کەواتە وشە دانەیەکی هاوبەشی مۆڕفۆلۆژیی و لێکسیکۆلۆژییە بەڵام سنووری لێکۆڵینەوەیان جیایە، چونکە مۆڕفۆلۆژیی وشە دەکاتە هۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە دەستوور و ڕێزمان بەڵام لە لێکسیکۆلۆژییدا کاری پێویست و گرنگ زانین و ناسینی وشە و وشەکانی زمانە لێرەدا دەتوانین بڵێین مۆرفۆلۆژیی گرنگی بە ڕوخسار دەدات، بەڵام لێکسیکۆلۆژیی گرنگی بە ناوەرۆک (واتا) دەدات.
بە وێنە ئەگەر لە باری مۆڕفۆلۆژیی و لێکسیکۆلۆژییەوە تەماشای وشەی (عەشق) بکەین و وردبینەوە، دەبینین ئەوەی بۆ مۆڕفۆلۆژیی گرنگ بێت ئەوەیە کە ئەم وشەیە (ناوە، ناوێکی ئەبستراکییە) . بەڵام بۆ لێکسیکۆلۆژیی ئەوە گرنگە کە (عەشق) وشەیەکە لە مێژە کورد لە زمانی عەرەبییەوە وەریگرتووە، ئەم وشەیە لەگەڵ وشەکانی (دڵداری-ئەڤین-ئەوین) هاوواتایە، نموونەیەکی تر ئەگەر وشەی (پاک) وەربگرین ئەوەی بەلای مۆڕفۆلۆژییەوە گرنگە ئەوەیە کە ئەم وشەیە ئاوەڵناوی سادەیە لە پلەی بەراورد دەبێتە (پاکتر) و لە پلەی باڵا دەبێتە (پاکترین) بەڵام ئەوەی بەلای لێکسیکۆلۆژییەوە گرنگە ئەوەیە ئەم وشەیە لەگەڵ وشەی (پاقژ) هاوواتایە، کەواتە ئەوەی ئەم دووبابەتە بە یەکەوە دەبەستێتەوە ئەوەیە کە کەرستەی لێکۆڵینەوەی هەردووکیان وشەیە، ئەوەی لە یەکیشیان جیادەکاتەوە گەڕانە بەدوای بنج و بنەوانی وشەکە و واتا و چۆنیەتی پەیدابوون و بەکارهێنانیەتی.
$سەرچاوەکان$:
1-لێکسیکۆلۆجی، د.عەبدولواحید موشیر دزەیی، چاپی یەکەم (2011) هەولێر.
2-لێکسیکۆلۆژی زمانی کوردی، د.ئەوڕەحمانی حاجی مارف، بەغدا (1974) .
3-وشەسازی زمانی کوردی، پ.ی.د عەبدولواحید موشیر دزەیی، چاپی دووەم (2013) .
4-ڕێزمانی کوردی، د.ئەوڕەحمانی حاجی مارف، بەرگی یەکەم (وشەسازی) بەشی یەکەم (ناو) .
5-محەمەد عەلی الخولی (1991) معجم علم اللغە النزری، (انکلیزی-عربی) بیروت، لوبنان.
6-کامیل حەسەن بەسیر (1979) زاراوەی کوردی، لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن، بڵاوکراوەکانی زانکۆی سلێمانی.
7-ئەوڕەحمانی حاجی مارف (1975) وشەی زمانی کوردی، بەغدا. [1]